بەكر كەریم حەسەن
سەركردەی سەربازی و پادشای مەكدۆنیای كۆن ئەسكەندەری مەكدۆنی دەلێ” لە بیرتان بێت ، چارەنووسی هەمووتان دیاری دەكرێ لە سەر بنچینەی هەڵسوكەوتی هەر یەكێكتان .”
گومانی تێدانییە كەوا تاكەكانن كۆمەڵگە پێك دەهێنن و دواتریش نیشتمان پێك دێت، بەدڵنیایی هەڵسوكەوت و رەفتاری كەسەكان راستەوخۆ رەنگدەداتەوە لە سەر هەڵسەنگاندن ودیاری كردنی كۆی پرسەكانی كۆمەڵگە، نموونە یەكجار زۆرن لە سەر ژیانی رۆژانەدا لەسەر دەرخستنی ئەو رستەیەی سەرەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە پێویستە كار لەسەر چاككردن وباش كردن و بەرەوپێشبردنی رەفتارو هەڵسوكەوتی تاكەكان خۆڕۆشنبیركردن وفێركردنیان بكرێت، چونكە بنیاتنانی مرۆڤ سەرەتا بەپەروەردە كردن وفێركردن دەست پێ دەكات، بۆیە یەكێك لە بنەما سەرەتاكانی بنیاتنانی مرۆڤ بریتییە لە نەهێشتنی نەخوێندەواری لە نێوان كۆمەڵگە بەگشتی و تاك بە تایبەتی، ئەگەر سەرەتا لەسەر ئاستی جیهان تەماشا بكەین دەبینین تا ئێستا زۆرێك لە ووڵاتانی جیهان لە رۆژهەڵاتی زەوی تا رۆژئاوا لە هەوڵدانی بەردەوام دان بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری كە خوێندن و فێركردن مافی سروشتی هەر تاكێكە لە بچووك و گەورە، وە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەروەدە و زانست و رۆشنبیری یونسكۆ بە دروشمی رۆژی جیهانی نەهێشتنی نەخوێندەواری كە لە 8/9/2018كە رۆژی جیهانی نەهێشتنی نەخوێندەوارییە دەلێ نەهێشتنی نەخوێندەواری بەردی بناغەی بنیاتنانی مرۆڤ و پەرەپێدانە، دەلێ زیاتر لە 750حەفت سەدو پەنجا ملیۆن كەس نەخوێندەوارن لەسەرتاسەری جیهان كە دوو بەشی لە ئافرەتانن و بەشێكی لە پیاو بوون، هەروەها لەسەرەتای نۆهەدەكان دەزگای باربارا بۆش بۆنەهێشتنی نەخوێندەواری خێزانی لەلایەن باربارای خێزانی بۆشی باوك كە سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بوو دامەزرابوو، نەهێشتنی نەخوێندەواری لە ناو خێزانەكان لە سەر ئاستی جیهان بە هاوكاری و پاڵپشتی چەندەها كۆمپانیا و دەزگای ئەمریكی كە یارمەتیدەربوون بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری زیاتر لە 750حەفت سەدوپەنجا ملیۆن نەخوێندەوار لەسەر ئاستی جیهان، جێگای ئاماژەیە كە كۆریای باشور بەرزترین رێژەی فێركردنی هەیە لە جیهان كە رێژەكەی 100%? وە ژاپۆن كەمترین رێژەی نەخوێندەواری هەیە لە جیهان و لە ووڵاتە عەرەبیەكانیش كەمترین رێژەی نەخوێندەواری لە فەلەستین و بەحرەین و كوەیتهەیە، بەرزترین رێژەش لە مۆریتانیا و یەمەن و مەغریب ومیسر و سودان هەیە عێراقیش بە زنجیرەی شەشەم ووڵاتانی عەرەبی دێت، رێژەی نەخوێندەواری 20% دێت بە پێی ئاماری یونسكۆ لە ساڵی 2016.
سەبارەت بە هەرێمی كوردستانیش رێژەیەكی جێگر و وورد نییە لە هەندێ سەرچاوە 18% و لە هەندێكی تر 15% 16% 21% دێت واتە رێژەیەكی باوەپێكراو پەسند كراو نییە، ماوەتەوە بلێم گرنگە وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان پلانێكی وورد و دیراسەكراوی هەبێت بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری داوا لە رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان لە بواری پەروەردە و فێركردن بكات و پرۆژەیان بداتێ بۆ راگەیاندنی هەڵمەتی نەهێشتنی نەخوێندەواری بەتایبەت دەتواندرێ سوود لەو دەرچووی ئەو كولێژانە ببینرێ كە تائێستا دانەمەزراون لە گوند و شارۆچكەكان نیشتەجێن و قوتابخانە هەیە و دەكرێ لە دەوامی ئێواران وشەوان وەكو پێشان بە چڕی كاری لەسەر بكرێت و بكرێتە پرۆژەی وەزارەتی پەروەردە بۆ بنیاتنانی مرۆڤی كوردستانی لە نەهێشتنی نەخوێندەواری دەست پێ بكەین و كە بەرپرسیاریەتی راستەوخۆی وەزارەتی پەروەردەیە و هەمیش ئەركە لەسەر بەرپرسانی وەزارەت ولە هەمان كاتیش ئەمانەت وبەرپرسیاریەتییە بە خوێندەوار كردن و فێركردن وبنیاتنانی مرۆڤ و كۆمەڵگەی كوردستانی.
❊ بەرێوەبەری گشتی چاڵاكی وەرزش و هونەر









