خهبات: عەلی بانیشاری
رێكخراوەكانی قوتابیان لە باشووری كوردستان لە رێگەی پەرلەمانی كوردستان و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی داراییەوە كار لەسەر گەڕانەوەی دەرماڵەی قوتابیانی زانكۆ و پەیمانگاكان دەكەن كە ماوەی نزیكەی پێنج ساڵە بەهۆی قەیرانی داراییەوە بڕدراوە و تائێستا نەگەڕاوەتەوە. لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش فشارەكان بۆ هەمان مەبەست چڕكراونەتەوە. تائێستا دیارنییە كە ئایا دەرماڵە دەگەڕێتەوە یاخود نا. قوتابیان گەڕاندنەوەی دەرماڵە بە پێویست دەزانن و دەڵێن: ئەگەر دەرماڵە بدرێت ئەو قورساییە مادییەی لەسەر خێزانی هەر قوتابییەك هەیە كەم دەبێتەوە.
لەلایەن خۆیشەوە د.یوسف گۆران دەڵێ” گەڕاندنەوەی دەرماڵە پەیوەندی بە وەزارەتی خوێندنی باڵاوە نییە”. سكرتێری یەكێتی قوتابیانی كوردستانیش دەڵێ” گەڕانەوەی دەرماڵەی قوتابیان پەیوەستە بە ناردنی بودجە لەلایەن بەغداوە”.
ئامانج رەسول، قوتابی لە پەیمانگای تەكنیكی هەولێر دەڵێ” بوونی دەرماڵە هاوكارییەكی باشە بۆ ئەوەی قوتابی داوای خەرجی كەمتر لە ماڵەوە بكات”. دەشڵێت” ئەو پارەیەی ساڵانی رابردوو لەلایەن وەزارەتی داراییەوە دەدرا بە قوتابی زۆر دڵی پێیخۆش بوو، چونكە شوێنی دەگرێت و بەشێك لە پێداویستەكانی بۆ قوتابی پڕ دەكردەوە”. ئامانج بۆ خەبات گوتیشی” قوتابی زانكۆ یان پەیمانگا هێندەی مووچەیەكی 500 هەزاری دڵی بە دەرماڵە خۆش بوو”. پێشی وایە بڕینی دەرماڵە زیانی لە قوتابی داوە و قوتابیان بەو هۆیەوە نیگەران بوون. ئەو قوتابییە داواشدەكات ساڵی داهاتوو دەرماڵەی قوتابیان بگەڕێندرێتەوە.
رۆژگار ئەكرەم قوتابی لە كۆلێژی ئاداب دەڵێت: ئەو دەرماڵەیە ئەگەرچی زۆر كەمیش بوو، بەڵام باشتر بوو لە هیچ، وەزیر و وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاگایان لەوە نییە قوتابی چۆن دەژی و كێ خەرجییەكانیان دابین دەكات.
ئەو كچە قوتابییە دەشڵێت: قوتابی هەیە بە مانگ و دوو مانگ ناتوانێت لە بەشە ناوخۆییەكەی بڕواتەوە ماڵەوە لەبەر بێ پارەیی، سەیرێكی بەشە ناوخۆییەكان بكەن زۆرترین زبڵ و خاشاكی قوتابی نایلۆن و قوتووی ئەندۆمییە، رۆژێك بەرپرسێك بیری لەوە كردۆتەوە ئەندۆمی خواردن ناچارییە و خواردنی سەرەكی مرۆڤ نییە.؟
ئەحمەد نەوزاد، قوتابی كۆلێژی ئاداب لە زانكۆی سەلاحەدین دەڵێت: بەهۆی نەبوونی دەرماڵەوە ئێستا قوتابی قورساییەكی زیاتری خستووەتە ئەستۆی خێزانەكەی، چونكە 40 هەزار بۆ قوتابی ناوشار و 60 هەزاریش بۆ قوتابی دەرەوەی شار دەتوانێت بەشێك لە پێداویستەكانی قوتابی پڕ بكاتەوە”.
ئەحمەد ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات رۆژانە لە زانكۆ باس باسی گەڕاندنەوەی دەرماڵە. ناوبراو بۆ خەبات دەشڵێت” زۆربەی قوتابیان هێشتا چاویان لەوەیە دەرماڵە بگەڕێتەوە، چونكە بەشێكی زۆر ئەو قوتابیانەی لە زانكۆ حكوومییەكان دەخوێنن لە خێزانێكی هەژارەوە هاتوون و بۆ ئەوان دەرماڵەیەكی 40 یان 60 هەزاری كەم نییە”.
د.یوسف گۆران، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكوومەتی هەرێم لە لێدوانێكیدا بەخەباتی راگەیاند: گەڕانەوەی دەرماڵەی قوتابیانی زانكۆ و پەیمانگاكان پەیوەندی بە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەیە، نەك وەزارەتی خوێندنی باڵا. گوتیشی: هەموو هەوڵێك دەدرێت تا دەرماڵە بگەڕێتەوە.
نێچیرڤان حسین كەلاری، سكرتێری یەكێتی قوتابیانی كوردستان بە خەباتی گوت: رێكخراوەكەمان توێژینەوەی لەسەر بابەتی دەرماڵەی قوتابیان كردووە و بۆ هەمان مەبەستیش راپرسی لە نێو قوتابیاندا ئەنجامداوە كە ئایا دەرماڵە وەكو رابردوو بێت یان بكرێتە میكانیزمێكی دیكە، توێژینەوەكە لە قۆناغی كۆتایدایە.
سەبارەت بە هەوڵەكانیان بۆ گەڕانەوەی دەرماڵە ناوبراو گوتی: لەگەڵ وەزارەتی دارایی بۆ گەڕاندنەوەی دەرماڵە قسمان كردووە و لە رێگەی راگەیاندنیشەوە فشارمان دروستكردووە. گوتیشی” بۆچوونی خۆمان و هی رێكخراوە قوتابی و خوێندكارییەكانی دیكەشمان گەیاندووەتە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و ئەم بابەتە لە ژێر دیراسەدا و چاوەڕوانین ئەوەین بزانین بودجە چی لێدێت ئەگەر بودجە لە بەغداوە بێت ئەو راستەوخۆ حكوومەتی هەرێم بۆ گەڕاندنەوەی دەرماڵەی قوتابیانی زانكۆ و پەیمانگاكان بڕیار دەردەكات.









