خهبات: هێمن ئاری
دۆمبەڵان بەرهەمێكی خۆڕسكە، لە ناوچە جیاوازەكان دروست دەبێت، هەبوون و نەبوونی ئەم بەرهەمە پەیوەستە بە زۆری و كەمی رێژەی باران بارین و هەورە تریشقەوە، بە شێوەیەكی گشتی چەندین جۆری هەیە، هەم لە ڕووی ڕەنگ و تام و چێژەوە، هەمیش لە ڕووی قەبارەوە.نرخەكەشی پەیوەستە بە قەبارەو ئەو شوێنەی لێی بەرهەم دێت، لەبەرئەوەی دۆمبەڵانی هێندێ شوێن و ناوچە لماوییە. بە تایبەتیش ناوچەكانی خوارووی عێراق و شەنگال و چەند شوێنێكی دیكە.
ئەمساڵ زۆر بوو
ئەمساڵ بەهۆی رێژەی باران بارینی زۆرەوە بازاڕەكانی كوردستان پڕبوون لە دۆمبەڵان بە هەموو جۆرەكانییەوە. بەهۆی زۆرییەكەشیەوە بە بەراوورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو نرخەكەشی زۆر هەرزانتربوو، بەڵام ئەوەی لە بازاڕەكەدا دەبینرێت دۆمبەڵانی پارێزگاكانی خواروو ناوەڕاستی عێراق زۆر زیاترە بە بەراوورد لەگەڵ دۆمبەڵانی ناوچەكانی خۆمان كە نرخەكەشی هەرزانترە، زۆرێك لەوانەی حەز بە دۆمبەڵان دەكەن ، پێیانوایە خواردنی لە هەموو شتێكی خۆشترە، تەنانەت هەندێ كەس لە گۆشتی بەرخ خۆشتری دادەنێن و بە گۆشتی بێ ئێسقان ناوی دەبەن.
وەرزی بەهار
زۆرێك لەوانەی حەزیان بە دۆمبەڵانەو لە وەرزی بەهاردا دەچن بۆ كردنی دەڵێن: دەبێت ئەو كەسە شارەزایی هەبێت لە بینینەوە و شوێنی خاكەكە، چونكی هەموو كەس ناتوانێت بە ئاسانی لە ژێر زەویدا بیدۆزێتەوە ئەگەر شارەزایی نەبێت ،دۆمبەڵان لەلایەن بەشێكی زۆر لە كڕیاران و ئەوانەی حەز بە خواردنی دەكەن، ئاماژە بەوە دەكەن جیا لەوەی خواردنێكی بەچێژە، بۆ چارەسەری نەخۆشی و تەندروستی مرۆڤ بە سوودە، بەتایبەتیش بۆ چاو.
تەندروستی مرۆڤ
هەر چەند تا ئێستا لە ڕووی پسپۆڕییەوە بۆ نەخۆشییەكانی چاو هیچ دەرمانێك لە دۆمبەڵان دروستنەكراوە و لە ڕووی زانستییەوە تاقیكردنەوەی لەسەر نەكراوە. بەڵام لەم دواییە لەلایەن چەند پزیشكێكی سروشتی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكرایەوە، دوای هەڵكۆڵین و پاككردنەوەو برژاندنی لەسەر ئاگر، ئاوێكی لێهەڵدەڵێنجن و لە ڕێگەی سەرنج و دەرزییەوە لە چاوی ئەو كەسانە دەكات كە نەخۆشی چاویان هەیە. پسپۆڕانی دەرمانخانە گیاییەكانیش پێیانوایە ئەگەر دۆمبەڵانەكە كۆن بێت، ئاوا ئاوەكەی بكەیتە چاوی هەر كەسێك بە ناوی چارەسەر زیانی زیاترە لە سوود، چونكی ئاوەكەی زۆر تیژەو تووشی كێشەی چاوی دەكات.لەگەڵ ئەوەی زۆرێك پێیانوایە دۆمبەڵان، بۆ چاو تاقیكردنەوەی لەسەر نەكراوە لە ڕووی پسپۆرییەوە، هەندێكیش دەڵێن : دۆمبەڵان چەندین ڤیتامین لەخۆ دەگرێت، سوودی زۆرە ، لە 77%ی ئاوە ، 32 %ی پڕۆتین و كاربۆهیدرات و چەوری و ریشاڵەكان و ترشە چەورییەكانە.
دۆمبەڵان 17 جۆر ترشە چەوری تێدایەو ئاوەكەشی توانای كەمكردنەوەی دروستبوونی لیمفەخانەكان لە چاو هەیە كە دەبێتە مایەی لێڵ بینی و تاریكبوونی كۆڕنیەی چاو، هەروەها ئاوەكەی توانای هاوسەنگكردنی كاریگەری كیمیایی ژەهرەكانی تەراخوما لە چاودا ،بەڵام پزیشكانی چاو، وای بۆ دەچن ڕەنگە سوودەكەی بۆ خواردن بووبێت، بەو شێوەیە دۆمەڵان شیفا بێت بۆ چاو.









