خهبات: كەیفی ئەحمەد
دامودەزگا و ناوەندەكانی زانست و خوێندن ، هەر لە قۆناغی باخچەی ساوایان و سەرەتایی و ناوەندی تا بە خوێندنی باڵا دەگات ، نابێت هەموو هەوڵ چاڵاكییەكانیان بەتەنها لەوانە و خوێندنی زانستە رووتەكاندا كورت بكەنەوە و بوارەكانی دیكەی ئەدەب و هونەر و كلتوور و بابەتەكانی كۆمەڵایەتی فەرامۆش بكەن، چونكە لەلایەك كەسانێكی دوور لە ژیانی واقیعیی و بەریەكەوتوو لەگەڵ ئەو بوارانەی كە دەتوانن كادیری كراوەتر و شارەزاتر بەرهەم بێنن دروستدەكەن، لەلایەكی دیكە ئەگەر ئاوڕ لەو بوارانە نەدرێتەوە ئەوا قوتابی كەمتر چێژ و خۆشی لە بابەتە زانستییەكان وەردەگرێت و زیاتر ماندوو و هیلاك دەبێت و زیاتر رووبەڕووی بێزاریی و كەئابە دەبێتەوە، بۆیە بۆ چارەسەركردنی هەموو ئەوانە دەبێت دەرگا بەڕووی چالاكییە هونەریی و ئەدەبیی و كەلتوورییەكاندا بكرێتەوە و كەشێكی خۆش و پڕچێژ و پڕ زانست بە هاوتەریبی یەكدی لەنێو ئەو ناوەندانە دروستبكەن، لەو روانگەیەوە پەیمانگەی كۆیەی ناحكومی بۆ زانستەكانی كۆمیوتەر ساڵانە چەندین چالاكی ئەدەبی و هونەریی و كلتووری لەنێویشیاندا فیستڤاڵی ساڵانە خۆی، كە فیستڤاڵێكی هەمەلایەن و رێخۆشكەرە بۆ خستەنەڕوو و بەدیاركەوتنی تواناكانی قوتابیانی داهێنەر لە بوارەكەی خۆی و بوارەكانی دیكەدا سازدەكات، ئەم ساڵیش لە 21/4/2019 فیستڤاڵی پێنجەمی ئەنجامدا، كە سەرەتا بە نمایشكردنی شانۆیی عەریزەنووس لەلایەن گروپی شانۆ بۆ شانۆی شەقام پێشكەشكرا، نواندنی د.كەیفی ئەحمەد و فەرەیدون حەمەدەمین دەرهێنانی هونەر تاهیر، پاشان لەلایەن سەنتەری گەنجان و بەسەرپەرشتی سەفین عەبدولڕەزاق چەند گۆرانییەكی تاك و كۆرس پێشكەشكران، دوای ئەوە بەرهەمی خوێندكارانی پەیمانگە خرانەڕوو، كە خۆی لە 25 بەرهەمی داهێنەرانەی تازەگەریی دەنواند و بوونە جیی سەرنجی ئامادەبووان، پاشان پێشانگای شێوەكاری هەردوو هونەرمەند پەرژین جەلال و شیاو سەرتیپ كرایەوە، كە لەچەندین تابلۆی قەبارە جیاواز و ستایلی جیاواز پێكهاتبوو، دوای ئەوە نمایشی خواردنە كلتووریی و كوردەوارییەكان كە لەلایەن خانمانەوە ئامادەكرابوون كرایەوە، چالاكییەكی دیكە پێشكەشكردنی چەند تابلۆیەكی هەڵپەڕكێ بوو لەلایەن گروپی رۆژهەلاتەوە، دوای ئەوە لە كۆتایی چالاكییەكاندا لەلایەن بەڕێوەبەری پەیمانگا مامۆستا هەڵگورد كەیفی بروانامە و سوپاسنامە بەسەر ئەو كەسانەدا دابەشكرا كە رۆڵیان لە چالاكییەكانی فیستڤاڵ و رەوتی بەرەوپێشچوونی پەیمانگەدا هەبووە، شایانی باسە فیستڤاڵەكە لە كاتژمێر 10ی بەیانی تا 6 ئێوارە لە هۆڵی ئەتاسا بەردەوامی هەبوو.









