خەبات : حەمە ئەحمەد جاف
یەكێك لە ئەندامانی ماڵی كتێب بە ڕۆژنامەكەمانی ڕاگەیاند: ڕۆژی چوارشەممە 2019/4/10، كۆمەڵێك لە نووسەران و ڕۆشنبیران، وەك یەكەم دەستەی دامەزرێنەر، كە بریتیبوون لە:بێكەس حەمەقادر ـ نیازی حەمەعەزیز ـ ئازا حەسیب قەرەداغی ـ زاناخەلیل ـ شۆڕش غەفوری ـ بژار حەكیم ـ حەمە ئەحمەد جاف ـ محەمەد قادر ـ ئەسكەندەر زرار یەكەمین كۆبوونەوەی دامەزراندنی خۆی لە هەولێری پایتەخت سازكرد. لەو كۆبوونەوەیەدا، دەستەیەك لە نووسەرانی خۆبەخش ماڵی كتێب دامەزرا.
ئامانجی ئەم ماڵە چاپكردن و بڵاوكردنەوەی كتێبی ئەدەبی و ڕۆشنبیریی و هونەرییە، لەسەر ئەركی دارایی ئەندامانی خۆبەخشی بەشدار بووی ماڵ. واتا ئەو نووسەرو ڕۆشنبیرانەی دەبنە ئەندامی ماڵی كتێب مانگانە بە بڕێك هاوكاری وەك ئابوونە كە لە 10 هەزار دینار كەمتر نەبێ بەشداری دەكەن و پرۆسەكە بەردەوام دەبێ. تاكو ئێستا زیاتر لە 50 پەنجا نووسەرو ڕۆشنبیر ئامادەیی و هاوكاری و بەشداربوونیان دەربڕیوە . چەند بەڕێزێكیش لەم دەستەیە ئەركی خۆبەخشانەی ئیدارە و دیزاینی مۆدێرن و هەڵەچن وزمانەوانی و سەرپەرشتی چاپیان گرتۆتە ئەستۆ. بڕیاروایە مانگی كتێبێك یان دوو كتێب بخرێتە بەردەست و بیرۆكەش هەیە هەر لەم ماڵ ەوە رۆژنامەیەكی ئەدەبیش بڵاوبكرێتەوە. تێبینی: بڕیار وایە، نۆبەرەكتێبی چاپكراوی ئەو ماڵە ، كۆمەڵە شیعرێكی ئەندامانی ماڵ بێت.









