خهبات: بەرهەم شێخ عزەدین
خاتوو “ڤیدا ساڵحی” سیناریۆنووسی فیلمی سینەمایی “گوڵ نیسا” خەڵاتی باشترین سیناریۆ و “سەتار چەمەنی گوڵ”، خەڵاتی باشترین دەرهێنانی خەڵاتی ساڵانەی سینەماییەكانی “دارالسلام” ناسراو بە ئۆسكاری ئەفریقایان بەدەستهێنا.
فیلمی سینەمایی “گوڵ نیسا” یەكەمین فیلمی بڵندی سینەماكاری كورد “سەتار چەمەنی گوڵ” و لە نووسینی سیناریۆی سینەماكاری كورد “ڤیدا ساڵحی”، بە بەڕێوەبەرایەتی وێنەگرتنی “محەمەد فەكووری” و بە ڕۆڵ بینینی سەعید داخ، عەلی محەمەد ڕادمەنێش، یەگانە رەجەبی، ساقی زینەتی، مەسعوود محەمەدی، ویدا عەموویی، لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە دووهەمین خولی خەڵاتی ساڵانەی سینەماییەكانی “دارالسلام” ناسراو بە ئۆسكاری ئەفریقا بەشداریی كرد و دوو خەڵاتی سەرەكی ئەم ڕووداوە سینەماییە لەوانە: خەڵاتی باشترین سیناریۆی بەشی نێودەوڵەتی بۆ خاتوو “ڤیدا ساڵحی” و هەروەها خەڵاتی باشترین دەرهێنانی بۆ “سەتار چەمەنی گوڵ”ی بەدەستهێنا.
ڕێوڕەسمی پێشكەش كردنی خەڵاتەكانی دووهەمین خولی خەڵاتی ساڵانەی سینەماییەكانی “دارالسلام” ناسراو بە ئۆسكاری ئەفریقا لە ناوەندی كەلتوور و هونەری شاری میلیمانی لە پارێزگای دارالسلام لە وڵاتی تانزانیا بەڕێوەچوو و خەڵاتی ساڵانەی خۆی پێشكەش بە براوەكانی بەشە جۆراوجۆرەكان كرد. فیلمی سینەمایی “گوڵ نیسا” ئەمساڵ لەم ڕووداوە سینەماییەدا بەشداریی كرد و لە سێ بەشی باشترین سیناریۆ “ڤیدا ساڵحی”، بەشی باشترین بەڕێوەبەریی فیلمهەڵگرتن “محەمەد فەكووری” و بەشی باشترین دەرهێنان “سەتار چەمەنی گوڵ” كاندیدی وەرگرتنی خەڵات بوو كە لە كۆتاییدا لە بەشەكانی باشترین سیناریۆ و باشترین دەرهێناندا خەڵاتی ساڵانەی ئۆسكاری ئەفریقا بەدەستهێنا.
شایەنی باسە ئەمساڵ لە بەشی نێودەوڵەتی ئەم ڕووداوە سینەماییەدا 31 فیلمی بڵندی سینەمایی لە 19 وڵاتی جیهان وەرگیران كە بە ماوەی دوو مانگ نمایشكران و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانەوە هەڵسەنگێندران. “گوڵ نیسا” بە بەشداریی لەم فێستیڤاڵانە 11 خەڵاتی جیهانی لە بەشەكانی باشترین فیلم، باشترین دەرهێنان، باشترین بەڕێوەبەریی وێنەگرتن، باشترین ئەكتەری پیاو و باشترین ئەكتەری كچی بەدەستهێناوە و هەروەها لە چەندین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمیش كاندیدی باشترین سیناریۆ بووە.









