خهبات: هاوار مورتكەیی
دوای ئەوەی یانەی یۆڤینتۆس لە یاریی گەڕانەوەیاندا لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەورووپا نەیانتوانی بەربەستی یانەی ئەیاكس ئەمستردام بەرابەرایەتی دی لیخت ببڕن و بگەنە یاری پێش كۆتایی، دەنگی توڕەیی و بێزاری لەو یانە سەری هەڵدا، لەسەرووی هەموویانەوە توڕەیی كریستیانۆ رۆناڵدۆ كە بەم دواییە رووی كردە ئەو یانەیە.
یۆڤینتۆس بەو ئامانجە رۆنالدۆی بردە ریزەكانی بۆ ئەوەی بۆ جاۆی سێیەم لەمێژوویدا بتوانی ئەو نازناوە ئەورووپییە بەدەست بهینێتەوە كە پێشتر لە ساڵەكانی 1985 و 1996 بەدەستی هێنابوو، بەڵام خەونەكانیان لەسەر دەستی ئەیاكس ئەمستردام لە گۆڕنرا و یانەی یۆڤی دەیەوێ لە ئێستاوه ریزەكانی پتەو بكاتەوە بۆ ئەوەی ئەمجارە بتوانێت بگاتە یاریی كۆتایی خولی یانەپاڵەوانەكانی ئەورووپای 2020 كە لە ئیستەنبۆل بەڕێوەدەچێت.
دوای ئەو دەرچوونەی یۆڤی، میدیا وەرزشییەكانی ئەو وڵاتە هەریەك لەلای خۆیەوە بەراپۆرت و لێدوانی جیاجیا ئەو پرسەیان زیاتر گەرم كردووە، رۆژنامەی توتۆ سپۆرتی ئیتاڵی بڵاوی كردەوە كە ئەو یانەیە دەیەویت گۆڕانكاری لە هەموو شوێنەكاندا بكات، راپۆرتە میدیاییەكان باس لەوە دەكەن كە رۆنالدۆ دوای یارییەكە زۆر توڕەبووە و داوای كردووە تیپەكە ژمارەیەك یاریزان بگۆڕێت.
یانەی یۆڤینتۆس دەیەوێ گۆڕانكاری گەورە ئەنجام بدات و خۆی بۆ پاڵەوانێتی ساڵی 2020 ئامادە بكات، دیبالاش دیارترین ئەو یاریزانانەیە كە یۆڤی دەستبەرداری دەبێت، ئەویش بەمەبەستی كۆكردنەوەی پارە لەپێناو كڕینی چەند یاریزانێك، لەنێویاندا محەمەد سەڵاح و ئیكاردی و كیزا و فلیكس.









