خهبات: ڕۆشنا عەلی
كاری دەستی قوتابی ئەگەر باشیش نەبێت بەرهەمی پەروەرەدیەو چ لەڕووی مەعنەوی چ بۆ خودی قوتابییەكەو چ بۆ مامۆستاو چ بۆكۆی سیستەمی پەروەردە بەبەرهەم دادەنرێت بۆیە گرنگی پێدان بە قوتابخانەی پیشەیی گرنگیدانە بە و هەوڵ و ماندوو بوونەی قوتابی كە دەیەوێت لە ڕێگای خوێندنەكەیەوە پیشە گەر بێت ، قوتابخانە پیشەییەكان ساڵانە پێشانگای تایبەت بە كاری دەستی قوتابیان و مامۆستایان دەكاتەوە و ئەمساڵیش لە 15-4-2019 سی و پێنجەمین پێشانگای ساڵانەی خۆی لە هۆڵی كۆچێرای بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانە پیشەییەكان كردەوە ، بەڵام زۆرێك لە مامۆستایان لە شوێنی پێشانگاكە ناڕازیبوون و پێشییان وابوو كە ئەم شوێنە هۆكاری كەم كڕیاری پێشانگاكەیان بووە لاپەرەی پەروەردە ڕێپۆرتاژێكی لە هۆڵی كۆچێرا ئامادەكرد.
لێپرسراوی پەروەردەی پیشەیی بۆخەبات ئاماژەی بەوەدا كە ئەوان 14 قوتابخانەی پیشەییان لە ناوەندی هەولێر هەیە و هەموو قوتابخانەكانیش بەشداری پێشانگاكە بوون قادر حوسێن ئیبراهیم لێپرسراوی پەروەردەی پیشەیی لە گەلەری كۆچێرا بۆ خەبات وتی: ئێمە سالانە پپێشانگای پیشەیی دەكەینەوە ئەم پێشانگایە سی و پێنجەمین پێشانگایە مامۆستایان بەشدار بوون بەبەرهەمی خۆیان بێگومان لێرە مامۆستایان كاری هونەری زۆر نایاب دەكەن. لە هەولێر چواردە قوتابخانەمان هەیە كوران و كچان یەك قوتابخانەی دەشتی هەولێریش بەشداربوون، قوتابخانەكانی كچان ئیشی سیرامیكی سارد و وێنەی ئەندازەیی و گوڵ و كارەبا و دروومان وكاری دەستی دیكە دەكەن ، قوتابخانەكانی كوران كاری كانزاكان و سیرامیكی گەرم و وێنەی ئەندازەیی و كارەبا دەكەن ساڵانە لەسەرەتاوە مەوادو كەرەستەی خاویان بۆدابیندەكەین لەڕێگای یاریدەدەری تەكنیكی دەچێتە قوتابخانەكان ئەویش دابەشی سەر بەشەكان دەكرێت هەموو ئەو بەرهەمانەشی لەسەرەتای ساڵەوە دروستكراوە لێرە نمایشت كراوە ، ئامانج لەم پێشانگایەش ئەوەیە ئەو قوتابیانە ڕابهێنین بچنە ئامادەییە پیشەییەكان و پەیمانگای هونەرە جوانەكان، ئامانجی دووەمیشمان ئەوەیە ئەو شتانەی دروستدەكرێن بچنە ناو ماڵەكان.
دەربارەی داهاتی پێشانگاكە بۆچی سەرف دەكرێت ئایا بۆ وەزارەت خۆی دەبێت؟ ئەو بەڕێوەبەرە وتی: زۆربەی داهاتەكەی بۆ قوتابخانەكان دەگێڕینەوە پار ئێمە 5 ملیۆن دینارمان بۆ گەرایەوە بۆ پێداویستییەكانی گەلەری و خۆشمان بودجەی ساڵانەمان هەیە خۆشبەختانە ئەمساڵ پەروەردەی هەولێر 12 ملیۆن دیناری بۆدابینكردین بۆ قوتابخانەكانی خۆیان بەڕێوەبەرایەتی گشتی 14 ملیۆنی بۆ دابینكردین دوو قوتابخانەشمان لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێز وەزیری پەروەردە كردەوە هەر پەروەردەیەك داوا بكەن ئێمە قوتابخانەی پیشەییان بۆدەكەینەوە.
دەربارەی ئەوەشی كە ئایا بۆهەوڵتان نەئەدا لەشوێنێكی گشتی ئەم پێشانگایە بكەنەوە كە میوانی زۆرتر دەبوو بەبەراورد بەم شوێنە؟ مامۆستا قادر وتی: ئێمە داوامان كرد لە پاركی شانەدەر بێت ، بەڵام ئەویش دراوەتە چەند كەسانێك و جێی ئێمە نەبوو لەوێ ، ئێمە بەنیازبووین لە مانگی سێ ئەم پێشانگایە بكەینەوە ، بەڵام لەبەر نەبوونی جێگا كەوتە ئێستا بە داخەوە ، ئێمە لەڕێگای ئێوەوە داوا دەكەین هۆڵێكی گەورەمان لەبەردەم پاركی شانەدەر بۆبكەنەوە جگە لەوەش داوا لە هەر مامۆستایەكی دەست ڕەنگین دەكەین كە دەرچووی بەشی پیشەسازی و هونەرە جوانەكانن ئێمە ئامادەین خولیان بۆ بكەینەوە.
مامۆستا كاروان عەبدوڵا یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئەربیل ئولا دەربارەی ئەوەی كە ئایا ئەم بەرهەمانە بەزۆری بەرهەمی مامۆستایە یان قوتابی ئەو بۆ خەبات وتی: ئێمە لێرە كاری قوتابی و مامۆستامان هەیە ئیشی مامۆستا دیارە قوتابییەكە %85 ی كارەكە تەواو دەكات ، و پێداچوونی كۆتایی مامۆستا دەیكات.
دەربارەی تاچەند قوتابییەكان سودیان لە جۆرە پێشاگایە وەرگرتووە؟ مامۆستا كاروان وتی: ئەو پەروەردانەی قوتابخانەیی پیشەییان هەیە زۆر جیاوازن لەوانەی كە نییانە هیچ نەبێت ئێمە قوتابییەكانمان ڕاهێناوە لەسەر ناسینەوەی كۆمەڵێك كەرەستەی پێویست كە بۆچی بەكاردێت؟ قیاسات چونە ؟ لەو لایەنەوە زۆر زۆر سویان وەرگرتووە قوتابیمان هەبووە چۆتە كۆلێژی ئەندازیاری ئەڵێت ئەو رەسمانەی لە پۆلی یەكی كۆلێژ هەمان شت دەخوێنین كە لێرە فێربووین ئێمە قوتابییەكانمان هەر پێنچ بەشەكە دەبینن واتە شارەزاییان لە هەموو بەشەكان هەیە و قوتابی لەیەك بەش نابەستینەوە.
دەربارەی ئەوەشی كە ئایا جیاوازی ئەم پێشانگایە چییە لەگەڵ ئەوانەی ساڵانی ڕابردوو؟ ئەو مامۆستایە وتی: بێگومان دەبێت جیاوازی هەبێت و ئەگەر نەبێت كەواتە هیچمان نەكردووە هەتا دەستكردی مامۆستا جیاوازە لەساڵانی ڕابردوو.
مامۆستا عەبدولحەمید لە گەلەری كۆچێرا و ئاماژەی بەوەدا ئەوان زیاتر ڕاهێنان بە مامۆستا یان دەكەن و ئەوانیش بە قوتابییەكان ساڵانە خول دەكرێتەوە بۆ مامۆستاكان 20 بۆ 25 ڕۆژ و هەركەسە لەبواری خۆی دەربارەی ئەوەشی كە ئایا تاچەند قوتابیان سوودیان لەم پێشانگایە وەرگرتووەو پێی دلخۆشن كاتێك خەڵك پارە بەبەرهەمەكانی ئەوان دەدات؟ مامۆستا عەبدولحەمید وتی: بێگومان زۆریش سوودیان وەرگرتووەو پێی دڵخۆشن ئێمە قوتابییەكانمان كە دەچنە پەیمانگای هونەرە جوانەكان زۆر لە قوتابییەكانی تر سەركەوتوو ترن جگە لەوەی لە بەشی دارتاشی و كانزاكان قوتابیمان هەبووە كارگەی بۆخۆی داناوە زۆر سوودیان وەرگرتووە هەم وەكو دیراسە هەم وەكو پیشە جگە لەوەی ئێمە بەشی وێنەی ئەندازەمان هەیە كە جیاوازییەكی ئەوتۆی نییە لەگەڵ كۆلێژی ئەندازیاری.
نەگونجاوی شوێنەكە مامۆستا سەراب حەیدەر ئەحمەد دەرچووی ئەكادیمی كۆلێژی هونەرە جوانەكان دەربارەی بەشداریكردنی قوتابییەكان لەم پێشانگایە كە ئایا تاچەند قوتابی بەشدار بوون وتی: خۆم وەك مامۆستاو قوتابییەكانیش بەشدار بووین و ئەوانەی ئەوان دروستی دەكەن ئێمە هەندێك دەسكاری كەمی دەكەینەوە لە كاتی وانەكان لەگەڵییان دەبین و چۆنێتی ئیشكردنییان پێ دەڵێین.
دەربارەی ئەوەشی كە ئایا تاچەند كریاری شتەكانتان هەیە مامۆستا سەراب وتی : باشە تارادەیەك بەڵام بەبەراورد بە ساڵانی ڕابردوو كەمترە هۆكارەكەش ڕەنگە شوێنەكە بێت ئەگەر لە شوێنێكی گشتی بوینایە ڕەنگە قەرەباڵغ تر بووایەو باشتر بووایە.
مامۆستا عەبدولسەمیع جەودەت مەولود مامۆستای پیشەیی لە گەلەری كۆچێرا دەربارەی بەشداری كردنی قوتابییەكان لە گەڵ خۆی ئاماژەی بەوەدا: مامۆستاكان لێرە دەبنە قوتابی ئێمە ئەوان و ئەوانیش قوتابییەكان فێر دەكەن سەرەتاش فێری سەرەتاكانی كاركردنییان دەكەن كە چۆن ترسییان بشكێ لە دەست پێكردن و ناسینی ئەو كەرەستانەی ئەوان پێویستییانە ئێمەش لێرە ساڵانە جگە لە خولەكان مامۆستایانیش بەرهەمەكانی خۆیان نمایشت دەكەن لەگەڵ ئەوانەی قوتابییەكان هەركەس لە بەشی خۆی و بەپێی توانای خۆی.
دەربارەی كڕیاریش مامۆستا عەبدوسەمیع وتی: ناتوانم بڵێم زۆر باشە، بەڵام خراپیش نییە لێرەو لە گەلەری كۆچێرا یەكەم تەجروبەیە ،چونكە ساڵانی ڕابردوو لە پاركی شانەدەر دەمانكرد هەرچەندە ئێمە گەلەری خۆمان بەردەوام لە پاركی شانەدەر هەیە وەك گەلەری مامۆستایان.
مامۆستا عیزەدین لەبەشی دارتاشی لە قوتابخانەی زێوەری بنەڕەتی دەربارەی ئەوەی كە ئایا چەند سوودی مادییان لەم پێشانگایە وەرگرتووە وتی: تاڕادەیەك باش بوو ، بۆ قوتابیانیش كە سوودێكی مەعنەویش دەبینن فێر دەبن، دەربارەی ئەوەی تاچەند هەست بە جیاوازی لەبەرەو پێشچوونی كاری قوتابییەكان دەكەن یان زیاد بوونی كریارەكان لە ماوەی ئەو سی و پێنج پێشانگایەی كە بەشداریتان تێدا كردووە ؟ ئەو مامۆستایە وتی : بیگومان جیاوازە قوتابییەكان لە چاو پێشان شتی نوێتر دروست دەكەن سوود لە تەكنەلۆژیا دەبینن هەموو بەرهەمەكانمان بەرهەمی ئەمساڵن و ئەوانەی پێشووتر كەمێكییان دەمێنن.
دەربارەی ئەوەشی كە ئایا تاچەند گرفت دێتە ڕێتان لە داینكردنی ئەو كەرەستە و پێداویستییانەی كە پێویستە بۆكارەكانتان؟ ئەو مامۆستایە وتی : ئامێرمان زۆر كەمە و ئامێری پێویستمان نییە بۆ دروستكردنی شتی زۆرتر بە هەوڵ و تەقەلای خۆمان دروستی دەكەین و هاوكاریمان كەم دەكرێت داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین هاوكاری پەروەردەی پیشەیی بكات لە ڕووی كڕینی ماكینەو ئامێرەوە.










