خەبات: سەفەر یوسف میرخان ژاژوكی
رابەری روحی نەتەوەیی كورد بارزانیی نەمر و پێشمەرگەكانی لە دوایی بەرگری قارەمانانەیان لە كۆماری كوردستان لە مهاباد توانیان گەورەترین سەروەری لە لاپەڕەكانی مێژووی كوردایەتی تۆمار بكەن، پاشان لەئەنجامی گوشارێكی زۆر بەسەر لەشكری بارزانییەكان لە لایەن هەرسێ وڵاتی ئیران و عێراق و توركیا، لەپێناو بەردەوامی دان بە خەبات و شۆڕش بارزانیی نەمر بە خۆی 500 كەس خۆیان بەدەستی دوژمنەوە نەدا و لە 18/6/1947 لە سەرسنووری یەكێتی سۆڤیەتی جاران و ئیران و توركیا وەكو پەنابەر لە رووباری ئاراس پەرینەوە نێو خاكی یەكێتی سۆڤیەت. ماوەی 12 ساڵ ژیانێكی ناخۆش و ئاوارەییان لە یەكێتی سۆڤیەت بەسەر برد و لە رۆژی 16/4/1959 پاش رووخانی رژێمی پاشایەتی لە عێراق، بارزانیی نەمر و هەڤاڵانی بەسەربەرزی گەڕانەوە عێراق و وەكو پاڵەوانی نیشتیمانی حكوومەت و خەڵكی عێراق بەشگتی پێشوازییان لێكردن. ئەمڕۆ لە 60ساڵیادی گەڕانەوەی هەڤاڵانی بارزانی بۆ خاكی كوردستان، هەوڵدەدەین لەسەر زاری هەڤاڵانی بارزانی و ئاوارەبووەكان چەند یادوەرییەك بۆ خوێنەرانی رۆژنامەی خەبات بخەینەروو. لە بارەی بەشداری كردن و بەرگریكردن لە كۆماری كوردستان لە مەهاباد و دواتر پەنابردنی بارزانیی نەمر و هەڤاڵانی بۆ یەكێتی سۆڤیەتی جاران. لە قەزای سۆران سەردانی هەڤاڵێكی بارزانیی نەمرم كرد ئەوش (لاوكۆ مامەند مەسیح)بوو، بەم شێوەیە یادگارییەكانی گێڕایەوە و گوتی: مێژوو شاهەدی ئەوە دەدات كە لەشكری بارزانییان لە چەندین داستان و شەڕە بەناو بانگەكان وەكو نالوس، سەقز و میاندوئاب و ئالتون و هتد. كە بەشداریمان كرد و چەندین شەهیدو برێندارمان لەپێناو كۆمارەدا داوە. هەرچەندە كەم چەك و بێ ئیمكانیەت بووین بەڵام وەری خۆمان لە دەست نەدەدا، چونكە بارزانیی نەمر لەسەنگەردا لەگەڵمان دابوو، خۆمان هەر بە خزمەتكار و خەباتكاری كوردستان دەزانی، دوای تێكچوونی كۆماری كوردستان لە مەهاباد پێشەوا قازی محەمەد ئەمانەنێكی ڕادەستی بارزانیی نەمر كرد ئەویش ئاڵای كوردستان بوو بە ئەمانەت دایە دەستی بارزانیی نەمر كەوەك راسپاردەیەك ئەم ئاڵایە بپارێزێت، دوایی كۆبونەوەیەكی چارەنووساز، بارزانی بڕیاریدا كە ماڵ و خێزان و پیر و پەككەووتووە لە گەڵ خوالێخۆشبوو شێخ ئەحمەدی بارزان بگەڕێنەوە بۆكوردستان و ئەوانەی كە توانای رویشتنیان هەبوو لەگەڵ بارزانیی نەمر رێگای سەرسەخت هەڵبژرین، پاشان بارزانیی نەمر بەشێوەی ریزی سەربازی ئێمەی كۆكردینەوە، بارزانیی نەمر بە ئێمەی فەرموو: “چارەنووسی ئێمە نادیارە و زروفمان سەختە و نازانم لە برسان دەمرین و یا لە سەرمان و لەوانەیە ئێمە لە رێگا توشی زۆر شت بین برسیەتی و سەرما و شەڕ و بۆسەی دوژمنان، ئێمەی رێگای مان و نەمان هەڵبدەبژیرین ئەوەی دەچێتەوە با بچێتەوە ئێمە بەردەوام دەبین و ئەوەی لەگەڵ ئێمە دەمێنێتەوە دەبێ كوشتن و برسیەتی و دەردەسەری لە پێش خۆی دابنێ، وا بیر نەكاتەوە هەڵبژاردەیەكی ئاسانە، ئێمە لە پێناو پاراستنی كەرامەت و سەرو ماڵی كوردستان دەستمان داوتە چەك، پشت بە خوای گەورە ئەوە رێگای ئێمەیە، جا بۆیە ئەو رێگای من پێدا دەڕۆم رێگای مان و نەمانە”. ئینجا ئێمە هەموومان بە یەك هەڵویست هاوارمان كرد كە لەگەلت دادەبێت و مردنمان لە ژیان پی خۆشترە و هەموومان یەك هەڵوێست بوون و یەك كەس لە رێزە سەربازییەكە نەهاتەدەرەوە. من لە گەڵ باوكم و چەند كەسوكار لە ماڵ و خێزانمان لێك دابراین، ئەو سەفەرەمان بە مان ونەمان و بە هەموو سەختیەك لە پێناو بەردەوامیدان بە شۆڕش و خەبات لە گەڵ بارزانیی نەمر رێگای خەبات و بەرخودانمان هەڵبژارد تاكو دەنگی كورد بە جیهان بگەیەنین. هەروەها لە بارەی چوونی بارزانییەكان بۆ یەكێتی سۆڤیەت، لە قەزای سۆران چاومان كەوت بە هەڤاڵی بارزانیی نەمر (مێرو بێدارونی) ئەویش یادەوەرییەكانی بۆ ئێمە گێڕایەوە و گوتی: باس كردن لەو رێڕەوە مێژوویە بە سەدان لاپەڕە تەواو نابێت، ئێمە لە رێگا تووشی زۆر شت بووین، هە ر وەك رابەری بزوتنەوەی ئازادی كوردستان بارزانیی نەمر لە رێگا كە پێش سەفەرەكە هەموو ئەو شتەی بۆ ئێمە باس كردە بوو كە لەو رێڕەوە بەسەرمان دەهات، شەو رۆژ دەڕۆیشتین پشت و پیشمان دوژمن بوو و هەر شوێنێكیش كە دەچووین دوژمن بوو،دیسان شەڕی دوژمنانیشمان دەكرد لەم سەفەرە دوورودرێژە دا شەڕی سەرما و برسیەتی و گەرما و كەمینەی دوژمنانیشمان دەكرد، خۆمان بە ئاگر و ئاو دادەدا، بۆ ئەوەی دوژمنان دەستیان بە ئێمە نەگات ، لەو سەفەرەدا بارزانیی نەمر لە پێش هەموومان دەڕۆیشت و بیرو باوەڕی بە خوای گەورە پتەو بوو و هەروەها بەسەرما و برسیەتی بە نێو چەندین گوند كە لە سەر رێگامان بوون، دەڕۆیشتن، بارزانیی نەمر نەیدەهێشت پارچە نانێك لە كەسێك وەربگرین، بارزانیی نەمر نەیدەهێشت یەك كەس بە بێ فەرمانی ئەو بچێتە ناو گوندەكان و دەیگوت: “ئەگەر لە سەر رێگا نانێكیان داینێ هەموومان پێكەوە دەیخۆین، ئەگەر نا بە برسیەتی درێژە بە رۆیشتمان دەدەین”. هەر چۆنێك بوو دوای ئەو هەموو سەختیە و ناخۆشیە و كەمینی دوژمنان و برسیەتییە 18/6/1947 دوای سێ رۆ ژ چاوەڕانی بڕیاری پەرینەوەمان دا و گەیشتینە ناو خاكی یەكێتی سۆڤیەت ، بارزانیی نەمر ئاخرین كەس لەگەڵ چەندین هەڤاڵ پەڕینەوە بۆ خاكی سۆڤیەت. بەر لە پەڕینەوەش بارزانیی نەمر هەموو ئەو كەسانەی وەك شارەزا و رێنماییان لەگەڵماندا هاتبوون خەڵات كرد و بەڕێزەوە ناردنیانەوە، تەنها مام میرزا نەبێ كە رووی لە بارزانیی نەمر كرد و گووتی: (خاكی كوردستان بە بێ تو لە من حەرام بێ)? ئەویش لەگەڵمان پەڕییەوە بۆ ناو روسیا. بۆ ئەم یادە لە پیرمام سەردانی هەڤاڵی بارزانیی نەمر (كازم شانەدەری) كرد و لەبیرەوەورییەكانیدا بۆی گێڕاینەوە گوتی: دوای چوونمان بۆخاكی سۆڤیەت لەوێشدا دیسان ئێمە دابەشی سەر گوندەكان كراین، لەو گوندانە شارەزای تەواومان نەبوو و زمانمان نەدەزانی و بۆخۆمان ئیشمان دەكرد، هەرچەندە نزیكەی 3 ساڵ بارزانیی نەمر لە ئێمەیان دورخستبووەوە، بەڵام دوای خۆپیشاندانمان كرد،دواتر گەڕایەوە ناو ئێمە ، بەهەوڵ و كۆششی بەردەوامی بارزانیی نەمر وەزعی ئێمە بەرەوە چاكتر رۆیشت، بەراستی گەڵێك برسیەتی و بێ جلوبەرگی و غەریبایەتی و دەربەدەریمان چێشتووە، پاشان خراینە بەرخوێندن و من برۆانامەی كشتوكاڵم وەرگرت. دوای گەڕانەوەی بارزانیی نەمر لەساڵی 1958 بۆكوردستان دواتر بارزانیی نەمر شەهیدی فەرماندە ئەسعەد خۆشەوی سێلكی و میرحاج ئەحمەد ئاكرەیی رادسپارد كە ئێمە هەڤاڵانی بارزانیی نەمر بەماڵ وخێزان لە سۆڤیەت بگەڕێنەوە بۆكوردستان ئەوە بوو لەبەندەری ئۆدیسا لە سەر دەریای ڕەش 1-4-1959 لە ناو كەشتی بووین هەموو ئێمە ئەو هەڤاڵانەی بارزانیی نەمر كە لە ساڵی 1947 لە پێناو كوردایەتی ئاوارەیی یەكێتی سۆڤیەتی جاران بووین، لە یادمە پێش گەڕانەوەمان بەرپرسانی بەرپرسانی وەڵاتی روسیا لەگەڵ ئێمە كۆبوونەوە وچەندین وتاریان پێشكەش كرد كە هیوایان خواست بە سەلامەتی بگەرێنەوە وەڵاتی خۆمان و بەسەربەرزیەوە ژیان ببینە سەر و دواتر هەڤاڵی بارزانیی نەمر میرحاج ئەحمەد ئاكرەیی و شەهید سیامند عوزێر مێرگەسۆری ئەوانیش بەناوی هەموومان وتاریان خوێندەوە كە سوپاسی حكومەتی روسیا كە ماوەی 12 ساڵ لە روسیا ژیان ئێمەیان وەك پەناهەندە وەرگرت. ئێمە هەموومان لەناو كەشتی سۆڤیەتی گرۆسیا دابووین كە ئەو كەشتیە لە 5 قات پێكهاتبوو، گرانی ئەو كەشتیە 14 تن بوو زۆ گەورە بوو،لە سێ قات دابووین كە هەموو خزمەتگوزرای تایبەتی تێدابووە وهەرخانەوادەیەك جێگای تایبەتی خۆی هەبوو، جا بەمشێوە بە كەشتی سۆڤیەتی (گرۆسیا) لە رۆژەكانی (ا و 2 و3 -4-1959) بەرێكەویتن و لەناو دەریای ڕەش بووین و 4-4-1959 داخلی تەنگەتای بۆسڤور بووین دواتر بەنێو ئیستانبولدا چووین بۆ ناو دەریای مەڕمەر و بۆ ئێوارەی لە تەنگەتای دەردەنیل چووینە ناو دەریای (ئەژە ژ ئیجە) ناو ئاوی یونان دواتر 5-4-1959بۆ دەریای سپی ناوەراست و دواتر 6 -4-1959بۆ نێورانە گەیشتەبەندەری پۆرسەعید ناو ئاوی میسری عەرەبی و دواتر رۆژی 7-4-1959 بۆ قەنانی سوێس، لەیادمە لە كۆتایی قەناتی سویس لەسەر تەختەیك نووسرابوو كە درێژایی قەناتی سویس بۆ دەریای سور 175 كیلۆمەتر درێژە و پانی 120 مەترە و كوراتی 12 مەتر و دواتر داخلی دەریای سور بووین لە نێوان ئافریقا و ئاسیا و 10-4-1959لە تەنگەتای (بابل مەندەب) داخلی خەلیجی (ئەدەن) بووین و دواتر كەشتی بەڕەو رۆژهەڵات بۆ دەریای عەرەبی و دواتر بۆ ئیماراتی یەكگرتوو رۆێشت و شەوەی 13 لەسەر14-1959 كەشتیی چوویە خەلیج فارس و 16-4-1959 گەیشتنە ئاوی شەت و عەرەب و بەكەشتیی سۆڤیەتی (گرۆسیا) چووینە ناوی ئاوی عەرەبەكان و لەگەڵ بەیانی لە شاری فاو لە كۆتایی خال عێراق نزیك كوێت. شاری فاو پرببوو لەخەڵك بە گەورە و بچووك و راوەستابووە و هاتنە پێشوازی ئێمە بە چەپلە لێدان و فرۆكەی عێراق بەسەر كەشتیی گرۆسیا دەسورانەوە. بارزانیی نەمر بەخۆی هاتبووە پێشوازی ئێمە. كاتژمێر 12ی نێورانە گەیشتینتە بەندەری بەسرە لە ناو شەت ولعەرەب و لەوێدا بارزانیی نەمر چاوەڕێی گەڕانەوەی ئێمەی دەكرد لەبەندەر، لەوێ بارزاینی نەمر و بەرپرسانی حكوومی و عەسكەری و خەڵكێكی زۆر لە هەموو چین و توێژەكان پێشوازییان لێكردین، هەروەها گەلانی عێراق بە كورد وتوركمان و عەرەب و پێكهاتەكانی دیكە پێشوازییان لە ئێمە كرد. بەحەقیقەت رۆژێكی زۆر مێژوویی بووە كە ئێمە لە 16-4-1947 لە گادەر لەگەڵ بارزانیی نەمر رابەر لە خوالێخۆشبوو شێخ ئەحمەدی بارزان و ماڵ و خێزان دابڕاین و دوای 12 ساڵ لە هەمان رۆژی 16/4/ 1959 بەنیشتمان پێكەوە شاد بووین.
سهرهتا چاوپێكهوتن یادی 60 ساڵەی گەڕانەوەی هەڤاڵانی بارزانیی نەمر لە یەكێتیی سۆڤیەت









