سەر لە بەیانی ئەمڕۆ، شاعیر، نووسەر و رەخنەگر بەکر پشدەری لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە لقی سلێمانی یەکێتی نووسەرانی کورد بڵاویکردەوە “کاتژمێر 6ی بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 17/04/2019 شاعیر و رەخنەگر ئەبوبەکر ئەحمەد قادر ناسراو بەکر پشدەری بەهۆی جەڵتەی دڵەوە لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد”.
بەکر پشدەری لە ساڵی 1961 لە ناحیەی هێرۆی سەر بە قەزای پشدەر لەدایک بووە و دەرچووی ئامادەیی پیشەسازییە و ئەندامی یەکێتی نووسەرانی کورد بووە.
بەکر پشدەری ژمارەیەک کتێبی لە بواری هۆنراوە، نووسین و رەخنەی ئەدەبیدا بە چاپ گەیاندووە، هەروەها هەندێک لە هۆنراوەکانی لە لایەن گۆرانیبێژانەوە کراون بە گۆرانی.









