بە گوێرەی راپرسیەك كە لەلایەن پەیمانگای گالۆپەوە ئەنجام دراوە ، 44% ی ئەو رووسانەی تەمەنیان لەنێوان 15 تا 29 ساڵ دایە، بەهۆی نالەباریی دۆخی ئابووری وڵاتەكەیان دەخوازن وڵات بەجێ بێڵن و بەرەو وڵاتانی تر كۆچ بكەن.
بە گوێرەی لێكدانەوەی پەیمانگای ناوبراو ، ئەمە دەبێتە هەڕەشەیەك بۆ سەر ئایندەی باری ئابووری و دەسەڵاتی سیاسی رووسیا. گالوپ ئاماژە بەوەش دەكات كە ژمارەی دانیشتوانی رووسیا بۆ یەكەم جار لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا دابەزیوە و گەیشتۆتە 146.8 ملیۆن كەس.
هەر بەگوێرەی ئەم راپرسیە ،22% ی ئەو رووسانەی تەمەنیان لە نێوان 30 تا 45 ساڵ دایە دەخوازن بە یەكجاری وڵاتەكەیان بەجێ بێڵن و لە دەرەوە بژین ، زۆربەشیان ئەڵمانیا و ئەمەریكایان بە باشتر لە قەلەم دا بۆ ژیان.









