غازی حەسەن
عومەر بەشیر و مانەوەی لە دەسەڵاتەكەی یەكێك بوو لە كێشەكانی نێو سودان، سەرۆكی پێشووی سودان بەشیر دەیزانی زوو بێت، یان درەنگ دەبێت دەسەڵات بەجێ بهێڵێت. لەلایەك دادگای نێودەوڵەتی داوای لێچینەوەی بە تۆمەتی تاوانەكانی دارفۆر لێ دەكەن، لەلایەكی دیكەشدا خەڵكی سودان لە بەهاری عەرەبی و ئەمجارەش لە ڕاپەڕین و خۆپیشاندانی بەشی دووەمی درامای بەهارەكەدا داوای گۆڕین و لابردنی دەسەڵاتیان كرد، هەنووكە داوای پێكهێنانی حكوومەتێكی مەدەنی دەكەن، كە چەندین ساڵە سودان لەژێر فەرمان و سیستەمی سەربازی و حكوومەتی نائاسایی بەڕێوەدەبرێت.
عومەر بەشیر دواین دەسەڵاتی ئیخوانەكانی كلاسیكیە لە ئەفریقا و نەیتوانی لەپێناو پاراستنی حوكمڕانی ئیسلامی سیاسی، دەستپێشخەری بكات و بە وازهێنان لە دەسەڵات، حوكمڕانی ئیسلامی سیاسی درێژە پێ بدات، بەپێچەوانەوە پێش ئەم ڕوودانە سەردانی سوریا و سعودیە و قەتەری كرد. سەردانێك، كە بەهیچ شێوەیەك هاودەنگی و هاوسەنگی لە كۆكردنەی پاڵپشتی بۆ مانەوەی خودی بەشیری لە دەسەڵات دروست نەدەكرد. نابێت لەبیری بكەین دوای ئەزمونی ئیخوان لە میسر و قووڵبوونەوەی ناكۆكییەكانی سعودیە و قەتەر و توركیا، پاشاكانی سعودیە كار بۆ ڕووخانی ئیخوانەكان لە دەسەڵات دەكەن. بەشیریش لەم سەردانەیدا لەجیاتی بەدیهێنانی پاڵپشتی، بەپێچەوانەوە زەمینەی لاوازبوونی خۆی بەهێزتر كرد، بەتایبەتی ئەو كاتەی لە دۆحە داوای هاوكاری ڕزگاربوونی دژی خەڵكی ناڕازی كرد.
سەمیر عەتائوللا لە ڕۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت دەڵێت “وەكو هەموو دیكتاتۆرەكانی دیكە، سەلماندنی گەلی سودان ناناسێت، تەنیا خودی خۆی دەناسێت، هیچ شتێكیش نابینێت تەنیا خودی خۆی نەبێت”. لەكاتێكدا سودان لە ڕووی ئابووری و بێكاری و پەیوەندی ئاڵۆز لەگەڵ دراوسێكانی و داتەپینی دراوی نیشتیمانی و پەرەسەندنی گەندەڵی و پەیڕەوكردنی دانانی ئەوانەی نزیك و سەربەخۆیان بوون لە دەسەڵات و بڕیارەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و كێشە نێوخۆییەكان بەرەو داڕمان دەچوو. سوپا لە كودەتایەكی كتوپردا عومەر بەشیر و گۆپاڵە ئەفسوناویەكەیان لە ماڵەكەی دەستبەسەر كرد و حكوومەتێكی نائاسایی كاتیان بۆ دوو ساڵ ڕاگەیاند. كاتی خۆی بەشیر بە كودەتای سەربازی دەسەڵاتی گرتە دەست، لە جەزائیر بۆتەفلیقە دوای خۆ چیڕكردنەوەی لەسەر كورسی دەسەڵات و لەسەر كورسی پەككەوتەییدا بەناچاری لەژێر گوشاری خەڵك وازی لە دەسەڵات هێنا. ئەمە خولێكی نوێی شۆڕشی عەرەبییە، بەڵام ئەمجارە لەڕێگەی گوشار و بەبەشداری سوپا بۆ ئەوەی كۆنترۆڵی دۆخەكە بكەن و ئەو شێوازە دووبارە نەبێتە، كە لە سەرەتای بەهاری عەرەبی ڕوویدا. بەهاری عەرەبیش نموونەی تونس و میسر و لیبیا لەلایەك و لیبیا یەمەن و سوریای لەلایەكی دیكە لێكەوتەوە.
دوای چەندین ساڵ لە بەهاری عەرەبی ئەمجارە لە جەزائیر و سودان وەكو بەشێك لە ئەفریقیا گوشاری جەماوەری توانی ڕەوشی ئەم دوو وڵاتە بەرەو قۆناغێكی دیكە ببات. خەڵك نایانەوێت سیستەمی تاكڕەوی دیكتاتۆری درێژەی هەبێت. خەڵك لەگەڵ حكوومەتی مەدەنی و دیموكراسی و هەڵبژاردن و بەشداری ئازادانەی كۆمەڵگەی مەدەنی و نوێنەرانی خەڵكە لە دەسەڵاتدا. لە سودان هەرچەندە سوپا بەیاننامەی لابردنی بەشیری بڵاوكردەوە و داوای لە خەڵك كرد ئارامی و هێمنی بپارێزن، بەڵام خۆپیشاندەران بەمە ڕازی نین، ترسیان لە كودەتا و دەسەڵاتی كاتی دوو ساڵەی سوپا و دامەزراوەی سەر بەسوپا هەیە، داوای حكوومەتی مەدەنی و دیموكراسی و هەڵبژاردن دەكەن.ئەمەریكا و هەندێك لە هاوپەیمانەكانی پێیان وایە دەبێت لایەنگیری خواستەكانی خەڵك لە حوكمڕانی مەدەنی بكرێت و ڕووسیا و توركیاش پێیان وایە هێشتا ڕووداوەكان و داواكارییەكانی خەڵك ڕوون نین، بۆیە نابێت پەلە لە بڕیاری گرنگی نێودەوڵەتی دەربارەی سودان بدرێت. سعودیە و هەندێكی دیكەش بێ پاڵپشتی ئاشكرا لەگەڵ بڕیاری سوپان. واتە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لەمبارەوە جۆرێك لەدابەشبوونی پێوە دیارە وەكو چۆن لەنێو خودی سودانیشدا دابەشبوونێكی زەق دەربارەی هۆكار و ئەنجامی ڕووداوەكان لەئارایە.گرنگ سودان دوای چەندین خۆپیشاندان توانی كۆتایی بەدەسەڵاتی ئیسلامی و ئیخوانی عومەر بەشیر بهێنێت. كودەتایەكی سەربازی ئەنجام دراوە، دوور نییە وڵاتە زلهێزەكان ئەزموونی میسر و سوریا و یەمەن و لیبیا لە سودان تاقی نەكەنەوە، هەرچەندە هەر یەكێك لەم وڵاتانە دەیەوێت بەرژەوەندییەكانیان لەنێو سودان و دوارۆژی ئەم وڵاتە بپارێزن. من پێم وایە سودان لەنێوان كودەتای سەربازی و حكوومەتی مەدەنی بەرەو هاوبەشی و هاوسەنگی دەبردرێت، ناهێلدرێت ئاژاوە و گێژەلوكەی سیاسی پەرە بستێنێت. قسەكانی ئەم دواییەی سوپاش جۆرێك لەنەرمی نواندن و ڕەچاوكردنی خواستی خۆپیشاندەرانی تێدایە، كە دەڵێن “ئێمە چاومان لەدەسەڵات نییە و حكوومەتی ئایندە مەدەنی دەبێت”. بەشیریش دەكەوێتە بەر گەردەلولی دوارۆژێكی ئاڵۆز لەنێوان دەسەڵاتی نوێی سودان و داواكارییەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان و دادگا، ئەمەش بەشیر چارەنووسی بەشیر ئاڵۆزتر دەكات، یان دەبێت مردنێكی تراژیدی هەڵبژێرێت، یان خۆی ڕادەستی دادگای نێودەڵەتی بكات و لەوێدا لەمردنێكی درێژخایەندا بژیت.









