ئەحمەد حاجی سامی
ڕاگەیاندن بە سێ قۆناغی یەك لەدوای یەك گوزەری كردووە. سەرەتا ڕاگەیاندن تەنها گواستنەوەی هەواڵ و زانیاریی بوو. دواتر ڕاگەیاندن جگە لەوەی هەواڵ و زانیاری دەگواستەوە، بووە سەكۆیەكیش تا بیرو ڕا جیاوازەكان كۆبكاتەوە. دوای ئەوەش ڕاگەیاندن جۆرێك لە پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینی كاتێك توانی ڕای گشتی درووست بكات و ئاڕاستەشی بكات، لەگەڵ ئەوەشدا هەواڵ و زانیاری دەگواستەوە و سەكۆیەكیشی بۆ بیرو ڕا جیاوازەكان تەرخانكردبوو. زۆری نەبرد ڕاگەیاندن گەشەیەكی زۆری بەخۆیەوە بینی، كۆمەڵێك زانای تایبەت بەو بوارە، ژانەر و تێز و تیۆری تایبەت بە ڕاگەیاندنیان داهێنا و وەك دەسەڵاتی چوارەم ناسێندرا، لەلاپاڵ دەسەڵاتەكانی دیكە. ئەوەش بوە هۆی زیاتر بەرەو پێشڤەچونی ڕاگەیاندن. ئامڕازەكانی ڕاگەیاندنیش وایانكرد كارلێككردن لەگەڵ ڕاگەیاندن هێند قورس نەبێت، چونكە بە كاتێكی كەم ئامڕازی زیاتر هاتنە ناو كایەی ڕاگەیاندن. دواهەمینیشیان سۆشیال میدیا بوو(مەڵتی مێدیا یان ئەنتەرنێت).
سەرەتا ڕۆژنامەی دەستنووس بوو، بە پێی سەرچاوەكانیش كۆنترین ڕۆژنامە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی (یۆلیۆس قەیسەر) كە لە ڕۆما دەردەچوو، بە ناوی (ئاكتا دیورنا) بە مانای ڕووداوی ڕۆژانە دەهات. گۆڤارەكانیش ڕۆڵێكی بەرچاویان هەبوو لە بەرەو پێش بردنی ئاستی ڕۆشنبیری كۆمەڵگە، بە تایبەت لە سەدەی حەڤدە بە دواوە، لەوانە گۆڤاری (جۆڕنال دیس ساڤانس)ی فەرەنسی و (فیلۆسۆفیكاڵ ترانسەیشن)ی بەڕیتانی كە زیاتر لە بوارەكانی فەلسەفە و زانست و هونەر دەخولانەوە، هەرچەند ئاستی بڵاوكردنەوەشیان لاواز بوو. دواتر ڕادیۆ هاتە ئاراوە، كە خۆی داهێنانێكی گەورە بوو لەو سەردەمەدا، بە شێوەیەك لە سەرانسەری جیهان گوێگری هەبوو. سرووشتی ژیانیش وایە هەرگیز ناوەستێت و بەردەوام لە نوێبوونەوە دایە. دواتریش بە درووستبوونی مێدیا (تیڤی یان تەلەڤیزیۆن) شۆرشێكی گەورە بەرپابوو، شۆرشێك وایكرد لە ماڵەوە سەیری پێشهات و ڕووداوەكان بكەیت و بە كەمترین ماوە و بێ ماندوو بوون زانیاری بە دەستبخەیت، پێویست نەكات بچیت ڕۆژنامە یان گۆڤار بكڕیت، یاخود بە ژاوەژاوەوە گوێ لە ڕادیۆ بگریت. ئەوە وەك مێژوو! ئەگەر باس لە ڕاگەیاندن بە گشتی و ڕاگەیاندنی كوردی بكەین، دەگەینە ئەو بڕوایەی لێرە ڕاگەیاندن ئاڵتەرناتیڤێكی ئەوتۆی نیە! هیچ شتێك ناتوانێت شوێنی ڕاگەیاندن بگرێتەوە بە مانا كڕۆكیەكەی. بە جۆرێك خوومان پێیوە گرتووە كاریگەری لەسەر بیروباوەڕیشمان هەیە. هەر شتێك ئەو بیڵیت بڕوای پێدەهێنین، هەر زووش دەكەوینە ژێر هەژموونەكەی. كە ئەوە جگە لە بەرهەمهێنانی مرۆڤێكی گوێگری داڕووخاوی دەستەمۆ كە خاوەن هیچ جۆرە بڕیارێكی خودی و هیچ جۆرە رۆحێكی بەرەنگاری نەبێت، هیچی دیكە بەرهەمناهێنێت. لە دنیا وایە ڕاگەیاندنەكان بە سانسۆرێكی جددی و بەهێزدا دەڕۆن، نابێ هەموو شتێك بڵاوبكەنەوە، یان بە دڵی خۆیان یاری بە هەستی بینەر و بیسەر و خوێنەر بكەن. بۆ نموونە دەبێ لە جەنگدا ڕەچاوی باری دەروونی تاك بكرێت، لەو كاتانەی وڵات لە ژێر هەڕەشەی هەرێمی و نێودەوڵەتی دا بێت، نابێ لە خۆتەوە بێ ئاگەداری پێشوەختە، جەماوەر بخەیتە ژێر بارێكی قورسی ناهەموارەوە كە دواتر كاریگەری نەرێنی لەلا جێبهێڵێت، وە خۆشت توانای چاككردنەوەت نەبێت. بەرپرسیاریەتی یەكێكە لە پێوەرەكانی هەر ڕاگەیاندنێكی سەركەوتوو. دەزگاكانی ڕاگەیاندن دەبێ بەرانبەر بە پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نەتەوەیی و كۆمەڵایەتی و ئەو ژینگەیەی لێی دەژین و وەرگرەكانی خۆی ئەوەندە هەستیار و بەرپرسیار بێت، كە هەموو هەنگاوێكی بە پلان و بیركەوتنەوەی ئەو بەرپرسیاریەتیە بێت كە لە ئەستۆی دایە. ئەركی ڕاگەیاندن لەو پەڕی سادەییدا بریتیە لە گەیاندنی زانیاری و گواستنەوەی ڕووداوەكان لە نێنەرەوە بۆ وەرگر، كەواتە هیچ سەرچاوەیەك و هیچ مێتۆدێكی زانستی ڕاگەیاندن ڕێگە بەوە نادات كە ڕاگەیاندن ببێتە بەشێك لە لایەنداری بۆ ڕووداوەكان لە پاڵ گواستنەوەی زانیاریەكان، كە ئەوە كاری پیشەییانەی ڕاگەیاندنەكان نیە، بیروبۆچوونی خۆیان تێكەڵ بە پێشهاتەكان بكەن و بە سیاسەتی خۆیان مامەڵەی لەگەڵدا بكەن. هەندێك ڕاگەیاندنی كوردی لە هەر چوار پارچەی كوردستان، بارگاوییە بە ئایدیۆلۆژیای حزب، هەموو لە دەوری بازنەی سیاسی و ستراتیژیی حزبەكان و پێوەری ئەو تاكتیكانە دەخولێنەوە كە خزمەت بە ئایدیۆلۆژیا و پەیامی حزبەكانیان دەكەن. ئەوەی لە هەندێك ڕاگەیاندنی كوردیدا ونە، لە هەر چوار پارچەدا، خزمەتی دۆز و پرسی نەتەوەیە بە جیاوازی بیروڕای حزبی و سیاسی، ئەوە لە باشور و ڕۆژهەڵات. هەرچی ڕۆژئاوا و باكورە كە تا هەنوكەش لە خەباتی ئازادی و ڕزگاریدان، ڕاگەیاندن لە بنەڕەتدا دیسانەوە خزمەت بە ئایدیۆلۆژیای حزب و تاكەكەسی دەكات، لەهەمانكاتیشدا پرسی نەتەوەیی بۆ ڕاژەی تەسكی حزبی بەكارهاتووە. نابێ ڕاگەیاندن بەروبوومی خراپ و گەنیو دەردخواردی وەرگر و كۆمەڵگە بدات. ڕاگەیاندن پرۆسەیەكە بۆ كەمكردنەوەی مەودای نێوان ڕووداوەكان، و خێرا گواستنەوەی بۆ جەماوەر و دابینكردنی سەكۆیەك تا بیروڕا جیاوازەكان بەیەكەوە بلكێنێت، نەك هەوڵی دووبەرەكی و نانەوەی ئاژاوە بدات.”ڕاگەیاندن مەترسیدارترین داهێندراوی دەستی مرۆڤە”، ببینە ئێستا ڕاگەیاندنی كوردی بە بۆشایێكی گەورە تێدەپەڕێت، ئەوەی پڕەنسیبی ئەكادیمی بێت نیانە. كەسانی دڵسۆز و خەمخۆریش ناتوانن تا سەر بەردەوام بن. ئاستی ڕاگەیاندنەكان سەلمێنەری ئاستی ڕۆشنبیری كۆمەڵگە و ڕادەی بەشداریی جەماوەرە لە گۆڕینی هەلومەرجە نەخوازراوەكان. ڕاگەیاندنی كوردی كار لەسەر پڕەنسیپە ئەكادیمی و ئیتیكیەكان ناكات، تا ڕادەیەكی زۆریش لایەنی ویژدانیشیان فەرامۆشكردووە، بەڵكو ئەوەی دەیانهەوێت تەنها كۆكردنەوەی كۆمەڵێك فشۆلی فووتێكراوی كەم عەقڵە! ئەویش بۆ پڕكردنەوەی داخوازیەكانیان بە كەسانێك كە تەنها ڕۆلی تەماشاكەر ببینن و چێژ لە جوانی كەسانێك ببینن كە ڕووكەشیان ساختەیە و ناخیان بۆشە! هیچ جۆرە ڕەوشتێكی ئەدەبیانەیان نیە و تەنها لەسەر مینبەرەكان هاواری ماف و لێدان لە ڕەگەزی بەرانبەر دەكەن، و پێچەوانەشەوە. مۆتیڤەكانیش ئاشكران، چونكە تاكی ڕۆژهەڵاتی بە بۆشایێكی ڕۆحی و نائیرادی داسەپێندراودا تێدەپەڕێت، بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە پەل بۆ كاری لەو شێوەیە دەهاوێژێت. هەرچەند ئەوە كاری ڕۆژئاواییەكان بوو لە ڕابردوو كە هەموو شتێكی ڕۆژهەڵاتیان برد، دواتریش وێرانیان كرد. ئێستاش جۆرەها بەرنامە و چەك و بڕیاری خۆسەپێن لەسەر ڕۆژهەڵات و تاكی ڕۆژهەڵاتی تاقیدەكەنەوە. ئەوەشی لە ڕاگەیاندنەكانی كوردی دەگوزەرێت نەخوازراوە، لە داهاتووش هەست بەو تاریكییە دەكەین كە تەنگمان پێ هەڵدەچنێت و داهاتوومان خاپور دەكات. جا ئێستا جۆرە شتێك هاتۆتە ناو ڕاگەیاندنی كوردی كە لە هەموو شتێك زیاتر پێویستیانە و كاری جددی لەسەر دەكەن، ئەویش ڕووخسارە، بەو واتایەی ئەوەی ڕووخسارێكی جوان و سەرەنجڕاكێشی نەبێت، ناتوانێت لەسەر شاشەكان دەركەوێت. لە كاتێكدا ئەو جۆرە میتۆدانە لە شەست و خەفتاكانی سەدەی ڕابردوو شكێندران، ڕێبەری ئەو كارە مرۆڤانەیەش (كرستیان ئەمان پور) بوو، كاتێك دەرفەتێكی كاری بۆ ڕەخسا، لەبەر شێوەی ڕووخساری وەك پاسەوانی دەرگا وەرگیرا، بەڵام ئەو كۆڵی نەدا تا گەیشتە ئامانجەكەی و بووە شكێنەری ئەو میتۆدە نامرۆڤانەیە. و دواتریش وەك یەكەم ژنە ڕۆژنامەنووس جەنگی ئەفغانستانی دەگواستەوە. ڕاگەیاندنەكان ئەگەر بەرپرسیاریانە كاریان نەكرد هیچ شتێك فەراهەم ناكەن جگە لە ژەهراوی كردنی كۆمەڵگە. ئەگەر لە نێوان بەرپرسیاریەتی و لایەنگیری، بەرپرسیاریەتی هەڵنەبژێرن ئەوا هیچ سوودێك بە كۆمەڵگە ناگەیەنن، بەڵكو تەنها هەوڵی گەورەكردن و قەبەكردنی كۆمەڵێك بزنسمانی عەوداڵ دەدەن، كە ویستی دەسەڵات و خاپوركردنی كۆمەڵگەیان هەیە. مۆدێرنە كاریگەرییەكی ئێجگار خراپی لەسەر ڕاگەیاندنەكان هەبوو، وایكرد بەرلەوەی بیر لە بەرژەوەندی وەرگر و كۆمەڵگە و نەتەوە بكەنەوە، بیر لە قازانج و خواستە گڵاوەكان و ویستە فاشیستیەكانی خۆیان بكەنەوە، بەبێ ڕەچاوكردنی بارودۆخی جەماوەر و كۆمەڵگە. پێموایە ڕاگەیاندنەكان دەبێ سەرەتا لە بیری بەها ڕەوشتی و مەعنەویەكانی تاك دابن، كاری لە پێشینەی كاركرد بێت بە پڕەنسیپە ئیتیكیەكان و یاساكانی تایبەت بە ڕاگەیاندن، ئینجا بیر لە بەرزكردنەوەی ئاستی خۆی بكاتەوە بە هەمان ئەو مەرجانە. ئەگەر هەر ڕاگەیاندنێكی حزبی یان ئەهلی یاخود سەربەخۆ، كاری لەسەر بەها ڕەوشتی و مەعنەویەكان كرد، وە ڕەچاوی پڕنسیپ و یاساكانی كرد، بێگومان دەبێتە ڕاگەیاندنێكی نیشتمانی یان ئەوەی تۆ ناوی لێدەنێیت. زۆر كۆمەڵگە هەیە هەر زوو دەكەوێتە ژێر ڕكێفی ڕاگەیاندنەكان، لە كاتێكدا ڕاگەیانەكانی لەو شێوەیە هەوڵ بۆ دۆگما كردنی ئەو كۆمەڵگەیانە دەدەن. سیستمە تۆتالیتارەكان پێش ئەوانیش كۆمۆنیست و شیوعیەكان وە نازیەكانیش، ڕاگەیاندنیان بۆ بەرژەوەندی حكومەت و دەسەڵات بەكاردەهێنا. هیتلەر دەیزانی كە ڕاگەیاندن چ دەورێكی كاریگەری هەیە لە جەنگەكاندا، بۆیە وەزیرێكی تایبەت بەو بوارەی دانابوو، تەنها پڕوپاگەندەی بڵاودەكردەوە. شیوعییەكان و كۆمۆنیستەكانیش كە بانگەشەی ڕزگاریان دەكرد دژی چینە بۆرژوازەكان و دژی سیستمی سەرمایەداری بوون، بە جۆرێك ڕاگەیاندنەكانیان قۆرغكردبوو هەموو كارێكیان لە بەرژەوەندی دەسەڵاتدا بوو، ئەویش بۆ شاردنەوەی كارەكانی خۆیان كە لە ژێرەوە خەڵكیان دەپوكاندەوە. سیستمە تۆتالیتارەكانیش كە دەكەونە ژێر باری سیستمی سەرمایەداری و پڕۆلیتارەكان دەچەوسێننەوە، هەمیشە لە مانەوەی خۆیان بۆ ماوەیەكی درێژتر، پەنایان بۆ ڕاگەیاندنەكان بردووە، وەك سەرچاوەیەك بۆ تەمەن درێژی خۆیان. بۆ تێپەڕاندنی ئەو بارودۆخە سەختەی كە تا ڕادەیەك ڕاگەیاندنەكان بەرپرسن، دەبێ خۆمان بە زانیاری گشتی و لاوەكی دەوڵەمەند بكەین، نەك هەموو كات بكەوینە ژێر كاریگەری ڕاگەیاندنەكان و وەك گەوجێكی خۆشباوەڕی هیچ نەزان دەربكەوین. پێویستیشە هەموو ڕاگەیاندنە كوردییەكان كار لەسەر ئاشتكردنەوەی وەرگرەكان بكەن و چیدی ڕێگە بەو پەرتەوازەییە نەدەن كە لە ڕاگەیاندنەكاندا هەیە. پاراستنی دابونەرت و كلتورەكان، برەودان و هێشتنەوەی زمانی دایك بە زیندوویی و ئاسایشی كۆمەڵایەتی و ژینگەیی و ڕامیاریی و نەتەوەیی، كاری ڕاگەیاندنەكانە بە سەرجەم ئامڕازەكانیەوە. بۆیە پێویستە ڕاگەیاندنەكان ئەو ئیدیۆمە باوە بشكێنن، “ڕاگەیاندنەكان تلیاكی كۆمەڵگەن”. ئەوەش كاتێك دێتە بوون كە ڕاگەیاندنەكان بەرگێكی دیكەیان پۆشی و هەموو شتێكی ناڕەوشتی نامرۆییان داماڵی و كاریان لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی كۆمەڵگە كرد، نەوەك هەوڵ بۆ خراپتركردنی كۆمەڵگە بدەن.









