دوای چاوەڕوانییەكی دوورودرێژ، تیمێك لە پسپۆڕانی فەلەكناسی توانیان پەردە لاببەن لەسەر نهێنی ئەو تروسكاییە رووناكییە - ئاگرینییانەی كەماوەیەكی دووردێژبوو سەری لە زانایان سوڕماندبوو، ئەویش بە یارمەتی (تلسكۆبی ئاسمانیی كیپلەر) ی تایبەت بە ئاژانسی بۆشاییگەریی ئەمریكی (ناسا).
لەساڵی 2012 تیمێك توانی لەو داتایانە بكۆڵێتەوە كە لەلایەن تلسكۆبی (كیپلەر) ەوە رەوانە كرابوو و تایبەت بوو بە دەركەوتنی تریسكاییە رووناكییەكی بەهێزو خێرا لە گەلەستێرەیەك كە بە مەودای 1.3 ملیار ساڵی رووناكی لێمانەوە دوورە، ئەوكاتە پسپۆڕان نەیانتوانی بگەنە هیچ شیكردنەوەیەك بۆ ئەو دیاردەیە، ئاخۆ بریتی بوو لە تەقینەوەیەكی ئەستێرەیی مەزن لە جۆری (سوپەرنۆڤا) یاخود هەڵەیەكی تەكنیكی كۆمپیوتەرەكانیان بووە؟
ئەو جۆرە رووناكییە بە (فلاشی گەشبووەوەی خێرا پەرەسەندوو – FELTs ناونرا و درەكەوت كەوا لەماوەی كەمتر لە مانگێكدا بەرزو نزم دەبێتەوە، كە ئەمەش ببووە هۆكاری ئەوەی لە زۆربەی زۆری روانگەو تلسكۆبە ئاسمانییەكاندا نەكەوێتە بەرچاو.
”تلسكۆبی كیپلەر ئێستا توانی درەگا واڵابكات لەسەر بینینێكی زۆر جیاوازو وردو پێشكەوتوو بۆ روانگەكردنی ئەو جۆرە دیاردانە، ئەگەرچی لە بنەڕەتەوە (كیپلەر) بۆ دۆزینەوەی هەسارە هەرە دوورەكانی دەرەوەی سیستەمی خۆر دیزاین كراوە”، لە زاری (جێیسی دۆستۆن) پسپۆڕی پڕۆژەی تلسكۆبی كیپلەر.
داتا وەرگیراوەكان لە تلسكۆبی كیپلەر دەریخست كەوا ئەو دەرچە رووناكییە لە پڕو زۆر بەهێزەی كە لەو گەلەستێرەیەدا دەرچووبوو، سەرچاوەكەی لە ئەستێرەكە بووە كە لە قەراغی مەرگیدابووەو پێدەچێت ساڵێك پێش مردنی كۆتایی، جۆرە (بڵق) ێكی گازیی و تۆزو خۆڵیی وەك دوا چالاكییەكی پێش تەقینەوە كۆتاییكەیدا فڕێ داوەتە بۆشایی ئاسمانی دەوروبەری خۆی و لەسەر شێوەی دەرچەیەكی رووناكیی ماوە كورت، بەڵام یەگجار زۆر بەهێزی لێ كەوتۆتەوە، بە جۆرێك كە ئەو دەرچانە لە دواییدا بەدوای یەكدا هاتن و توانای رووناكییەكەی 10 جار ئەوەندەی توانستی رووناكی خودی تەقینەوەی مەزنی ئەستێرەیی (سوپەرنۆڤا) ببوون، ئەمەش بووە جۆرە شكڵ و شێوەو مۆدێلێكی نوێ و نەناسراوی تەقینەوەی ئەستێرەیی.
پسپۆڕانی فەلەكناسی بەو هیوایەن كەوا لە رێگەی تلسكۆبی داهاتووی K2 و پڕۆگرامی TESS بتوانن نموونەی دیكەی هاوشێوەی ئەو رووداو و دیاردە فەلەكییە ناوازەیە بدۆزنەوە، بەڵام بە شێوەیەكی كرداری و تائێستا لە رێگەی (تلسكۆبی ئاسمانیی كیپلەر) ەوە توانراوە 20 حاڵەتی دیكەی جیای تەقینەوەی مەزنی ئەستێرەیی بدۆزرێنەوە.









