خهبات: هەندرێن شێرزاد
قەوقاز یەكێكە لە گرنگترین ئەو ناوچانەی بوونەتە مایەی ململانێ و پێشبڕكێی هێزە زل و گەورەكان ، بە تایبەتیش رووسیا و توركیا ، لە پاڵ ئەوانیشدا چەند زلهێزێكی دیكەی وەك ئەمەریكا و ئێران و ئیسرائیلیش هەوڵ دەدەن لە ناوچەكە شوێن پێیەك بۆخۆیان بدۆزنەوە، بەو پێیەی قەوقاز پێگەیەكی ستراتیژیی گرنگی هەیە لە نێوان ئاسیا و ئەوروپا، هەروەها خاوەنی یەدەگێكی گەورەی نەوت و غاز و سامانی دیكەی سروشتیە.
تا ئەمڕۆش ئەو ناوچەیەی كە هەریەكە لە ئەرمینیا و جۆرجیا و ئازەربایجان دەگرێتە خۆی بە قەوقاز ناودەبرێ ، بەشێكی دیكەشی بە قەوقازی روسی ناودەبرێ و ستافرۆبل و داغستان و ئەنگۆشیا و چیچان و قبرددینۆ بلقاریا و قراتشای چەركیسیا و ئۆسیتیای باكور و كراسنۆدار كرای و ئەدیگیا دەگرێتەوە ، لەم ناوچەیەدا چەند وڵاتێكی وەك ئۆسیتیای باشوور و ئەبخازیا و قەرەباغ جیابوونەوە و سەربەخۆیی خۆیان راگەیاندووە بەڵام كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دانی پێدانەناون، دانیشتوانی ناوچەی قەوقاز بە چەندین زمانی جۆراوجۆر قسە دەكەن.
زیاتر لە 50 رەگەز لەم ناوچەیەدا دەژین، دانیشتوانی رەسەنی ناوچەكە زیاتر لە رۆژئاوا و ناوەڕاستی قەوقازدا دەژین ، لەوانە : ئەبخاز و ئەدیگا.
رەگەزەكانی تریش بەسەر رۆژهەڵاتدا دابەش بوون و بریتین لە : ئەنگۆش و چیچان.
لەوەتەی لە سەرەتای نەوەدەكانی سەدەی رابردووەوە یەكێتی سۆڤیەت هەڵوەشاوەتەوە و هەریەكە لە جۆرجیا و ئەرمینیا و ئازەربایجان سەربەخۆیی خۆیان راگەیاندووە ، لەو كاتەشەوە بوونەتە سێگۆشەیەك لە قۆناغی دوای شەڕی سارد و كەوتوونەتە بەر چاوی مۆسكۆ و ئەنقەرە ، بەڵام سەركردایەتی سیاسی هەردوو وڵات ، بە تایبەتی لە ساڵی 2000 ەوە، واتە كە پوتن بۆ جاری یەكەم پۆستی سەرۆكایەتی رووسیای وەرگرت و دووساڵ دواتریش ئەردۆگان بوو بە سەرۆك وەزیرانی توركیا ، لەو كاتەوە هەردوولا هەوڵیان داوە لە جیاتی ململانێ ،سیاسەتی هێمن پەیڕەو بكەن، بەڵكو توانیویانە هاریكاریەكی فرەلایەن لە ناوچەكە بخولقێنن . دەبێ ئەوش بڵێین كە رووسیا و توركیا پەیوەندیی ئاساییان لەگەڵ وڵاتانی قەوقازدا هەیە ، پەیوەندیەكانی نێوان توركیا و ئازەربایجان و جۆرجیا ئاسایین، بەڵام لەگەڵ ئەرمینیا هەمیشە لە ناكۆكی بەردەوام دان . لەولاش ، پەیوەندیەكانی نێوان رووسیا و ئەرمینیا ئاسایین، بەڵام لەگەڵ ئازەربایجان و جۆرجیا بەرزی و نزمی زۆریان تێدەكەوێ و جێگیر نین .
توركیا سەركەوتوو بووە لە هێنانەدی هاوكاریی ئابووری لەگەڵ چەند وڵاتێكی باشووری قەوقاز ، بە تایبەتی ئازەربایجان و و جۆرجیا ، ئەوەبوو لە كۆتایی ساڵی 2017 هێڵی ئاسنی باكۆ - تبلیسی - قارس خستەكار كە درێژیەكەی 486 كیلۆمەترە و بەناو 3 وڵاتدا تێپەڕ دەبێ و ئەوروپا و چین بەیەكەوە دەبەستێتەوە.
لەو كاتەشەوە رێگا ئاسنینە تازەكە چوار جار تەقێنراوەتەوە و لەسەر سنورەكانی جۆرجیا چەند شەمەندەفەرێكی بارهەڵگر تەقێنراونەتەوە و 17 كەس گیانیان لەدەست داوە. ئەگەرچی ئەم تەقینەوانە لەسەر سنوورەكانی جۆرجیا روویانداوە و قوربانیەكانیش خەڵكی جۆرجیا بوون ، واتە موسوڵمان بوون ، بۆیە پێدەچێ ئەم رووداوانە هۆكاری ئاینیان لەدواوە بێ . ئەمەش مانای وایە كە بەشێك لە جۆرجیەكان بەو مساوەمەكرنە رازی نین كە تبلیسی لەبەرامبەر باكۆ پیشانی دەدات ، هەروەها پێدەچێ رووسیا رۆڵێكی نادیاری لەم رووداوانە هەبێ ، بەو پێیەی ئەم هێڵە بەشێكە لە رێگای نوێی ئاوریشم و چین بایەخی پێدەدات ، هاوكات ئەم رێگا تازەیە خەریكە دەبێتە ئەلتەرناتیڤێك بۆ رێڕەوی گواستنەوەی نێودەوڵەتی لە نێوان باكوور و باشوور كە لەلایەن مۆسكۆوە بەڕێوە دەبرێ.
ئەرمینیا بە یەكێك لە وڵاتە گرنگەكانی باشووری قەوقاز دادەنرێ ، بەو پێیەی لە ئایندەدا رۆڵی گرنگی دەبێ لە دیاركردنی پەیوەندیەكانی نێوان رووسیا و توركیا لە ناوچەی قەوقاز ، لە قۆناغی ئێستاشدا رووسیا و ئەرمینیا پەیوەندیی ئاساییان هەیە ، بەڵام لەگەڵ توركیا ئەو پەیوەندیانە زۆر ناسەقامگیرن . لەوەتەی یەریڤان لە ساڵی 1991 سەربەخۆیی لە یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو راگەیاندووە ، هەوڵی داوە لەگەڵ مۆسكۆ خاوەنی پەیوەندیی ئاسایی بێ ، لەو بارەوە رووسیا بنكەیەكی سەربازیی لە ئەرمینیا بونیاد ناوە و هەردوولا لەسەر ئەوە رێك كەوتوون كە تا ساڵی 2044 بنكەكە بمێنێ.
سەبارەت بە توركیا و ئەرمینیاش ، هەردوولا ناكۆكیەكی مێژووییان لەنێواندا هەیە و مەسەلەكە زیاتر پەیوەستە بە تۆمەتباركردنی عوسمانیەكان بە جینۆسایدكردنی ئەرمەن لە ماوەی جەنگی یەكەمی جیهان ، ئەگەرچیش هەردوولا لە ساڵی 2009 رێكەوتنێكی ئاشتیان مۆر كرد بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هیچ جۆرە پەیوەندیەكی دیبلۆماسیانە لەنێوانیان نیە . بەڵام توركیا پەیوەندیی توندوتۆڵی لەگەڵ ئازەربایجان بونیاد ناوە ، ئەو ئازەربایجانەی لەسەر هەرێمی ناگۆرنۆ كاراباخ دوژمنایەتیەكی توندی لەگەڵ ئازەربایجان هەیە.
ئایندە چی لە هەگبە دایە؟
بە خوێندنەوەی هەموو بارودۆخەكانی ناوچەكە ، دەگەینە ژمارەیەك دەرەنجام و پێشبینی كە ئەمانەی خوارەوە هەندێكیانن:
تێبینی بوونی ناسەقامگیریەك دەكرێ لە ناوچەكەدا ، بە تایبەتیش لە نێوان رووسیا و توركیا ، بەو پێیەی توركیا هەوڵی پتەوكردنی بەرەیەكی ئیسلامی دەدات لە قەوقاز.
لە ناوچەكەدا تێكەڵبوونێك لە نێوان جوگرافیای سیاسی و فاكتەری ئاینی لە ئارادایە ، هاوكات یاریزانە بەهێز و توانادارەكان كەوتوونەتە ململانێیەكی جیۆستراتیژیی لە پێناوی كۆنترۆڵكردنی رێگە سەرەكیەكانی بازرگانی و ئەو رێڕەوانەی داهاتی ئابووری بەرچاویان هەیە.
هەر كاتێك لە ئایندەدا ئەمەریكا و رووسیا لەو بارەوە بگەنە رێككەوتنێك ، بە دوور نازانرێ هەردوولا كۆنترۆڵی رێگە و رێڕەوە بازرگانیەكانی جیهان بكەن و دواتر هەوڵی پەراوێزخستنی وڵاتانی دیكە بدەن ، بەمەش ئەو كاتە بە دوور نازانرێ ناوچەی قەوقاز كێشە و ململانێ و تەنانەت توندوتیژیش بەخۆیەوە ببینێ.









