خەبات: سەردار حوسێن
رۆژی پێنجشەممە رێكەوتی 4/4/2019 لە هۆڵی راگەیاندن – دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە ئامادەبوونی بەڕێز فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی د. بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسی لق و مەكتەبەكان و بەرپرس و ئەندامانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی هەولێر و گەرمیان و ژمارەیەك لە فەرماندەكانی هێزی پێشمەرگە و پەرلەمانتارانی كوردستان و عێراق و ژمارەیەكی بەرچاو لە كەسایەتی و رۆشنبیر و رۆژنامەنووس و نووسەر و میدیاكاران و كادیرانی لق و ناوچەكان و هەڤاڵ و هاوكارانی دێرینی رۆژنامەی خەبات، یادی 60ـەمین ساڵوەگەڕی دەرچوونی یەكەم ژمارەی ئاشكرای رۆژنامەی خەبات بەهاوكاری ستافی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندن كرایەوە، سەرەتا پێشانگایەك كرایەوە كە 60 تابلۆی لەخۆ گرتبوو.
سەرەتای رێوڕەسمەكە بە دەقیقەیەك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدانی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان و لەسەرووی هەموویانەوە بارزانیی نەمر و كاكە ئیدریسی هەمیشە لەیاد، بەدەم وتنەوەی سروودی ئەی رەقیب رێوڕەسمی یادكردنەوەكە بەڕێوەچوو.
سەلام عەبدوڵڵا سەرنووسەری رۆژنامەی خەبات بەناوی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندن و رۆژنامەی خەباتەوە بەخێرهاتنی میوانانی كرد، دواتر وتارێكی خوێندەوە، تیایدا ئاماژە بە گرنگی و ئەركی سەرەكی رۆژنامەی خەبات لە رەوتی رۆژنامەگەری كوردی دراو لە بەشێكی وتارەكەدا هات بوو: هەر وەك خەبات لە بواری گەیاندنی هەواڵ و ڕووداوەكاندا تا دڵنیا نەبووبێت لە ڕاست و دروستی سەرچاوەی هەواڵ و وردەكارییەكەی بڵاوی نەكردۆتەوە و هەر ئەمەش وای لە ڕۆژنامەكە كردووە كە جێی متمانەی تێكڕای خەڵك و خوێنەرانی بێت و سەرچاوەیەكی باوەڕ پێكراوی دانیشتوانی كوردستان و تەنانەت دەوروبەریش بێت كە ئەمەش یەكێكە لەو خەسڵەتە بایەخدارانەی لەم شەست ساڵەدا لەسەری بەدەوام بووە و پەیڕەوی كردووە و هەر لەسەریشی دەڕوات. خەبات و ئەرشیفەكەی سەرچاوەیەكی گەلێك گرنگ و بایەخدار و جێی متمانەیە بۆ هەر توێژەر و لێكۆڵەر و نووسەر و قوتابیەك كە سەبارەت بە مێژوو و خەباتی گەلەكەمان بۆ ئازادی و دیموكراتی و بەدیهێنانی داوا ڕەواكانی لەم پەنجا ساڵەی دواییدا كاری لەسەر بكات، ئەوا لاپەڕەكانی خەبات باشترین و ڕاستگۆترین سەرچاوەیە، كە بەدڵنیاییەوە پشتی پێ ببەستێ.
دواتر دەقی برووسكەی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی لەلایەن هەڤاڵ مەحمود محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندن خوێندرایەوە، لە بەشێكی برووسكەكەدا هاتووە: گرینگیی ڕۆژنامەی خەبات هەر لەوەدا نییە كە شەست ساڵە بەسەر هەموو ئاستەنگەكاندا زاڵ بووە و خۆی ڕاگرتووە و دەنگی شۆڕش بووە و سەرچاوەی دەنگوباس بووە، خەبات، فێرگەیەكیش بووە بۆ پێگەیاندنی كادیری دڵسۆز و شارەزا و پابەند بە بەها نەتەوەییەكان. هەر بۆیە دەبینین كە وێڕای ئەوەی ئێستا خۆشبەختانە كەناڵ و دەزگای زۆری ڕاگەیاندن هەن و ژمارەیەكی زۆر ڕۆژنامە بڵاو دەكرێنەوە، بەڵام خەبات هێشتا سەرقافڵەی خەباتی پەرەپێدانی هوشیاری و بەرگرییكردنە لە مافە ڕەواكانی گەلەكەمان و وەك ڕۆژنامەیەكی بە ئەزموون و سەنگین و جێی متمانە، پێگەی تایبەتی خۆی ماوە و وەك دروشمەكەی سەر ڕۆژنامەكەش دەڵێ: “تا ژیان بەردەوام بێت، خەبات بەردەوامە”.
دواتر دەقی برووسكەی رێزدار نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان خوێندرایەوە كە بە بۆنەی 60ـەمین ساڵوەگەڕی بەئاشكرا دەرچوونی یەكەم ژمارەی رۆژنامەی خەبات ئاراستەی سەرنووسەر و رۆژنامەنووس و كارمەندانی خەباتی كردبوو و لە بەشێكیدا هاتووە: بەبۆنەی 60ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی رۆژنامەی (خەبات)ی ئازیزەوە گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەكەم و ئومێدی و بەردەوامی و سەركەوتنی یزیاترتان بۆ دەخوازم. كارو تێكۆشانتان بەوپەڕی هەستی بەرپرسیاریەتییەوە بۆ گەیاندنی پەیامی ئاشتیخوازانەی پارتی و بڵاوكردنەوەی هۆشیاری سیاسی و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و بەهێزكردنی بنەماكانی كولتووری لێبووردەیی و پێكەوەژیان لە پێناو ئاشتی كۆمەڵایەتی و سەقامگیریی سیاسی و پێشكەوتنی گەل و نیشتیماندا، مایەی ستایش و پێزانینە. خەبات خاوەنی مێژوویەكی پڕ لە سەرەوەرییە و ناوێكی گەورە و دیاری نێو بزاڤی رۆژنامەگەری كوردستان و بزاڤی رزگاریخوازی كەلی كوردستانە، دەیان ساڵە لەسەنگەری داكۆكیكردن لە مافە رەواكانی گەلەكەماندا تێدەكۆشی و قوتابخانەی پێگەیاندنی چەندین كادیری لێهاتوو و بەتوانای راگەیاندن و بڵندگۆی هەموو دەنگێكی ئازادیخواز، ئاشتیخواز و پێشكەوتنخواز بووە لە كوردستان.
دواتر فیلمێكی دیكیومێنتاری 25 دەقیقەیی نمایشكرا كە تیایدا باس لە قۆناغی نهێنی دەرچوونی رۆژنامەی خەبات لە سەردەمی پاشایەتی و دواتریش قۆناغی بە ئاشكرا دەرچوونی لە 4/4/1959 تا بە سەردەمی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و گوڵان و قۆناغی دوای راپەڕین و درووستبوونی پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرا كە لە لایەن دەزگای سەتەلایتی كوردستانەوە ئامادەكرا بوو.
هەر لە فیلمە دیكیۆمێنتارییە ژمارەیەك لە سەرنووسەرانی پێشووی رۆژنامەی خەبات و برایەتی كە لە ژیاندا ماون قسەی خۆیان كردووە و ئاماژەیان بە قۆناغەكانی خۆیان داوە، هاوكات لە فیلمەكەدا قۆناغی ئێستای رۆژنامەی خەبات نیشانی ئامادەبووان درا و لە هەموو ئەوانەیشدا هەنگاوەكانی دەرچوونی رۆژنامە لە داڕتنەوەی هەواڵ و راپۆرت و دیمانە و بەدواداچوون تا بە دیزاین و نەخشەسازی و دوایین قۆناغیش چۆنیەتی چاپكردنی نمایشكران و بووە جێگەی رەزامەندی و سەرنجی ئامادەبووان.
لە دوایین بڕگەی رێوڕەسمەكەشدا چەند ژمارەیەكی كتێبێكی دیكیۆمێنتاری 296 لاپەڕەیی بە ناونیشانی (خەبات. تۆماری خەباتی نەتەوەیەك) بەسەر میوانەكاندا دابەشكرا، كە بەم بۆنەیەوە لەلایەن شكار عەفان نەقشبەندی بەڕێوەبەری هونەری رۆژنامەی خەبات و ستافی هونەری رۆژنامەكە ئامادەكرابوو، كتێبەكەش یەكێكە لەو زنجیرە بڵاوكراوانەی رۆژنامەی خەبات بەپێی توانا بڵاوی كردوونەتەوەو بریتی بوو لە دەقی ئەو برووسكە و پیرۆزباییانەی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی و كەسایەتی و رۆشنبیران ئاراستەی خەباتیان كردووە، هاوكات بەشێكیش بوو لە گێڕانەوەی هەموو ئەو سەردەمانەی رۆژنامەی خەبات و برایەتی جاران بەخۆیەوە بینیووە و وێنە و لاپەڕەی یەكەمی ئەو ژمارانەشی لەخۆگرت بوو كە بە گرنگ و پێویست زانرابوون.












