خەبات: مەریوان نەقشبەندی
سیاسەتوانێكی ناسراوی وڵاتی ئەفریقیای باشوور كە دووجار پێشتر سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە و میوانداری چەند كەسایەتییەكی هەرێمی كوردستانیشی لە شاری بریتۆریای ئەفریقای باشوور كردووە لە لێدوانێكی تایبەت بە رۆژنامەی خەبات رایگەیاند: كورد زۆربەی قۆناغەكانی رێگای سەرفرازی یەكجارەكی بڕیوە و رۆڵی بارزانییەكانی لەم قۆناغانەدا بە رۆڵێكی گەورە و مرۆڤدۆستانە وەسف كرد. هانز كارلۆس پەرلەمانتاری پێشووی ئەفریقیای باشوور لەسەر حزبی دیموكراتی مەسیحی لە لێدوانێكی تایبەت بە رۆژنامەی خەبات، گوتی: هەموو گەلێك بەپێی هەڵكەوتەی نیشتمانەكەی و بارودۆخی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی بە قۆناغی جۆراوجۆر دەڕوات تا دەگاتە ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی بەپێی ئەم پرەنسیپە ئێستا نەتەوەی كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتیش بەشی باشووری كوردستان زۆربەی قۆناغەكانی رێگای سەرفرازی و گەیشتن بە ئامانجەكانی بڕیوە و دەكرێت بڵێین ئەنجامی ریفراندۆمی جەماوەری ساڵی 2017ی خەڵكی هەرێمی كوردستان یەكێك بوو لە سەختترین قۆناغەكانی ئەم رێگایە، ئەگەرچی لێكدانەوەی جۆراوجۆر و ناڕەزایەتی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیش لەسەر ئەم ریفراندۆمە لە كاتی خۆی دروستبوو، بەڵام ئەوە دەبینین كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناتوانێت رێز لە ئیرادە و سووربونی خەڵكی كوردستان نەگرێت و دەرەنجام وڵاتانی هەرێمایەتی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لەم راستییە تێدەگات كە گەلی كورد چەند مرۆڤدۆستانە ئەم قۆناغانەیان بڕیوە و تێشدەگەن كە بارزانییەكان چەند دڵسۆزانە لە رێگای بەدیهاتنی ئەم ئامانجانەی خەڵكەكەیان و سەقامگیریی ناوچەكە خەباتیان كردووە و چەند مرۆڤانە لەپێناو گەیشتن بە خواستە رەواكانی میللەتەكەیان كاریان كردووە. هانز كارلۆس گوتیشی: كورد وەك هەندێ گەلی دیكە نییە كە چاوەڕێی گۆڕانكارییەكانی كردبێت هەتا هەنگاوێك بهاوێت، بەڵكو لە هەموو قۆناغەكان و بەپێی پێویستی قۆناغەكە ژیرانە و دوور لە توندوتیژی خەباتیان كردووە، شەڕیان لەپێناو مانەوە و سەرفرازی كردووە و لەپێناو هەمان ئامانجیش، ئاشتی و گفتوگۆیان كردووە.
سهرهتا چاوپێكهوتن سیاسەتوانێكی ناسراوی ئەفریقیا: كورد زۆربەی قۆناغەكانی رێگەی سەرفرازی یەكجارەكی بڕیوە









