خەبات: سەفەر یوسف میرخان ژاژوكی
كۆماری كوردستان لەمەهاباد ئەو دەسكەوت و قۆناغە مێژووییەی كوردە كە بۆ هەمیشە وەك سەروەرییەكی مەزن هەموو گەلی كوردستان شانازی پێوە دەكات. یەكێك لە خەسڵەتە گرنگەكانی كۆماری كوردستان مۆركە بەرفراوانە نەتەوەییەكەیەتی، كە تیایدا كوردانی باشوری كوردستانیش بە سەركردایەتی ژنەڕاڵ مستەفا بارزانی نەمر بەشدارییان كردووە.. چوونی لەشكری بارزانییەكان بە سەرۆكایەتی شێخ ئەحمەدی بارزانی و بارزانیی نەمر بۆ كوردستانی رۆژهەڵات و بەشدارییان لەبەرگری كردنیان لە كۆماری كوردستان لە مەهاباد ئەو دەسكەوت و قۆناغە مێژووییەی كوردە كە بۆ هەمیشە وەك سەروەرییەكی مەزن هەموو گەلی كوردستان شانازی پێوە دەكات.
ئەمڕۆ 72هەمین ساڵیادی لە سێدارەدانی پێشەوای كورد قازی محەمەد و هاورێیانی لە مەیدانی چوارچرای شاری مەهاباد لە بیرەوەری چەند پێشمەرگە و هەڤاڵانی بارزانیی نەمر بەشداربووی رووداوەكە بۆ خوێنەرانی ئازیزی رۆژنامەی خەبات دەخەینە ڕوو.
لە گوندی لێرەبیری سەربەدەڤەری بارزان چاوم بە هەڤاڵی بارزانیی نەمر بۆ یەكێتی سۆڤیەتی جاران مام مەلا ئەحمەد لێرەبیری بەشداربووی شۆڕشی دووەمی بارزان وبەرگری كردن لە كۆماری كوردستان لە مەهاباد كەوت كە لە بیرەوەرییەكانیدا دەربارەی قازی محەمەد بەم شێوەیە بۆ رۆژنامەی خەبات هاتە ئاخەوتن: پێشەوا قازی محەمەد و بارزانیی نەمر پەیوەندی و هەماهەنگییەكی زۆر بەهێزیان هەبووە،هەمیشە ئەوان یەك بوون و بەرێز بوون، بارزانیی نەمر هەمووكات پێشەوا قازی محەمەدی بە پێشەوای كوردان و سەرۆك كۆماری كوردستان لە مەهاباد تەماشا دەكرد، بە هەمان شێوە پێشەوای كوردان قازی محەمەد زۆر رێزی لە بارزانیی نەمر دەگرت كە فەرماندەی گشتی هێزەچەكدارەكان بوو. بارزانیی نەمر و پێشەوا قازی محەمەد هەردووكیان لە خانەوادەیەكی ئاینی وكوردپەروەر بوون و ئەوان ئامادە بوون هەموو كاتێك خزمەت بە میللەتی كورد بكەن. پێشەوای كوردان گەشبین بوو بە بارزانیی نەمر چونكە پاراستنی كۆماری كوردستان لە مەهاباد زیاتر لە دەستی بارزانیی نەمر و بارزانییەكان دا بوو كە توانیمان ئیسپاتی بكەین دەتوانین بەرگری لە كوردستان بكەین. هەمیشە پێشەوا قازی محەمەد و بارزانیی نەمر پێكەوە دەهاتنە ناو بەڕەكانی شەڕ و ئێمەیان بەسەر دەكرد و ئێمەیان ئامۆژگاری دەكردەوە، ئێمەش لە ژێر فەرمانەكانی ئەوان دابووین و رێگامان بە دوژمنان نەدا یەك هەنگاو بەرەو پێش بێـت و سەركەوتنمان بە دەست هێنا.
سەروان كیومەرس ساڵح هەواڵنێری ماهنامەی ئەرتەش لە رژێمی شاە لە بیرەوەرییەكانی دا لە بارەی دادگای كردنی پێشەوا قازی محەمەد و هەڤاڵەكانی دا دەنوسێت: دەستەی دیاریكراوی دادگا، رۆژی 25-3-1947 لە تارانەوە بەرەو تەورێز و میاندواو هات و رۆژی 28-3-1947 گەیشتنە مەهاباد. شەوێك لە سەربازگە پشووماندا و بەیانی ڕۆژی دوایی دادگا دەستی پێكرد، سەرەتا قازی محەمەدیان هێنا و هەمان تاوانی 12 مادەییەكەیان بۆ خوێندەوە. دیسان قازی وتەكانی پێشووی دوپات كردەوە. لە دادگایی كردنی قازی محەمەد دا دەركەوت كە ڕژێمی شا پتر هەوڵی بەدەستخستنی زانیاریی لەسەر ژنەراڵ مستەفا بارزانی دەدات، تا لێپێچینەوە لە قازییەكان، لەم بارەیەوە قازی محەمەد لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا كە بۆچی مەلامستەفا بارزانییان هێناوتە مەهاباد، قازی محەمەد گوتی: “مەلامستەفا لە كوردستان بێگانە نەبووە و نییە كوردستان ماڵی هەموو كوردێكە! لەگەڵ ئەوەشدا هیچ كەس ئەوی نەهێناوە، بارودۆخ وایكردووە ئەو بێت بۆ بەشێكی تر لە ماڵەكەی خۆی، واتە لە بەشێكی ماڵەكەی خۆیەوە هاتووە بۆ بەشێكی تری ماڵەكەی و وەسەلام”. لە بەشێكی تردا، كیومەرس ساڵح دەنوسێت: سەرهەنگ نیكوزادی دادوەر كە قازی محەمەد زۆر بە توندیی لە بەرامبەریدا راوەستا بوو، وەكو مار پێچی دەخوارد، پارچە قوماشێكی لە هەگبەكەی دەرهێنا كە رەنگی سور و سپی و سەوز بوو، چەكوچ و داسێكی لەسەر كێشرابۆوە و بە قازی محەمەدی گوت: “ئەدی هەموو حكومەت و ئاڵا و تەشكیلاتت ئەوە نییە؟ قازی محەمەد لەبەرامبەر ئەو كردەیەی سەرهەنگدا گوتی: “یەكەم، ئەوە هەرگیز ئاڵای كوردستان نییە و نەبووە، چونكە ئاڵای ئێمە چەكوچ و داسی لە سەر نیە!. دووەم ئەو هەڵسوكەوتەتان نیشانی كەم عەقڵی و بێشعوری تۆ دەگەیێنێ!. دڵنیابن ئێوە دەستتان بە ئاڵای كوردستان ناگات كە بێڕێزی پێبكەن. ڕۆژێكیش دێ لە سەر ئەم بینایەی كە من تێدا دادگایی دەكرێم، ئاڵای كوردستان هەڵدەدرێ و دەشەكێتەوە!. ئاڵای كوردستانم بە مەلامستەفا بارزانی سپاردووە و لەسەر شانی ئەوە، لەو چیا بۆ ئەو چیا و لەو شار بۆ ئەو شار و لەو وڵات بۆ ئەو وڵات دەچێت، تا ڕۆژێك لە تەواوی بەرزاییەكانی كوردستان هەڵدەدرێ و دەشەكێتەوە!. دڵنیا بن ئەو ڕۆژە دێت!”.
كیومەرس ساڵح لە بەشێكی تر نووسینەكەیەدا دەڵێت: دادوەر داوای لە قازی محەمەد كرد كە بە ڕادەی زانیاریی خۆی مەلامستەفایان پێ بناسێنێت. قازی محەمەد گوتی: “باشە، بەڵام لە چەند ڕەستەیەكدا دەتوانم بڵێم، مەلامستەفا بارزانی ئەوەی لە پیاوەتی و كەڕامەت و شەڕافەت و ئینسانییەت و شوجاعەت و نەبەزیی و سەخاوەت و نەترسیی لە مێژوودا كەسانی مەزن بووبێتیان، مەلا مستەفایش هەیەتی. ئەوەی موسلمانی سەدری ئیسلام لە باوەڕ و راستیی بۆ خودا و ئایین و خەڵكی هەژار و داماوی میللەت بوویانە، بارزانی هەموو ئەوانەی تێدایە، هەروەكو سەعدی دەڵێت: هر انچە خوبان هەمە دارند، او بە تنها دارد. جا حەز دەكەن باوەڕ بكەن و پێتان خۆش بێ یا حەز دەكەن پێتان ناخۆش بێت”.
بەوتەی كیومەرس ساڵح، هەموو ئەوانەی لە دادگا بوون، سەریان لەو تاریفەی قازی محەمەد سوڕما، لەلایەكی تر لەبەشێكی دادگایی كردنەكەدا دیسان لە قازی محەمەد دەپرسن، چ پەیوەندیەك هەبوو لەگەڵ مەلا مستەفادا و ئەو چ پێ ڕاسپاردی و چ نەخشەیەكی بۆ ڕزگاركردنت هەبوو؟. لە وەڵامدا قازی محەمەد دەڵێ: “مەلامستەفا بارزانی زۆری هەوڵدا من لەگەڵی بچم، تا خرابوومە بەندیخانەوە پێیگۆتم كە من دڵ بە بێ تاوانیی خۆم خۆش نەكەم!، مەلامستەفا وێنەی ڕاستینی ئێوەی عەجەمی بۆ كیشام و تێیگەیاندم كە ئێوە چۆنن و چین و كێن؟!”. سەرهەنگ عەتا لێی پرسی: دەكرێ بڵێی ئەو وێنەیەی كە لە ئێمە بۆ كێشاوی چی بوو و چۆن بوو؟ قازی محەمەد گوتی: “بەڕاستی مەلامستەفا ئێوەی لە هەموو كەسێك باشتر ناسیوە، ئەو پێیگوتم: هیچ گەل و میللەتێك وەك عەجم نییە، عەجەم كاتێك دەسەڵاتی هەبوو، لە خۆی بێبەزەیی و بێویژدانتر و زالمتر نییە، بەڵام ئەگەر ژێردەست بوو، كەس ناتوانێ و نازانێ وەك عەجەم خۆی مەزڵوم بكا و بپاڕێتەوە. لە كاتی بە هێزیشدا هەرچی لە دەستی دێ، دەیكا و لەكاتی بێدەسەڵاتیشدا هەر ڕێگایەك بۆ دەرباز بوونی تاقی دەكاتەوە، گوتی تۆ بە هیوای ئەوە مەبە كە عەجەم لێت خۆش ببێت”.
لە گوندی بارزان چاوم بە هەڤاڵی بارزانیی نەمر بۆ یەكێتی سۆڤیەتی جاران مامڕەشید حەمۆ شنگێلی بەشدار بووی بەرگری كردن لە كۆماری كوردستان كەوت، لە بارەی لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەد و هاوڕێیانی لە مەیدانی چوارچرای مەهاباددا لە بیرەوەرییەكانی دا بۆ رۆژنامەی خەبات گوتی: هەرچەندە تەمەنی كۆماری كوردستان لە مەهاباد زۆری نەخایەند و كۆمارەكە بەرەو چارەنووسێكی نادیار رۆیشت، ئێمەی لەشكر بەبێ جیاوازی لەگەڵ رابەرمان بارزانیی نەمر بە تەوای پاڵپشتی كۆماری كوردستان لە مەهاباد بووین، لە چەندین شەڕدا وەك سەقز و نەلۆس و ئالتون و میاندواو وهتد..پێشەوا قازی محەمەد لەگەڵ بارزانیی نەمر هەموو كاتێك سەردانی ئێمەیان چ لە كاتی شەڕ یان لە حاڵەتی پشوودان، باش لە یادمە بارزانیی نەمر جل و بەرگی ژەنراڵی و پێشەوا قازی محەمەد بەجل وبەرگی مەلایەتی دەهاتن و ماندووبوونیان لە ئێمە دەكرد و ئێمەیان هان دەدا بۆكوردایەتی. دوای تێكچوونی كۆماری كوردستان لەمەهاباد بارزانیی نەمر چەندین جار داوای لە پێشەوا قازی محەمەد كرد مەهاباد بەجێبهێڵێت، لەیادمە كە بارزانیی نەمر چەندین جار بە پێشەوا قازی محەمەدی فەرمووو: “خۆت رادەستی دوژمنەكان مەكە چونكە هەر دەتكوژن، بە خۆت و هاورێیانت لەگەڵمان وەرن”، بەڵام پێشەوا قازی محەمەد بە بارزانیی نەمری فەرموو: “ئێوە بڕۆن، دەمەوێت ئەمانەتێك بە تۆ بدەم و جەنابتان وەكو راسپاردەیەك ئەم ئەمانەتە بپارێزن، كە رۆژێك لە رۆژان دادێت ئەم ئاڵایە لە كوردستانی ئازاد هەڵبكرێت”، دواتر هەردووكیان خواحافیزییان لە یەكتر كرد هەرچەندە بارزانیی نەمر دەیزانی پێشەوا قازی محەمەد دەكوژن و دواتر لە رادیۆ گوێمان لێبوو كە پێشەوا قازی محەمەد و هاورێكانی گیانی خۆیان كردۆتە قوربانی كورد و كوردستان .دوایی تێك چوونی كۆماری كوردستان لە مەهاباد و دا ئیدی ئەوە بوو من یەكێك لە هەڤالانی بارزانیی نەمر بووم كە بۆ ماوەی 12 ساڵ لە یەكیتی سۆڤیەتی جاران مابووینە دوایی بەشداریم لە شۆڕشی ئەیلوولی مەزن و گوڵان كرد. بۆیە پێویستە هەموو سالێك ئەم یادە مەزنە لە سیدارەدانی پێشەوای كوردان قازی محەمەد و هەڤاڵەكانی بە شكۆدارییەوە بكەینەوە چوونكە ئەو دەستكەوتانەی كە ئەمرۆ گەلی كوردستان پێ شاد بووە بەرهەمی خوێنی شەهیدانە و خەبات و تیكۆشانی پێشمەرگە قارەمانەكان و گەلی كوردستانە بۆیە دەبێ نرخی ئەم دەستكەوتانە بزانین وبە باشترین شێوە بیپارێزین. هەتادەمرم خۆم هەر بەپێشمەرگەی بارزانیی نەمر دەزانم.
سەروان كیومەرس ساڵح دوای خانەشین بوونی، لە ژێرنوسی گۆڤارێكی تردا نووسیویەتی: ئەو كاتە هەواڵنێری ماهنامەی ئەرتەش بووم، وەك هەواڵنێر، لە زۆربەی دادگای سەربازیی و مەدەنییەكاندا بەشدار بووم، بەڵام هەرگیز كەسێكم بە ڕادەی قازی محەمەد بەجەرگ و بوێر نەدیوە، هەرگیز لە كاتی دادگاكردنیدا نەترسا و زۆر بەبێ باكی قسەی دەكرد و وەڵامی پرسیارەكانی دەدایەوە، وەك ئەو دەچوو كە لە كۆڕی جەژن و داوەتدا دانیشتبێت. سەرەنجام قازی محەمەد و هەڤاڵانی بە فەرمانی ڕاستەوخۆی محەمەد ڕەزاشا، رۆژی 31-3-1947 هەر لەو شوێنەی كە كۆماری كوردستانیان لێ راگەیاندبوو، لە سێدارەدران. سەروان كیومەرس ساڵحیش بە هۆی ئاشكرا كردنی نهێنییەكانی سوپا و جوڵانەوەی بە دژی ئەمنییەت وڵات درا بە دادگا و لە بڵاوكردنەوەی ماهنامەكەش خۆیان پاراست.
لە یادی 72مین ساڵیادی لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەد و هەڤاڵەكانی هەزاران سڵاو لە گیانی ئەوان و گشت شەهیدانی رێگای رزگاری كوردستان و سەروەریان بارزانیی نەمر و كاك ئیدریسی هەردەم ساغ.
سەرچاوە:
ـ چاوپێكەوتنم بۆ رۆژنامەی خەبات لەگەڵ چەند هەڤاڵی بارزانیی نەمر بەشداربووی رووداوەكە.
ـ سود وەرگرتن لە پەرتووكی مستەفا بارزانی پێشمەرگە و سەرۆك لە نوسینی حامد گەوهەری.









