خه‌بات: ئەردەلان هەولێری

ئەم وەرزە یانەی هەندرێن ئاستی وەك پێویست نەبوو لەخولی نایابی كوردستان، ئەمەشیان بۆ چەندین هۆكار دەگرێتەوە لەسەرووی هەمووشیان ئامادەكاری پێشوەختەیان بۆ خولەكە نەكردبوو، بۆیە ئەم وەرزە تیپەكەیان نەیانتوانی ڕكابەری لەسەر پلەكانی پێشەوە بكەن، بۆ ئەم مەبەستە و تیشك خستنە سەر چەند تەورێكی دیكەی گرینگی سەر بەیانەكە، حاكم جەمال جەمیل سەرۆكی یانەی هەندرێن لەبارەی ئاستی تیپەكەیان لەخولی ئەم وەرزەی كوردستان بۆ خەبات گوتی: بۆ ئەم وەرزەی خولی نایابی كوردستان ئامادەكارییەكی تەواومان نەكردبوو كەببێتە جێی رەزامەندی هەموولایەك، بەڵام خۆشبەختانەش ئەم وەرزە بەهەوڵ وهیمەتی ستافی ڕاهێنەران و سەرجەم یاریزانەكانی نێو تیپەكە توانیوومانە ئاستێكی باش نیشان بدەین ، ئەگەرچی ئەم وەرزە ئاستی یانەكانی كوردستان بەجیاوازی پارساڵ زۆر جیاواز بوو لەزۆر ڕووەوە، هەندێك یانە هەن كەپارساڵ ڕكابەری نازناوی خولەكەیان دەكرد، بەڵام ئەمساڵ ئاستی تیپەكەیان وەك پێویست نەبوو، بۆیە لەم خولەدا هەندێك یانە بەهێز دەركەوتن و هەندێكیش لەئاستێكی مامناوەندی دابوون ، بەهەر حاڵ ئەم وەرزە خولەكە تارادەیەكی باش بەهێزی یانەكانی تێدا دەبیندرا، بەتایبەتی یانەكانی دەرەوەی شار ئاستێكی چاوەڕواننەكراو پێشكەش دەكەن ، بۆیە هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم كەبەردەوام بن لەسەر ئەم ڕیتمە.

گوتیشی: ئەم وەرزە زۆر متمانەمان لەسەر یاریزانە لاوەكان دەكرد و هەروەها بەپێی ئیمكانیاتی خۆمان لەگەڵ تیپەكە دەڕویشتین، ئەگەرچی ئیمكانیاتی ماددی ومەعنەوی وایكردووە هەموو لەنێو یاری تۆپی پێدا چڕ بكرێتەوە، ئەمەشیان لەهەموو دونیا باوە تۆپی پێی پێش هەموو یارییەكانە.

هەر لەبارەی دەستكەوتەكانی یانەكەیان حاكم جەمال بۆ ئەم مەبەستەش گوتی: لەخولی نایابی كوردستان و خولی تازەپێگەیشتووانان پلەی یەكەمی كوردستانمان بەدەستهێنا، بەڵام هیچ لەبارودۆخەكە نەگۆرا و تەنها دەستكەوتێكی مەعنەوی بوو.

دواجار سەرۆكی یانەی هەندرێن لەبارەی خەرجكردنی پارەیەكی زۆر بۆ خولی كوردستان ئەوەی ئاشكرا كرد: لەكاتی بەرێوەچوونی خولی نایابی كوردستان بێگومان پارەیەكی یەكجار زۆر خەرج دەكرێت بۆ بەرێوەچوونی یارییەكان بەشێوەی چوون و هاتن، لەگەڵ ئەوەدا ئەو هەموو پارە و خەرجییە زۆرە لەیاریزانان و یارییەكان خەرج دەكرێت، لەبەرامبەردا هیچ شایستەیەكی دارایی بۆیانەكان خەرج ناكرێت.