خهبات: رەمزی میرەكانی
جارێكی دیكە وادەی هەڵبژاردنەكان لە توركیا تازە دەبێتەوە، كاتێك رۆژی 31 ئەو مانگە 57 ملیۆن دەنگدەر روو لە سندوقەكانی دەنگدان دەكەن، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی شارەوانییەكانی شار و شارۆچكەكان، كە نزیكەی نیو ملیۆن پاڵێوراو لە 13 پارتی سیاسیی بەشداری تێدا دەكەن. ئەو هەڵبژاردنە لە زۆر رووەوە لە هەڵبژاردنەكانی پێشوو جیایە، گرنگترینیان ئەوەیە، یەكەم هەڵبژاردنە دوای گۆڕینی سیستمی دەسەڵاتی توركیا لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی، لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی و سەرۆكایەتی پێش وەختەدا، ئەوەی لە رێكەوتی 24 حوزەیرانی 2018 بەڕێوەچوو، لەسەر بنەمای هەمواركردنەوەكانی دەستووریی، كە لە گشتپرسی لەسەر هەمواركردنەوەی دەستوور لە 16 نیسانی 2016 بڕیاری لەسەر دا.
ئەگەر چاو بە رێڕەوی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن بخشێنیت دەبینیت، رەوشی ئابووری لە پێشەوەی خشتەی كارەكانی پارتی دەسەڵاتدار و پارتەكانی ئۆپۆزسیۆن دێت. كەمال كلیچدار ئۆغلۆ، سەرۆكی پارتی گەلی كۆماریگەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆن، لەگەڵ هاوپەیمانەكەی لە هەڵبژاردنەكاندا، میرال ئەكشنار، سەرۆكی پارتی باش، كە پارتەكانیان لە ژێر چەتری هاوپەیمانی میللەت بەشداریی لە هەڵبژاردنەكاندا دەكەن، هەوڵ دەدەن، قەیرانی ئابووری بقۆزنەوە، بۆ ئەوەی گوشار بخەنە سەر هاوپەیمانی گەل، كە لە پارتی داد و گەشەپێدان و بزاڤی نەتەوەیی پێكهاتووە. چەكی هاوپەیمانی میللەتیش، خۆی لە چاودانە سەر ئیفیلیجی حكومەت لە بەڕێوەبردنی ئەو قەیرانە دەنوێنێت، تاكو رادەی ئەوەی پاڵی پێوەنا سەوزە و میوە، لە بنكەی میری و بە نرخێكی هەرزانتر بفرۆشێتەوە، دوای ئەوەی حكومەت باسی پرۆژەی گەورە گەورەی دەكرد. پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار، هەوڵ بۆ مسۆگەركردنی بردنەوە بە رێژەی زیاتر لە %50 كورسییەكان دەدات، لە پێناوی بەدیهێنانی ئامانجی ئەردۆغان، بە بنیاتنانی توركیایەكی تازە، لەگەڵ هاتنی ساڵی 2023 كە هاوتایە لەگەڵ یادی سەد ساڵەی دامەزراندنی كۆماری توركیای تازە، لەسەر دەستی مستەفا كەمال ئەتاتوركدا. ئەردۆغان هەستی بە گوشاری توندی ئۆپۆزسیۆن كرد، دوای ئەو سەركەوتنانەی بۆی هاتەدی، لە میانی گشتپرسی لەسەر دەستوور لە ساڵی 2017، پاشان لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی و سەرۆكایەتی پێش وەختە لە حوزەیرانی 2018. ئەو سەركەوتنانەش پاڵیان پێوەنا لەسەر گوشارخستنە سەر پارتەكەی، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان بەردەوام بێت، كە لە توركیا وا سەیری دەكرێت، ئاماژە دەبێت بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی، كە مانگی حوزەیرانی داهاتوو بەڕێوە دەچێت، چونكە دواتر زەمینە بۆ براوەی ئەو هەڵبژاردنە خۆش دەكات.
لە سۆنگەی هەستكردن بە مەترسی هەڵوێستەكان لەو هەڵبژاردنەدا، ئەردۆغان بڕیاری دا، چەند ناوێكی گەورە لە شارەوانی هەر سێ شارە گەورە و گرنگە كە دابنێت، كە ئۆپۆزسیۆن تێیاندا هەڕەشەی لە گشتپرسی لەسەر هەمواركردنەوەی دەستوور و هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی لێكرد، ئەوانیش ئەستەمبۆڵ، ئەنكەرە و ئەزمیرن، بۆیە بینالی یەڵدرم، دوایین سەرۆك وەزیران پێش سیستمی سەرۆكایەتی، ئەو هاوپەیمانەی دەبووە سەرۆكی پەرلەمان، دوای رەتكردنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران، بۆ پاڵاوتن بۆ كورسی سەرۆكی شارەوانی ئەستەمبۆڵ، لە مبارەیەوە وتی، ئەو هاوڕێی رێگەی خۆی هەڵبژاردووە، بۆ ئەوەی لەو جەنگە بەشداریی بكات. هەروەها ئەردۆغان، دوو وەزیری لە حكومەتی پێشووی داناوە، ئەوانیش محەمەد ئۆزهەسكی، وەزیری ژینگەی پێشوو، بۆ خۆ پاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆكایەتی شارەوانی ئەنكەرە، لەگەڵ نیهاد زیبكەچی، وەزیری ئابووری پێشوو، بۆ سەرۆكایەتی شارەوانی ئەزمیر. پێشبینی دەكرێت یەڵدرم لە ئەستەمبۆڵ سەركەوتوو بێت، بەڵام راپرسییەكان دەری دەخەن، مەنسووڕ یاواش، پاڵێوراوی پارتی گەلی كۆماری، لە پێش پاڵێوراوی داد و گەشەپێدان، ئۆزهەسكی لە ئەنكەرە دێت، جەنگی نێوانیشیان هەرگیز ئاسان نابێت. ئۆپۆزسیۆن دەیەوێت بنكەی هەڵبژاردنی پارتی داد و گەشەپێدان بهەژێنێت، دوای ئەوەی دەركەوتنی پارتی باش، بە رابەرایەتی میرال ئەكشنار، كە لە توركیا بە ئافرەتی پۆڵایین ناسراوە، بۆ هۆی بردنی بەشێك لە دەنگدەرانی داد و گەشەپێدان و بزاڤی نەتەوەیی. لەلایەكی دیكەوە، هاوپەیمانی میللەتی ئۆپۆزسیۆن، لەلایەن پارتی سەعادەتی ئیسلامی و پارتی گەلانی دیموكراتی، لایەنگری كوردانەوە، پشتیوانی لێ دەكرێت.
چاودێران پێیان وایە، ناتواندرێت بە ئاسوودەیی بڵێی-بە پێچەوانەی جاران- ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، بۆ بەرژەوەندی پارتی داد و گەشەپێدان یەكلایی بووەتەوە، بە پشتن بەستن بەو خزمەتانەی لە شارەوانی و گەڕەكەكان پێشكەشی كردووە، چونكە فاكتەرێكی دیكە هەیە، كە لە هەموو هەڵبژاردنەكانی توركیا بەدی دەكرێت، ئەویش دەنگدانی پارتەكانە لەسەر بنەمای پرەنسیپەكانەوە. لە هەمان كاتیشدا ئۆپۆزسیۆن هەوڵ بۆ ئەوە دەدات، قەناعەت بە دەنگدەر بێنێت، بەوەی كاتی گۆڕانكاریی هاتووە، دوای 16 ساڵ لە قۆرخكردنی داد و گەشەپێدان بۆ دەسەڵات. كە بە كردەوە ئەو پارتە ئیسلامییە، هەموو هەڵبژاردنەكانی لە ئۆپۆزسیۆن بردەوە، لەسەرووی هەمووشیانەوە، پارتی گەلی كۆماری، هەر ئەوەش پاڵی بە میرال ئەكشنار، سەرۆكی پارتی باش وەنا، بانگی دەنگدەران بكات، بۆ ئەوەی بە ئازادی دەنگ بدەن، چونكە توركیا ئێستا جێگرەوەی پارتی دەسەڵاتداری لێ هەڵكەوتووە. لەوەش زیاتر، ئێستا بیرۆكەی پێویستی گۆڕین، تەنیا لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە ناخرێتە روو، بەڵكو لەنێو خودی پارتی داد و گەشەپێدانیش ئەو ئاراستەیە هەیە. گفتوگۆكانیش لەبارەی دەركەوتنی پارتێكی سیاسیی تازە گەرم بوون، كە چەند سەركردەیەكی كۆنی داد و گەشەپێدان سەرۆكایەتی بكەن، لە پێشەوەی هەمووشیانەوە سەرۆكی پێشوو، عەبدوڵڵا گوڵ و سەرۆك وەزیرانی پێشوو، ئەحمەد داود ئۆغلۆ.پێ دەچێت ئەو گفتوگۆیانە راست بن، بەڵگەش ئەوەیە پاڵیان بە ئەردۆغان وەنا بڵێت:”چەند جیابوویەوەیەك لە پارتی داد و گەشەپێدان هەن، كە پێویست ناكات ناویان بێنین، ئەوانە مەحاڵە جارێكی دیكە لەگەڵیان لەسەر یەك رێگەدا بڕۆین”. ئەردۆغان ویستیشی لە قەبارەی پارتە تازەكە كەم بكاتەوە و وتی:”پێشتر چەندین كەس پارتیان داناوە، خەڵكیش دەزانن چارەنووسیان چی بەسەرهات، راستگۆیی و دڵسۆزیی، دوو شتی زۆر گرنگن، ئەوانە هیچیان نەدەوت، ئەو كاتەی پۆستمان پێ دەبەخشین، بەڵام كاتێك پێمان وتن، دەبێت پشوو بدەن، دەستیان بە قسەكردن لە بارەی پارتی تازە كرد، ئەوانەی لە شەمەندەفەرەكە دابەزین، ناتوانن جارێكی دیكە سواری ببنەوە”.
قسەكانی مەحجوبیان، ئەو كەسەی لەنێو چێشتخانەی سیاسیی توركیادا بوون، كە هێشتا پەیوەندی بە بەرپرسانی گەورەی وڵاتەوە ماوە، وەكو دووپاتكردنەوەی حاڵەتی مشتومڕی نێو داڵانی سیاسیی توركیا بوو، كە ماوەیەكە هەستی پێ دەكرێت و بەشێكە لەو قسەو باسانەی لەبارەی، دورستكردنی پارتێكی سیاسیی تازە، لەلایەن گوڵ و داود ئۆغلۆوە دەكرێت. چرپەكان تەنیا لەسەر گوڵ و داود ئۆغلۆوە نییە، بەڵكو عەلی باباجان، جێگری پێشووی سەرۆكی وەزیران، بۆ كاروباری ئابووریش دەگرێتەوە، كە ماوەیەك وەزیری دەرەوەش بوو، بەر لەوەی لە ساڵی 2013، لە دیمەنی سیاسییەوە ون بێت، هەروەها محەمەد شیمشەك، جێگری پێشووی سەرۆكی وەزیران، بۆ كاروباری ئابووری، كە لە بواری ئابوورییەوە، كاروانەكەی باباجانی تەواوكرد، ئەویش دوای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی و سەرۆكایەتی، لە حوزەیرانی رابردوو، دوور خرایەوە لایەنگرانی ئەرۆدغانیش، پارتە تازەكە بە پارتی بێجامە یان پارتی دواكەوتووان لە شەمەندەفەرەكە وەسف دەكەن، لە هەمبەردا لایەنگرانی بیرۆكەكە وەڵامیان ئەوەیە، توركیا پێویستی بە خوێنی تازەیە، بە بیر ئەوانەشی دەهێننەوە، كە هێرش دەكەنە سەر گوڵ و داود ئۆغلۆ، ئەردۆغان و هاوڕێیەكانی چیان لە كۆچكردوو نەجمەدین ئەربەكان كرد، كاتێك لێی جیابوونەوە و پارتی داد و گەشەپێدانیان دامەزراند.
هەڵبژاردنەكانی توركیا بە ژمارە
- لە كاتی هەڵبژاردنەكاندا، سەرۆكی 30 شارەوانی شاری گەورە، 1351 دە ەری كارگێڕی، 1251 ئەندامی ئەنجومەنی ویلایەت و 20500 ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی هەڵدەبژێردرێن.
- پارتی داد و گەشەپێدان، بە سەرۆكایەتی سەرۆك رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە 30 ئاداری 2014 رێژەی %45.6 دەنگەكانی بەدەستهێنا. كەچی راپرسییەكان تاكو ئێستا ئاماژە بەوە دەكەن، لەوانەیە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، رێژەی 36 و 38 لە سەدای دەنگەكان بەدەست بێنێت.
- لە ماوەی 4 ساڵ و 3 مانگ لە توركیا، 6 هەڵبژاردنی پەرلەمانی، سەرۆكایەتی و یەك گشتپرسی، لەسەر هەمواركردنەوەی دەستوور ئەنجام دراوە.
ژمارەی دانیشتوانی شارەكانی توركیا
بە گوێرەی مەزندەكانی ساڵی 2015، ژمارەی حەوت شاری توركیا، لە یەك ملیۆن كەس زیاترە، ژمارەی دانیشتوانی ئێستای توركیا بە 82 ملیۆن كەس مەزندە دەكرێت.









