خهبات: كاروان محەمەد سینۆ
زیاتر لە سەدەیەكە میللەتی كورد بەهەموو شێوە و شێوازێك چەكداری و مەدەنی خەباتی كردووە لە پێناو وەدەست هێنانی ئازادی و سەربەخۆیی كوردستان. لەم رووەوە سەدان هەزار كەس لەپێشمەرگە و خەڵكی سڤیل خۆیان كردۆتە قوربانی ئازادی و سەبەخۆیی. لەچەندین قوناغیشدا مللەت و پێشمەرگە ئاوێتەی یەكتر بوونە و گەیشتوونەتە ئامانج ئەگەرچی كاتیش بووبێ، بەڵام هەردەم خواست و بەرژەوەندیەكانی داگیركەرانی كوردستان و زلهێزانی جیهان یەكیان گرتووە دژی میللەتی كورد و خەڵكی كوردستان و لە ئەنجامدا شۆڕش و بەرخودان و سەرهلدانەكانی خەڵكی كوردستان بوونەتە قوربانی خواست و بەرژەوەندییەكانی داگیركەران.
زیاتر لە سەدەیەكە میللەتی كورد بەهەموو شێوە و شێوازێك چەكداری و مەدەنی خەباتی كردووە لە پێناو وەدەست هێنانی ئازادی و سەربەخۆیی كوردستان. لەم رووەوە سەدان هەزار كەس لەپێشمەرگە و خەڵكی سڤیل خۆیان كردۆتە قوربانی ئازادی و سەبەخۆیی. لەچەندین قوناغیشدا مللەت و پێشمەرگە ئاوێتەی یەكتر بوونە و گەیشتوونەتە ئامانج ئەگەرچی كاتیش بووبێ، بەڵام هەردەم خواست و بەرژەوەندیەكانی داگیركەرانی كوردستان و زلهێزانی جیهان یەكیان گرتووە دژی میللەتی كورد و خەڵكی كوردستان و لە ئەنجامدا شۆڕش و بەرخودان و سەرهلدانەكانی خەڵكی كوردستان بوونەتە قوربانی خواست و بەرژەوەندییەكانی داگیركەران. شاراوە نییە كە شۆڕشەكانی ئاگری داخ و دەرسیم و شۆڕش شێخ سەعیدی پیران و شێخ رەزا و شۆڕشە یەك لەدواییەكەكانی بارزان و شۆڕشی شێخ مەحموودی حەفید و كۆماری كوردستان لە مەهاباد و شۆڕی ئەیلوولی مەلامستەفای بارزانی و شوڕشی گوڵان و ڕاپەڕینی بەهاری 1991 و ریفڕاندۆمی سەربەخۆیی كوردستان 2017 بەرێبەرایەتی جەنابی سەرۆك مسعودبارزانی . هتد هەموو ئەم شۆڕشانە و بەرخودان و سەرهەدان و ڕیفراندۆم بە گەلەكۆمی داگیركەرانی و زلهێزەكان بوونە قوربانی بەرژەوەندی ئەوان و خواست و هیواو ئاواتی میللەتی كورد و خەڵكی كوردستان لەخاچ دراوە.
28ساڵ لەمەو پێش و لە ڕۆژێكی وەكو ئەمڕۆ، پاش ئەوەی لە ڕاپەڕینێ شێرانەدا بەهاری 1991 هەڵمەتی پێشمەرگە و تواوی خەڵكی كوردستان ئاوێتەی یەكتربوون و زۆرینەی خاكی كوردستان لە داگیركە ڕزگار و ئازاد كرا. بەڵام دووبارە داگیركەری كوردستان ڕژێمی بەعسی فاشی بەغدا بە ئاگر و ئاسن رووبەرووی ڕاپەڕینی خەڵكی كوردستان بوویەوە. بەفڕۆكەی سەربازی و تانك و زرێپۆش و بۆمب و تەواوی سوپای عێراق هێرشی كردەوە سەركوردستانی ئازاد كراو. سەرەتا لە 27/3/1991 شاری كەركووكی دڵی كوردستانی داگیر كردەوە. بەڕەشبگیری دەستی كرد بە گرتن و كوشتنی كوردانی شاری كەركووك دڵی كوردستان، لەم رۆژەڕەشەدا خەڵكی سڤیلی كەركووك كە هەوای ئازادییان هەڵمژی بوو ئەوەیان رەتكردەوە كە دووبارە لەژێردەستی داگیركەردا بژین. بۆیە هەر كە رژێمی بەعسی شۆڤینی بەنیازی داگیركردن هێڕشی كردە سەر كەركووك ، خەڵكی شارەكە داگیركردن و ژیانی ژێردەستەی داگركەریان رەت كردەوە و بە لێشاو روویان كردەی شاری هەولێر و سلێمانی. هەر لەم رۆژەدا 27/3/1991بارودۆخی كوردستان ئاڵۆز بوو و بەبەرچاوی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی شاری كەركووكی دڵی كوردستان داگیركرا و خەڵكەكەی قەتڵوعام و دەربەدەركران. داگیركردنی كەركووك و بێدەنگی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەئاست ئەم رووداوە، كاریگەری نەرێنی هەبوو لەسەر هەست و دەروونی خەڵكی كوردستان بەگشتی، دووبارە خەڵكی كوردستان ئەوەی بەبیر هاتەوە كە بێجگە لە چیاكان كورد هیچ دۆستێكی نییە. دوای داگیركردنی شاری كەركووك دڵی كوردستان هەر بەهەمان شێوە لە ڕۆژێكی وەكو ئەمڕۆ 31/3/1991 حكوومەتی بەعسی عێراق هێڕشی كردەسەر شاری هەولێری پایتەختی كوردستان، لەبەر ئەوەی خەڵكی شاری هەولێریش ژیانی كۆیلەتی و ژێردەستی داگیركەری ڕەتكردەوە، بۆیە لەم رۆژەدا دەتوانم بڵێم زۆربەی هەرەزۆری خەڵكی شار هەولێریان بەجێهێشت و دەستكرا بە كۆرەوەی بەرەو شاخ و شار و شارۆچكەكانی دەرەوبەری هەولێر پیرمام، كۆڕێ، شەقڵاوە …تاكو سنورەكانی ئیران و توركیا.
لە شەوی 31/3/1991 شاری هەولێر بەتەواوی لەلایەن ڕژێمی بەعس داگیر كرا. بەڵام وانەبێ داگیركردنی شاری هەولێر هەروا بێ تۆڵەو بێ پەرچەكردار و بێ وەڵام مایەوە،بەڵكو پێشمەرگەی كوردستان بە سەرۆكایەتی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی، دیسانەوە شانیان دایەوە بەر بارەقورسەكەی پاراستنی خاكی كوردستان و جەنابی سەرۆك بارزانی بڕیاریدا كوردستان یان نەمان. هەرلە رۆژی داگیركردنی شاری هەولێر لەلایەن رژێمی بەعسەوە، جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی بروسكەیەك ئاراستەی سوپای بارزان و میحوەری هەولێر دەكات لەو برۆسكەیەدا هێزەكان ئاگادار دەكاتەوە كە بەهەر قیمەتێك بێ نەهێڵن دوژمن بگات بە شەقڵاوە،ئەبێ لە “لەكۆڕێ” مقاومە بكەن. دەم و دەست هەر دوای ئەم بروسكەی جەنابی سەرۆك و لەژێر چاودێر و بەشداری راستەوخۆی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی، پێشمەرگەی پارتی دیموكراتی كوردستان محیوەری هەولێر،هێزی بارزان، كەوتنە خۆرێكخستن و پلاندانان بۆ ئەوەی نەهێڵن دوژمن و داگیركەر زیاتر لە سەنتەری شاری هەولێر پێ بنێنە نێو خاكی كوردستان،بۆیە دیسانەوە هەروەك جاران پێشمەرگەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان پەنایان بردەوە بە چیاكانی كوردستان وەك دۆستی دێرین و هەمیشەی كورد و سەنگەری خۆگوری كردن و فیداكارییان لە دەربەندی كۆڕی وەكو شوێنێكی ستراتیجی سەربازی لە نێوان پیرمام و شەقڵاوە دامەزراندن و پەیمانیان بە گەڵ و نیشتیماندا كوردستان یان نەمان و بوونە دڕكی سینگی دوژمنان و ئاستەنگی لەبن نەهاتوو بەرووی پێشڕەوی سوپای رژێمی بەعسی عێراق. لە رۆژی 3/4/1991 لە كۆنە فڕۆكەخانەی شارۆچكەی دیانا، لەپێناو خۆڕاگری و بەرگری كردن لە خاكی كوردستان جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی گوتارێكی ئاراستەی خەڵكی ئاوارەی هەولێر و شارەكان كرد و گوتی:”بۆ كوێ ئەچن؟!، ژیانی پەناهەندەگی لەو وڵاتە یان ئەو وڵاتی تر، ژیانێكی تاڵ و ناخۆشە، مردن لەسەر خاكی كوردستان سەد هەزارجار پیرۆز تر و سەربەرزترە لەوەی ئینسان لە ئەوروپا بی یان لە وڵاتێكی تر ئاوارەبی”. لە درێژەی گوتەكەیدا جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی گوتی: “من لێرەم هەتا دوا دلۆپی خوێنم، ئێوەش لەگەڵ ئێمە لێرە بن و لە وڵاتی خۆتان بمێننەوە”……، ئینجا سەرۆك مسعود بارزانی پەیمانی بەخەڵكی ئاوارەبووی كوردستاندا و گوتی: “یەك وەعدتان ئەدەینێ، یان بەسەر لاشەی ئێمەدا دوژمن دێن بۆ كوردستان، یان دوژمن نایێتەوە بۆ كوردستان”.
دوابەدوای ئەم گوتارە جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی رۆژانە چاودێری راستەو خۆی سەنگەری بەرگری دەربەندی كۆڕێـی دەكرد. لە 7/4/1991 واتا هەفتەیەك پاش داگیركردنی هەولێر، لەداستانێكی خۆگۆریكردن و قوربانی بێ وێنەدا پێشمەرگەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەرپەرشتی و بەشداری راستەوخۆی جەنابی سەرۆك بارزانی لەشەڕی یەكەمی كۆڕێگەورەترین سەركەوتنیان بەسەر سوپای عێراق بەدەست هێنا،چەندین سەرباز كوژران و چەندی دیكەش بەدیل گیران و چوار تانك و چەند ئۆتۆمبێلێكی سەربازی كەوتە دەستی پێشمەرگە كە چەك و تەقەمەنی تێدابوو و چەندین تڤەنگی كلاشینكۆف و ئارپێچی و فیشەك و كەلوپەلی سەربازی دەسكەوتی پێشمەرگە. هەر خۆیشی سەرۆك بارزانی سەرپەرشتیی تێكشكاندنی هێرشی سوپای ڕژێمی كرد لە شەڕی یەكەم و دووەمی كۆڕێ كە ئێستاش تانكە تێكشكێندراوەكانی ڕژێمی بەعسی بەغدا لەكۆڕێ ماون و شاهێدی قارەمانی و بەرگریی پێشمەرگەی پارتی و بارزانین. ئەم سەركەوتنەی پێشمەرگەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و دواتر سەركەوتنی دووەم لە شەڕی دووەمی كۆڕێ لە11/4/1991 بوونە ئەگەری ئەوەی رژێمی فاشی بەغدا چۆك دانێ و ملكەچی دانوستان بێت، و ئەمە دواشەڕی رژێمی بەعس بوو لەگەڵ پێشمەرگەكانی پارتی و دواتر پاش دانوستانەكان رژێمی بەعس بەناچاری و دواجار هەولێر و كوردستانی بەجێ هێشت.
شایانی باسە ئەگەرچی زۆرینەی زۆری خەڵكی كوردستان لە داگیر كردنی شار هەولێریان بەجێ هیشت و ئاوارە و دەربەدەری سنوورەكان و ئیران و كودرستان بوون. بەڵام كۆڕەوییەكەی ساڵی نیسانی 1991 پەیامێك بوو بۆ رژێمی ئەوكاتی بەغدا و كۆمەڵگای نێوەدەوڵەتی و نەتەوەیەكگرتووەكان كە چیدی مللەتی كورد ئامادە و رازی نییە بە ژیانی ژێردەستی و كۆیلەتی. هەروەها شەڕی كۆڕی پەیامێكی دیكەی پێشمەرگەی پارتی و بارزانی بوو بۆ رژێمی بەغدا و زلهێزانی جیهان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، كە پارتی و بارزانی بەهیچ شێوەیەك و لەژێر هیچ گوشارێك هەرگز سازش ناكات لەسەر خاكی كوردستان و رازنییە و رازینابێت كە هیچ هێزێك خاكی كوردستان داگیر بكات. بۆیە كە ئەمڕۆ 28ـەمین ساڵیادی كۆڕەوی نیسانی 1991 دەكەین، سوپاسی جەنابی سەرۆك بارزانی و پێشمەرگەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەین كە لەورۆژە چارەنوسسازەدا دیسانەوە بڕیاری كوردستان یان نەمانیاندا و گیانی خۆیان كردە قەڵغانی پاراستنی خاكی كوردستان. هەروەها سڵاو لەگیانی شەهیدانی داستانی دەربەندی كۆڕێ، سڵاو لەوهێزانەی كە هاوسەنگەری پارتی دیموكراتی كوردستان بوون لەشەڕی دووەمی كۆڕێ.









