بەكر كەریم حەسەن
بیرمەند و نوسەرو پەروەردەكاری ئوردنی ماجدعرسان ئەلگەیلانی دەلێ” منداڵ كاتێك لە كەش و هەوایەكی سەقامگیر دەژی فێری متمانە بەخۆبوون دەبێت”. بێگومان چەندەها توێژینەوە و خوێندنەوە ئەوە دەردەخەن كە ئەو منداڵانەی لە باخچەی منداڵان بوونە و ئینجا چوونەتە قوتابخانە، ئەو منداڵانە خاوەن زیرەكی و ئاستێكی باش بوون وزیاتر لەو منداڵانەی كە پەیوەندییان بە باخچەی منداڵانەوە نەكردووە، هەر ئەوەش وای كردووە ئەوانەی لە باخچەی منداڵانەوە هاتوون زووتر و خێراتر فێر دەبن، چونكە قۆناغی باخچەی منداڵان بە گرنگترین قۆناغ دادەنرێت كە منداڵ لە سەرەتای ژیانیدا پێیدا تێپەرێت و جیهانێكی تر دەناسێ و بەرە بەرە كەسایەتی منداڵ درووست دەبێت و متمانە و سیقەی بە خۆی زیاتر دەبێت و شەرم و ترس و دڵە راوكێی نامێنێ، بەڵكو مندالێكی زیرەك و بەتوانای لێ دەردەچێت و لە هەمان كاتیشدا كەمتر پەیوەست و هۆگری ماڵەوە بە تایبەتی دایك و باوك و خوشك و براكانی دەبێت.
چونكە لە باخچەی منداڵان مامۆستا دەناسێت و مامۆستا و منداڵەكانی تری خۆش دەوێت، هەست بە ئاسودەیی و دڵنیایی دەكات، چونكە كەش و هەوای باخچەی منداڵان كەش و هەوایەكی ئارام و سەقامگیرە هەر ئەوەش وای لێ دەكات زیاتر متمانەی بە خۆی دەبێت ، چونكە لە باخچەی منداڵان جگە لەوەی خواردن و خواردنەوەیان بۆ دابین كراوە و فێری چەندەها یاری كردن دەبێت و شارەزای نوسین و خوێندنەوەش دەبێت و بەشداری لە چەندەها چاڵاكی جۆراوجۆر دەكات، كەواتە منداڵ كەسایەتی جیاوازی بۆ درووست دەبێت لە باخچەی لە باخچەی منداڵان كە دەچێتە قوتابخانە مندالێكی متمانە بەخۆ بوو لە هەموو روویەكەوە حەز و ئارەزووی بۆ قوتابخانە زیاتر دەبێت. بۆیە گرنگە منداڵەكانمان بنێرینە باخچەی منداڵان و ئەو قۆناغە گرنگەی فێركردن فەرامۆش نەكەین، شارەزایان و پسپۆڕانی بواری پەروەردە جەخت لە سەر گرنگیدان بە درووست كردن و كردنەوەی باخچەی منداڵان دەكەنەوە لە هەموو شارەكان لە شارەكانیش لە هەموو گەرەكەكان، بەڵكو گەر بكرێ لە گوندەكانیش هەوڵی بۆ بدرێ باخچەی منداڵان بكرێتەوە.
هەر لەو روانگەیەوە بە كورتی دەمەوێ تیشك بخەمە سەر وێستگەی كاركردنی پەروەردەیم لە دوای ساڵەكانی 2006 بەدواوە كاتێك بوومە بەرێوەبەری پەروەردەی خەبات تەنها یەك باخچەی منداڵان هەبوو ئەویش لە ناو قەزای خەبات بوو، بەڵام لە ماوەی 6شەش ساڵی كاركردنمان توانیمان14 چواردە باخچەی منداڵان بكەینەوە بە تەنها لە ناو قەزای خەبات كردمانە 3 باخچە لە هەموو ناحیە و كۆمەڵگاكان باخچەمان كردەوە بگرە لە گوندەكانیسفەییە و قەرەقاجین و جەرگەزەوی كە گوندی دوورن باخچەمان كردەوە و مامۆستا و كەلوپەلی باخچەمان بۆ دابین كردن بۆ ئەوەی منداڵەكانی ئەو گوندانە هیچ جیاوازیەكیان لەگەڵ منداڵی شارەكان نەبێت.
بە هەمان شێوە لەو 4 چوارساڵەی بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر بووین گرنگی زۆرمان بە باخچەی منداڵان دا بە كردەوە توانیمان نموونەی ووڵاتانی كەنداو و ئوردن و لوبنان و توركیا بیهێنینە هەولێر ئەویش بە كردنەوەی باخچەی منداڵان لە ژمارەیەكی زۆرلە قوتابخانە بنەڕەتیەكان وەك پاشكۆ بۆ ئەوەی منداڵانی مامۆستاكان و گەڕەكەكان بتوانن لەو باخچانە وەربگیرێن كە بریتی بوون لە چەند ژوورێك لە ناو قوتابخانەی بنەڕەتی، بەڵكولایەنێكی قوتابخانە كرابووە باخچە بە شێوەیەكی سەردەمیانە تەرخان و ئامادە كرابوو، هەروەها ژمارەیەكی زۆر لە باخچەی دەوامی ئێوارانمان كردەوە بۆ منداڵانی گەڕەك ئەوانەی جێگایان نەبۆتەوە لە بەیانیان، هەروەها لەچەندەها باخچەی منداڵان دەواممان درێژكردەوە بۆ دوای نیوەڕۆ بۆ منداڵانی مامۆستایان و فەرمانبەران كە باخچەی حكومی بوون، لەو چەند نموونەیە هەزارەها منداڵ سوودمەند بوون كە پێشتر بێ بەش ببوون، بۆیە جەخت لەوە دەكەمەوە كە قۆناغی باخچەی منداڵان قۆناغێكی زۆر گرنگە لە قۆناغەكانی پەروەردە و فێركردن مافی هەموو مندالێكە بچێتە باخچە، ئەركی وەزارەتی پەروەردەیە هەموو هەولێك بدات ئەو مافە بۆ منداڵە چاوگەشەكانی كوردستان مسۆگەر و دابین بكات تا لە داهاتوو ئایندەدا نەوەیەكی كارا و ووشیار و متمانە بە خۆ بوو بێتە بەرهەم بۆ كوردستان.









