خهبات: ڕۆشنا عەلی
پرسی مۆڵەتی كاتی مامۆستایان لە ناوەندەكانی خوێندندا دەنگی داوەتەوە بە جۆرێك زۆربەی بەڕێوەبەری قوتابخانەكان گلەیی و گازاندەی ناڕاستی ئەم شێوازە لە مۆڵەت پێدان دەكەن كە مامۆستایەك مۆڵەتی 28 ڕۆژ و 45 ڕۆژە دوبارەكردنەوەی چەند جارەی مۆڵەتەكە دەكەن تا تەواو بوونی ساڵێكی خوێندن، پێشییان وایە ڕاپۆرتە پزیشكییەكان گومانییان لەسەرەو بەشێكی زۆری ئەو مامۆستایانەی مۆڵەت دەكەن لە ڕاستییا نەخۆش نین ، ئەم دیاردەیە كێشەی ناڕێكی لە میلاكی قوتابخانەكاندا دروستكردووە بە جۆرێك وەك بەڕێوەبەری پەروەردەیەك ئاماژەی پێدەدات قوتابییەكان بەبێ مامۆستاو وانە خوێندن دەمێننەوە، چونكە جێگرەوەیان نییە و ناشتوانن وانە بێژیان بۆ دابین بكەن ،لاپەڕەی پەروەردە لەبەر هەستیاری ئەم بابەتە بە دواداچونێكی مەیدانی بۆ ئەم پرسە ڕێكخست.
سەرەتا و بۆ ئەم پرسە لەگەڵ مامۆستا هێمن ئەكرەم سابیر یاریدەدەر لە قوتابخانەی زاگرۆسی بنەڕەتی كوڕان بۆ باسكردن لەم كێشەیە لە قوتابخانەكەی خۆیان وتی ” نەك قوتابخانەی ئێمە، زۆربەی قوتابخانەكان بەدەستیەوە ئەنالێنن و زەرەر مەندی یەكەم قوتابییە لەم ماوەیە دادەبڕێت لەبابەتەكە، زۆر بەی جار مامۆستا ئەم مۆڵەتە بەبیانوی ئەوە وەردەگرێت كەوا نەخۆشە لەگەل ڕێزم وانیە ، بەڵكو بۆكاری تایبەتی خۆی بەكاری ئەهێنێت و ئیشی تر ئەكات، بەرپرسیاری یەكەمیش مامۆستایەكەیە خۆی بەبەرپرسیار نازانێت و ویژدانی ڕێگای ئەوەی پێ ئەدات ئەم فێلە لەقوتابخانە و قوتابیەكان بكات ، بەرپرسیاری دووەم ئەم پزیشكانەن كەوا لەلێژنەكان دانراون.لەسەربنەمای برادەرایەتی واستەو واستەكاری مۆڵەتەكە ئەدەن.
سەرەتا لەگەڵ مامۆستا سابیر نانەكەلی بەڕێوەبەری پەروەردەی دەشتی هەولێر گفتوگۆمان كرد دەربارەی ئەوەی كە ئایا تاچەند تێبینی و گومانتان لەسەر دروستی ئەم مۆڵەتانە هەیە ؟ ئەو لەمبارەیەوە وتی ” مامۆستایان زۆر داوای ئەو جۆرە مۆڵەتە ئەكەن تەنانەت گەشتۆتە ڕادەیەك كە ئێمە شك و گومانی ناڕاستی بكەین ، ئەوەشی من تێبینیم كردووە و لەبەرئەوەی هەموو مۆڵەتەكان دێنە بەر دەستی ئێمە %80 فەقەراتی پشتە بۆیە ئەپرسین بەم ڕادە زۆرە و لەسنوری یەك پەروەردە ئەو هەموو خەڵكە هەمووی كێشەی فەقەراتی هەبێت و فەقەراتی تەواو نەبێت خۆی گومان دروست دەكات بەدەگمەن دەبینی حاڵەتێكی جیاوازتر، حاڵەتێكی تریشمان هەیە بابەتی لە دایكبوون كەبەر لە دایك بوون بە مانگێك بە دوو مانگ یان هەیە مۆڵەتی مانگ و دوو مانگییان بۆ دەنوسرێت بیست و هەشت ڕۆژی بۆ ئەنوسرێت گوایە پێویستی پێیە و كێشەی هەیە كە ئێمە بە دەگمەن پێشتر ئەم حاڵەتانەمان بینیوە چۆن وا بەم جۆرە زۆر بوو بە سەراحەت فڕوفێڵە ، جا لایەنی سۆزە واستەیە هەر شتێكی لەو جۆرەیە، دەربارەی ئەوەشی كە ئایا ئەو ڕێژەیەی لای ئەوان لە مۆڵەتی لەم جۆرەدان زۆرە ؟ مامۆستا سابیر وتی: بەڵێ بە راستی زۆرە بە بەراورد بە سنوری پەروەردەكە.
دەربارەی قسەی بەڕێوەبەرایەتی لیژنە پزیشكییەكان كە ئاماژە بەوە دەكەن پەروەردە زیاتر لە ڕەوشی مامۆستا شارەزان با نوسراو بۆ ئێمە نەنێرن كە پێیان وایە ناعەدالەتی هەیە ؟ لەوبارەیەوە مامۆستا سابیر ئاماژەی بەوەدا كە ئەوان ناتوانن ڕێگا لە مۆڵەت بگرن خۆی ڕێگە پێدراوە ئەو وتی ” مامۆستا كە داوای مۆڵەت ئەكات بە مافی خۆی دەزانێت كە نەخۆشەو دەبێت نوسراوی پێبدرێت ئەگەر پێت نەدا و وادەرچوو ئەو مامۆستایە توشی حاڵەتێكی خراپ بوو، لەبەر ئەوە ناچارین كە نوسراوی بۆ بكەین ، بەڵام دەبێت دكتۆر یەكلای بكاتەوە ڕاستە یان نا پێویستە دكتۆر ورد تر بێت ئەگەر مافی مۆڵەتی هەیە پێی بدرێت ئەگەر نا پێی نەدەن ، خاڵێكی گرنگ هەیە كە زۆربەی مۆڵەتەكان بیست و هەشت ڕۆژو بیست و حەوت ڕۆژە بەدەگمەن سی ڕۆژیان دەدەنێ ،چونكە دەرماڵەیەكیان هەیە لێیان نابڕێت بە بیست و هەشت ڕۆژەكە ، واتە یان موراعاتی دەرماڵەی مامۆستاكەش یان نەخۆشەكە خۆی داوا ئەكات كەواتە واقیعی نییە.
دەربارەی ئەوەشی كە ئایا تاچەند ئەم مۆڵەتە بۆ پەروەردە قورسترە و كێشەی زۆرترە وەك لە هەمان مۆڵەت بۆ فەرمانبەرێكی ئاسایی ؟ مامۆستا سابیر لەمبارەیەوە ئاماژەی بەوەدا كە بۆ مامۆستا و پەروەردە زەحمەتترە ئەو لەمبارەیەوە وتی ” لەبەر ئەوەی لە ژوورێكدا ئەگەر سێ فەرمانبەر هەبن دوانییان ئەتوانێت ئیشی فەرمانبەری سێیەم بكات ، بەڵام مامۆستا ناتوانێت شوێنی مامۆستایەكی تر بگرێتەوە.
دەربارەی ئەوەی كە بۆچی وەك پەروەردە یان بەڕێوەبەر خۆتان داوا ناكەن نوێنەرتان هەبێت لە ناو ئەو لیژنەیەی تایبەتە بە پەروەردە ؟ لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری پەروەردەی دەشتی هەولێر وتی “ئێمە داوامانكردووە خۆم بە تایبەتی لە كۆبوونەوەی وەزارەت و بە ئامادە بوونی جەنابی وەزیریش پێش ئەوەی ببمە بەڕێوەبەری پەروەردە ئەو پێشنیارەم كرد كەسییان لەگەڵ بۆچونەكەم نەبووم ، نازانم هۆكار چی بوو؟ ئێستاش داوا دەكەم كە لیژنەكان زیاتر توند بن لەسەر مەسەلەی مۆڵەت پێدانی مامۆستا.
دلێر عەبدوڵا بەڕێوەبەری پەروەردەی ناوەندی هەولێر هەر لەسەر ئەم پرسە بۆمان دوا و ئاماچەی بە چەند خاڵێك كر و نەشیشاردەوە كە ئەویش تێبینی لەسەر ئەو مۆڵەتانە هەیە . دەربارەی ئەوەی كە ئایا ئەوان وەك سنوری پەروەردەكەی خۆیان تاچەند كێشەیان لەگەڵ ئەم مۆڵەتانە هەیەو تاچەندیش تێبینییان لەسەر كاری ئەو لیژنەیە هەیە ؟ ئەو لەمبارەیەوە بۆلاپەڕەی پەروەردەی ڕۆژنامەی خەبات وتی ” بەداخەوە ڕێژەیەكی یەكجار زۆر لە مۆڵەت لەم جۆرەی ئێوە باسی دەكەن ئاڕاستەمان دەكرێت ، كە هەندێكییان ئاسایی و یاساییە و هەندێكیش نا ئاساییە، چونكە بابەتی نەخۆشی ئێمە ناتوانین دەستنیشانی بكەین تەنها دەبێت لە ڕێگای ئەو لیژنانەوە دیاریبكرێت بۆمان ئێمە گرفتمان هەیە لەوەی ناتوانین ڕێگر بین لە مۆڵەتەكان ، تێبینیمان ئەوەیە زۆر جار لە قوتابخانەكان بەڕێوەبەر دێت دەڵێت ئەو مامۆستایە لەلای ئێمەیە و هیچ كێشەیەكی تەندروستی نییە پێمان وایە مۆڵەتێكی نائاساییە وەرگرتووە ، ئێمە تەنها لە ڕێگای ئیدارەی قوتابخانەكانەوە ئاگادار دەكرێینەوە.
دەربارەی ئەوەشی كە ئایا بۆچی كاتێك بەڕێوەبەرەكان دەزانن كێشەیان نییە بۆ نوسراوی بۆ بەرز دەكەنەوە كە ئەمە قسەی لیژنە پزیشكییەكەیە ؟ مامۆستا دلێر لەمبارەیەوە وتی ” لەبەر ئەوەی لایەنی تەندروستی پەیوەندی هەیە بە جەستەی مرۆڤ ئێمە ناتوانین ڕێگا لەوە بگرین و دەستنیشانی بكەین ، چونكە لیژنەی پزیشكیمان نییە كە تایبەت بێت بە وەزارەتی پەروەردە ، مامۆستایەك داوا بكات بڵێ نەخۆشم ئێمە ناتوانین ڕێگر بین ڕەنگە نەخۆش بێت بەشێكی ڕاپۆرتەكانیش تەواو دروستە ئێمە ناڵێین هەمووی هەر ساختە و واستەیە كۆمەڵێكیش بە داخەوە توشی ئەم نەخۆشییانەی ئێستا بوون ، وەك یاساش مامۆستا بۆی هەیە داوای پشتگیری بكات و ئێمە ڕەوانەی بكەین بۆ لیژنەی پزیشكی.
ئێوە وەك بەڕێوەبەر پێشنیاری ئەوەتان كردووە یان داواتان كردووە ڕێوشوێنێك بۆ ئەم گرفتە دابنرێت یان لانی كەم پەروەردە خۆی نوێنەرێكی لە لیژنەكەدا هەبێت ؟ ئێمە دووساڵ بەر لە ئێستا بە نوسراوی ڕەسمی داوامانكردووە لە لیژنەی پزیشكی كە نوێنەری پەروەردەی تیا ئامادە بێت ، بەڵام بەداخەوە ئەوان دیارە ئەم بابەتەیان ڕەتكردەوە كە نابێت پەروەردە بەشێك بێت لە لیژنەی پزیشكی ، پێمان باشە هەماهەنگییەكی زیاتر هەبێت و وردتر كاربكرێت ئەگەر پێیان وایە كەسێك نەخۆش نییە و داوای مۆڵەت دەكات بۆ سەفەرو بۆ مەرامی تر پێم وایە ناتەنروستە ئەگەر ڕێگەی پێبدەن و هاوكاری بكەن.
دەربارەی ئەوەشی كە ئایا چەند كاریگەری هەیەلەسەر وتابخانەكان و قوتابی ؟ ئەو بەڕێوەبەرە وتی ” بیگومان كاریگەری زۆرە لەسەر فێركردنی قوتابی پڕۆگرام و لەسەر ئیدارە مامۆستایەك كە مۆڵەت وەردەگرێت بۆ كاتێكی دیاریكراو ناكرێت ئێمە مامۆستای بۆ بگوازینەوە یان وانەبێژی بۆ دابین بكەین ، ئەو ماوەیە خوێندنی قوتابییەكان ئەفەوتێت .
لە لایەكی دیكە ئەگەر مامۆستایەك چەند جارێك مۆڵەتەكەی دوبارە بۆتەوە نوسراو دەكەین بۆ پەروەردەی گشتی لەوێشەوە بۆ لیژنەی هەمیشەیی تەندروستی كەلە وەزارەتی تەندروستییەو مانگی یەك جار دادەنیشێت لیژنەی باڵاترە دەیدەینەوە بە لیژنە بۆمان دیاریبكرێت ئەگەر دروستە ئاساییە ئەگەر نا ڕێگای پێنەدرێت و ئەوانیش هاوكارمان بن چەند حاڵە تێكمان بەرز كردۆتەوە حاڵەتی تیا بووە كێشەی تەندروستی نەبووە هەشبووە لەوێش بۆیكراوە .
زەكەریاخورشید بەڕێوەبەری كارگێڕی لە لیژنە پزیشكییەكان بۆ خەبات و لەسەر هەمان پرس دەربارەی ئەوەی كە ئایا بۆ ڕێگا بەو واستانە دەدەن بۆ مۆڵەتپێدانی مامۆستا كە لە پەروەردەكانەوە پێیان وایە ناعەدالەتی لە كاری ئێوەدا هەیە ؟ خۆی واسەكە ئەگەر هەشبێت بۆ ئەوە نییە مۆڵەت بدرێت ، بەڵكو بۆ ئەوەیە لە قەرەباڵغییەكە هاوكاریان بكەین ، لیژنەی پسپۆڕی پزیشكی كاری لەسەر دەكات ئێمە بۆمان نییە دەست لە كاری ئەوان وەربدەین ، ئەوان كە گلەیی دەكەن لە پەروەردەكانەوە گوایە مۆڵەتی زۆریان پێدەدەین ئێمەش گلەی ئەوەمان لەوان هەیە مادام دەزانن ئەو مامۆستایە بە فیعلی نەخۆش نییە بۆچی نوسراوی بۆ دەكەن بۆ بەڕێوەبەرایەتی لیژنە پزیشكییەكان؟ مامۆستاكە لە بنكەیەكی تەندروستییەوە ڕەوانەی ئێرە دەكرێت و دكتۆرێكی پسپۆڕ مۆڵەتەكەی بۆ دەنوسێت كە هاتە لیژنەی پزیشكیش دكتۆری لیژنەكە ناتوانێت ڕاپۆرتی ئەو دكتۆرە پسپۆڕە ڕەتبكاتەوە.
دەربارەی ئەوەشی كە ئایا ئەوان تەنها بەو راپۆرتەی بنكەی تەندروستی مۆڵەتەكە دەدەن لە كاتێكدا زۆربەی جار پشكنینی بنكە تەندروستییەكان جێگای گومانن و ئامێرو تاقیگەی ئەوەنە پێشكەوتووەی تیا نییە ورد بێت لە دەستنیشانكردن ؟ ئەو لەمبارەیەوە بۆ خەبات وتی ” ئێمە لەبەر ئەوەی ئەو ڕۆتینیات و واستەو واستە كارییەش نەمێنێت ڕازی نابین بە ڕاپۆرتی پزیشكی نەخۆشخانەی ئەهلی دەبێت تەنها لە بنكە تەندروستییەكانەوە بێت مۆری نەخۆشخانەكەو دكتۆرەكەی پێوە بوو لای ئێمە پەسەند دەكرێت ، ئێمەش كۆمەڵێك كێشەمان لەگەڵ پەروەردە هەیە بۆ نموونە منداڵێك دەستی دەشكێت دایكی مامۆستایە مۆڵەتی چاودێری ئەو منداڵەی پێدەدرێت بۆنموونە دوو مانگ كە نوسراوەكە دەگەڕێنینەوە پەروەدە دەڵێن” نابێت دوو مانگ دەبێت بیكەن بە ساڵێك ئەی مامۆستاكە دوای دوو مانگ دەگەڕێتەوە دەوامی ئاسایی خۆی.
گلەیی زۆرە لە ئێوە بۆ نموونە بەڵگە هەیە كە نەخۆش لە سەیارە نەهاتۆتە خوارەوە لیژنە نەیبینیوە مۆڵەتی بۆ تازە ئەكرێتەوە هۆكار چییە ؟ ڕاستە ئەوە حاڵەتە و نەخۆشەكە تەواو لە دەست و پێ كەوتووە و نەیتوانیوە بێتە خوارەوە بۆیە مۆڵەتی پێدراوە جاریش هەیە پزیشكەكە خۆی دەچێتە لای سەیارەكەو تەماشای دەكات؟
دەربارەی ئەوەشی ئایا واستەتان لە لایەن مدیرو سەرپەرشتیارەوە بۆ هاتووە؟ زەكەریا لەمبارەیەوە وتی: بەڵێ هەندێك جار هاتووە تەكلیف دەكەن تەلەفۆن دەكەن بۆ مۆڵەتی مامۆستایەك من پێشنیار دەكەم بۆ بەڕێوەبەرو سەرپەرشتیارەكان كە دەزانن مامۆستایەك نەخۆش نییە با نوسراوی بۆ نەكەن.









