نەزهەت حالی
براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان بووە، بە پێی یاساكانی هەرێمی كوردستانیش ئەركی پێكهێنانی حكوومەت لەسەر شانی پارتی دیموكراتی كوردستانە، یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش بە پێی بارودۆخ و سروشتی سیاسیی كوردستان ئەركی سەرشانیەتی بەشداری لە حكوومەتی داهاتووی هەرێم بكات، هەڵبەت گەر بیەوێت بەو ئەركە هەڵبستێت، ئەو بەشداری كردنە بۆ خودی یەكێتی و گەلی كوردستانیش باش دەبێت، هەر بۆیە برادەرانی سەركردایەتی ئەو حزبە بە تایبەت خاوەن ئەزموونەكانیان بەرپرسیارێتی زیاتریان دەكەوێتە سەرشان بۆ ئەوەی بە ڕامانێكی دووربینانە و واقعیانە بۆ سەركەوتنی حكوومەتی داهاتوو كار بكەن.
بزوتنەوەی گۆڕان بە بەشداری كردنیان لە حكوومەتی هەرێم پایەكانی حكوومەتی داهاتوو بەهێز دەكەن، گومانیش لەوە دانییە گەر یەكێتی بیەوێت بەشدارییەكی ڕاستەقینە بكات هەر سێ لایەنی سیاسی پارتی ،گۆڕان و یەكێتی پێكەوە دەتوانن سێ پایەی سەرەكی بن لە پێكهێنان و بەڕێوەبردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام ڕەچاونەكردنی بەشی هێزی یەكەم كە پارتییە لە پۆست و پایەكانی حكوومەت بە پێی ئیستیحقاقی خۆی كارێكی نارەوای نایاساییەو لەگەڵ ئیتیكی سیاسی و پڕەنسیپەكانی دیموكراسی ناگونجێت.
پێم وایە زۆر جار لە هەرێم سیاسەت وەكو هونەر و ئامرازێك بۆ وەدەستهێنانی دەسەڵات بۆ خزمەتكردنی گەل و نیشتمان، كە هەندێ جار بۆ ئەو مەبەستە هەندێ لە پارتە سیاسییەكان پێویستیان بە گرێدانی هاوپەیمانێتی هەبووە بۆ پێكهێانی حكوومەت و گرتنەدەستی دەسەڵات ، ئامانجی خۆی بە دروستی نەپێكاوە و لە خزمەتی بەڕێوەبردنێكی بە دوور لە كێشە نەبووە، لە بەر ئەوەی هەموو هێزە سیاسییە بەشداربووەكان، وەكو پێویست كاركردن بۆ سەركەوتنی حكوومەت و هەموو كابینەكەیان بە ئەركی خۆیان نەزانیوە، تەنانەت ڕۆڵێكی نیمچە ئۆپۆزسیۆنیشیان بینیوە، بۆ ئەوەی بە مەزندەی خۆیان پارێزگاری لە ڕێژەی دەنگەكانیان بۆ داهاتوو بكەن، كە پێم وایە ئەم ئەزموونە نابێت لە كابینەكانی داهاتوودا ڕێگەی دووبارەبوونەوەی پێ بدرێت، چونكە دەبێتە هۆی لاوازبوونی دامەزراوە فەرمییەكان، هەروەها زۆرجار لەبەر بەرژەوەندی پارتە سیاسییەكان و هەندێ جاریش بۆ پاراستنی سەقامگیریی سیاسی چاوپۆشی لە مافی گشتی و حكوومەت و بواری كارگێڕی دەكرێت.
هەرێم بە بێ حكوومەت بەڕێوە ناچێت،بۆ پێكهێنانی حكوومەتیش ڕێكاری یاسایی بە ڕوونی دیاریكراون و ئەركی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەو پارتانەیە كە دەیانەوێت لە حكوومەت بەشداربن یاسا جێبەجێ بكەن و حكوومەت پێكبهێنن.
بارودۆخی عێراق و ناوچەكە و فرە ڕەهەندی هەڕەشەكانی سەر ئاسایشی هەرێمی كوردستان ، لەگەڵ ئەو گۆڕانكاریانەی كە ڕەنگە ڕووبدەن وا دەخوازن یەكگرتوو بین و خاوەن حكوومەتێكی كارا و بەهێزی نیشتمانی بین، هەروەها پارتە سەرەكییەكان بەشداری و هاوبەشییەكی بەرپرسیارانە بكەن لەو حكوومەتە نوێیەی كە جێگەی ئومێدێكی زۆرە كە لە پاڵ كاراكردنەوەی دامەزراوەی فەرمی و گرنگی سەرۆكایەتی هەرێم خزمەتێكی شیاوی گەلی كوردستان بكەن.
هیواخوازم ئەو لایەنانەی كە لە حكوومەتی داهاتوودا بەشدار نابن و لە پەرلەمان وەكو ئۆپۆزسیۆن دەمێننەوە وا باشە حكوومەت بە هی خۆیان بزانن و لە دڵەوە حەز بە سەركەوتنی بكەن، هەروەها وەكو ئۆپۆزیسیۆنێكی بەرپرسیار بە چاودێری كردنی خۆیان حكوومەت لە هەڵەكان بپارێزن و هەمیشە بیر لە پاراستنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بكەنەوە بە تایبەت لە كاتی قەیرانە نەخوازراوەكان.









