خەبات: مەریوان نەقشبەندی
نووسەرێكی گەورەی جیهان لە لێدوانێكی تایبەت بە رۆژنامەی خەبات، باسی ئایندەی كوردستان و رووداو پێشهاتەكانی سەردەمی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان و تا ئێستا دەكات و دەڵێت ئەوەی لە ریفراندۆم بەرهەمهات كۆمەڵێك دەستكەوتی نزیك و دوورە بۆ خەڵكی كوردستان و گرنگترینیان شكاندنی قوفڵی دەرگا داخراوەكانی بەردەم سەربەخۆیی گەلی كوردستان و دروستبونی دەوڵەتی كوردستانە.
د.ستیڤن مانسفیڵد نووسەر و بیرمەندی گەورە و خاوەنی پڕفرۆشترین كتێبەكانی جیهان لە لێدوانە تایبەتەكەیدا بۆ رۆژنامەی خەبات، دەڵێت: من تێدەگەم لە ترسی ئەوكاتەی ئەمەریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەمەڕ سەربەخۆبوونی كوردستان لەكاتی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ساڵی2017 چونكە ئەوان حیساباتی فراوانتر و بەرژەوەندی گەورەتریان لەبەرچاوگرتبوو، بەڵام هەموو دنیا بە سەركەوتنی ریفراندۆمەكە گەیشتە ئەو قەناعەتەی كە گەلێكی زوڵملێكراو هەیە و تەنها شاخەكان دۆستیانن و ناوەستن هەتا نەگەنە ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانیان و ئێستا وڵاتێك، هێزێك، كەسایەتییەكی خاوەن ویژدان نەماوە، نەزانێت كورد كێیە و چی دەوێت.
د.ستیڤن مانسفیڵد كە پێشتر دووجار سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە و لەگەڵ چەندین كەسایەتی سیاسی و رووناكبیری كوردیش دیدار و گفتوگۆی كردووە، كتێبە بەناوبانگەكەشی موعجیزەی كورد بە زمانی ئینگلیزی نووسیوە و دەیەوێ بۆ زمانەكانی فەڕەنسی و ئەڵمانی و عەرەبی و كوردیش وەریبگێڕێت لە درێژەی لێدوانەكەیدا بۆ رۆژنامەی خەبات گوتی: سەرۆك بارزانی داینەمۆی شكاندنی گەمارۆی سیاسی و فیكری سەر كوردستان بوو كاتێك وڵاتانی ناوچەكە و جیهان گوشاریان لێ دەكرد بۆ ئەوەی لە بڕیاری ئەنجامدانی راپرسییە مێژوییەكەی ساڵی 2017 پاشگەزبێتەوە، بەڵام ئەو وەك سەرۆكێكی خاوەن ئەزموون بە هەموو جیهانی گوت: ئەو كەسەی دەستی لەناو ئاودایە وەك ئەوە نییە كە دەستی لەناو ئاگردایە، بۆیە بە ئەنجامدانی ریفراندۆم هەموو ئەو قوفڵانەی شكاند كە بە دەرگای ئامانجە سەرەكییەكەی گەلی كوردستانەوە هەبوون . دڵنیاشم لە ئایندەیەكی نزیكدا گۆڕانكاری گەورە لە بەرژەوەندی كورد دێتە ئاراوە.









