مافپەروەر-جەواد مستەفا ستوپەیی
ئەگەر سەیری وڵاتانی جیهان بكەین لە زوربەی وڵاتان گورانكاری سیاسی لە رێگەی گرنگیدان و لێكوڵینەوە و كاراكردنی كاری پەرلەمانییەوە ئەنجام دەدرێت كە لە جیهانگیری ئەمرۆدا بووەتە نەریتێكی زور زەروری و بابەتییانەی پێشكەوتنی پرۆسەی دیموكراتی لە وڵاتاندا.
لە هەر وڵاتێكی دیموكراتیدا پەرلەمان لە كاری یاسادانان و چاودێریكردندا بەزۆری پشت بە لێژنە هەمیشەیی و كاتییەكانی ناو پەرلەمان دەبەستێت، بەتایبەتی لێژنە هەمیشەییەكان كە زور جار پێی دەگوترێت لێژنە پسپۆرییەكان، چونكە ئەم لێژنانە لەسەر بنەمای پسپۆری دادەمەزرێن لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا، كەواتە ئەو كەسانەی دەبنە ئەندامی ئەم لێژنانە دەبێت كەسانی پسپۆر بن هاوتای پسپۆری لێژنەكەیان، تەنانەت ئەگەر پسپۆریش نەبن بو ماوەیەكی درێژ لەم بوارەدا كاریان كردبێت، بو ئەوەی بتوانێت ئەركی خوی بە باشی ئەنجام بدات. بەگشتی لە هەر وڵاتێك ئەركی پەرلەمان بریتییە ل یاسادانان و چاودێریكردن بەسەر كاروبارەكانی حكومەتدا، چونكە ئەگەر بتەوێت وڵاتەكەت پێش بكەوێت و حكومەتێكی بەهێزت هەبێت، دەبێت سێكتەرەكانی حكومەت بە هۆی كەسانی پسپۆر و شارەزا و خاوەن زانست و ئەزمون بەرێوە ببرێن و پێش بخرێن، ئەم كارەش بە ماندوو بوون و جددییەت و كۆكردنەوەی زانیاری ئەنجام دەدرێت. كەواتە لە بۆ ئەندامانی لێژنەكانی پەرلەمانیش بە هەمان شێوە پێویستە بە هەمان پێوەر بێت. هەر لێژنەیەك پێویستیان بە كەسانی خاوەن هەمان پسپۆری لێژنەكەی خۆی هەیە، چونكە بو ئەنجامدانی ئەم كارە پێویستی بە لێكوڵینەوە و بەدواداچوون و كۆكردنەوەی زانیاری و داتا و ئامار و .. و زور شتیتر هەیە، كەواتە ئەم كارە بە كەسانی شارەزا و خاوەن ئەزموون ئەنجام دەدرێت. هەروەها لەلایەكیترەوە ئەندامانی لێژنەكانی پەرلەمان زۆربەی كارەكانی خۆیان لە دەرەوەی پەرلەمان ئەنجام دەدەن، وەك كۆكردنەوەی زانیاری و داتا و وەرگرتنی رای شارەزا و پسپۆران و….تاد.
هەروەك باسمان كرد پەرلەمان لە ئەنجامدانی ئەركەكانی خۆیدا پشت بە كاری لێژنە هەمیشەییەكانی خۆی دەبەستێت لە كارە بابەتییەكاندا، بەتایبەتی كاری لێژنە پسپۆرییەكان وەك: (لێژنەی كشتوكاڵ و وزە و پەروەردە و گواستنەوە و گەیاندن و بەرگری و ئاسایش و یاسایی و پیشەسازی و …تاد) بۆ نمونە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 24 لێژنەی هەمیشەیی هەیە كە ژمارەی لێژنەكان لە پەرلەمانێكەوە بۆ پەرلەمانێكی دیكە جیاوازییان هەیە.
هەمیشە لێژنەی هاوبەش لە لێژنە هەمیشەییەكانی ناو پەرلەمان دروست دەكرێن، بو لێكولینەوە و بەدواداچوون لەو بابەتەی دیاریكراوە، بە مەبەستی ئامادەكردنی راپورتێكی تێروتەسەل و ئاشكراكردنی راستییەكان لە ئەنجامدانی لێكوڵینەوەكەیاندا، لە كۆتاییدا پێویستە لێژنەی تایبەتمەند دەنگ لەسەر بدات و دواتریش پێشكەش بە پەرلەمان بكرێت بو ئەوەی پەرلەمان كاری پێویستی بۆ ئەنجام بدات، چونكە هەمیشە لە ئەنجامی ئەم راپۆرتانەدا بریار و راسپاردەی زۆر گرنگ لە لایەن پەرلەمانەوە دەدرێت.
هەروەك گوتمان چۆنیەتی و شێوازی كاری لێژنەكانی پەرلەمان لە ولاتێكەوە بۆ وڵاتێكیتر دەگۆرێت بە پێی پەیرەوی ناو خۆی پەرلەمانەكەیان. زۆرجار لە كاتی پێویستدا ئەم لێژنانە لە دەرەوەی پەرلەمان مەشوەرەت بە كەسانی پسپۆری تایبەتمەند بەو بابەتەوە دەكەن بو راوێژكردن لەگەڵیدا، بەڵام پێویستە بە رەزامەندیی سەرۆكایەتی پەرلەمان بێت و برێك پارەش بۆ ئەم مەبەستە تەرخان بكرێت. زۆر جار پەرلەمان هەڵدەستێت بە پێكهێنانی لێژنەی تایبەت و كاتی بۆ چاودێری كردنی كارێكی دیاریكراوی حكومەت لە پێناو دۆزینەوەی كەم و كۆڕی و دیاریكردنی راستییەكان، هەروەها بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو و جەخت كردنەوە لەسەر هەر رووداوێكی دیاریكراو.
هەروەها زۆر جاریش بە بریارێكی پەرلەمان كە دەنگدانی لەسەر كراوە، لەسەر حكومەت فەرز دەكرێت كە لێژنەی حكومی پێكبهێنرێت و ماوە و ئەرك و كارەكانی دیاری دەكرێت تەنانەت سەقفی زەمەنی و بودجەشی بۆ تەرخان دەكرێت وەك لێژنەكانی مادەی 140ی دەستووری عێراق، حكومەتیان راسپارد بو ئاسایی كردنەوەی ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، دەبوو حكومەت ئەم كارەی تا 31ی كانوونی یەكەمی ساڵی 2007 تەواو كردبا. بەڵام بەداخەوە لە عێراق و زۆربەی وڵاتانی عەرەبی و وڵاتە دواكەوتووەكانی رۆژهەلاتی ناوەراست، پشت گوێ خستن و جێبەجێ نەكردنی دەستوور و یاساكان بووەتە نەریت. بەڵام لە وڵاتە دیموكراتی و پێشكەوتووەكانی جیهان بە پێچەوانەوە جێبەجێ كردنی یاسا و بریارەكانی پەرلەمان كارێكی حەتمییە و دەبێت هەر جێبەجێ بكرێت و بەرپرسە باڵاكانیش زۆر بە ئاسانی لە بەرامبەر لێژنەكان ئامادە دەبن بۆ لێپێچینەوەلەگەڵیاندا. بۆ نمونە لێژنەكانی لێكوڵینەوە لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رۆڵێكی زۆر گرنگ و كاریگەری بینی بۆ دەرخستنی راستییەكان، وەك ئەو لێژنانەی كۆنگرێس پێكیهێنا بۆ بەدواداچوون و لێكوڵینەوە لە سەرۆكەكانی ئەمریكا لە هەردوو تاوانی (وترجیت) كە ئەم رووداوە (بریتییە لە وەی لە ساڵی 1972 سەرۆكی ئەو كاتی ئەمریكا ریچارد نیكسون جاسوسی لەسەر نووسینگەكانی پارتی دیموكراتی ركابەری كرد و لە ئەنجامدا پێنج كەس گیران و تاوانەكەی ئاشكرا بوو). دووەمیشیان تاوانی (بیل كلینتۆن) كە لە فەزیحەی مونیكا لوینسكی ئەنجامیدا بوو. چونكە ئەم لێژنانە دەسەڵاتی زۆر باڵایان هەیە بو لێكوڵینەوە و بەدواداچوون و لێپێچینەوە لە هەر بەرپرسێكی باڵای وڵات، بۆ دەرخستنی راستییەكان لە بارەی هەر تاوانێك كە لەلایەن بەرپرسە باڵاكانەوە بەنهێنی ئەنجام دەدرێن، یاخود دەسەڵاتی خۆیان لە كاری نایاسایی و لە بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیاندا بەكار دێنن و گەندەڵكاری ئەنجام دەدەن. بونمونە ئەم لێژنانە دەسەڵاتی تەواویان هەیە لە بانگهێشت كردن و لێپرسنەوە لە هەر بەرپرسێكی بالای سیاسی وڵات، كە لە بەرامبەر ئەم لێژنەیە ئامادە بێت و پشكنین لە هەموو بەڵگەنامە فەرمییەكانیدا بكرێت، بەڵام هەرچەندە ئەنجامدانی ئەم كارە لە وڵاتە دیموكراتییەكان شتێكی زۆر ئاساییە و بە ئاسانی ئەنجام دەدرێت، بەڵام لە وڵاتە دیكتاتورییەكان زەحمەتە ئەنجام بدرێت، لەم وڵاتانەدا هەر هەوڵێكی لەم شێوەیە لەوانەیە ببێتە هۆی سەرئێشە یان مەترسی لە سەر خودی ئەندامانی لێژنەكە، كە لە بنەرەتدا مافێكی یاسایی و دەستووری خۆیانە. پەیرەوی ناوخۆی هەر پەرلەمانێك ژمارەی لێژنەكان و ژمارەی ئەندامەكانی و ئەرك و ماف و پێكهاتە و شێوازی بەرێوەبردنی لێژنەكان دیاری دەكات. هەروەها بە پێی پەیرەوی پەرلەمانی زۆربەی وڵاتان هەر ئەندامێكی پەرلەمان دەتوانێت لە گفتوگۆكانی هەر لێژنەیەك لە لێژنەكاندا ئامادە بێت و بەژداری لە گفتوگۆ كاندا بكات كە خۆی ئەندام نییە لەم لێژنەیەدا، بەڵام دەبێت بەرەزامەندی سەرۆكی لێژنە بێت، بەڵام مافی دەنگدانی نییە لەسەر پرۆژەی لێژنەكە، تەنها ئەندامانی لێژنە مافی دەنگدانیان هەیە لەسەر پرۆژەكەیان.









