عومەر دوجا
هەر كەسێك بیەوێت بەدوای بەڵگەیەكدا بگەڕێت، تاكو بۆی دەركەوێت، سیاسەت هەندێ جار چەند دەتوانێت سەرشێتانە بێت، با سەیری كەتەلۆنیای ئێستا بكات. لەكاتێكی پێشووی ئەو مانگەدا، جیاخوازانی كەتەلۆنیا لە پەرلەمانی ئیسپانیا، لە دژی پێشنیاری بودجەی نیشتمانی ساڵی 2019 دەنگیان دا، ئەوەی سەرۆك وەزیرانی سۆشیالیست، پیدرۆ سانشێز، پێشكەشی كردبوو، ئەوەش مانای رێكخستنی هەڵبژاردنی گشتیی پێش وەختەیە، لە كۆتاییەكانی نیسانی داهاتوودا.
دەنگدانی جیاخوازان بەم شێوەیە، وەكو وەڵامدانەوەیەك بوو بۆ سانشێز، چونكە بە گشتپرسیی لەبارەی سەربەخۆیی كەتەلۆنیاوە رازی نەبوو. بۆ بیر هێنانەوە، دواین گشتپرسیی كە لە مانگی تشرینی یەكەمی 2017 ئەنجام درا، ئەوەی دادگای دەستووریی لە ئیسپانیا بە نا یاسایی دانا و، لەلایەن نەیارانی سەربەخۆیی بایكۆت كرا، ئیسپانیای لە خراپترین قەیرانی سیاسیی نغرۆ كرد، كە لەدوای مردنی جەنەراڵ فرانچیسكۆ فرانكۆ لە ساڵی 1975، قەیرانی لەم شێوەیەی بەخۆوە نەدیووە. بە سەپاندنی هەڵبژاردنی پێش وەختە و، تێڕوانین لە ئەگەری كەوتنی حكومەتەكەی سانشێز، كە لە حوزەیرانی رابردوودا دەسەڵاتی وەرگرت، دوای دەنگدان لەسەر كێشانەوەی متمانە لە سەرۆك وەزیران، ماریانۆ راخۆی، لە پارتی میللی پارێزگار، پێدەچێت جیاخوازانی كەتەلۆنیا، خۆیان بۆ قۆستنەوەی باشترین دەرفەت ئامادە كردبێت، كە چەندین دەیەیە شتی وایان بۆ هەڵ نەكەوتووە، بۆ ئەوەی كەتەلۆنیا بەرەو سەربەخۆیی ببەن.
نابێت ئەوەش لە بیر بكەین، حكومەتەكەی سانشێز، پشتیوانی لە گفتوگۆكردن لەگەڵ جیاخوازانی كەتەلۆنیا كرد و، چەندین كەسایەتی كەتەلۆنیشی لە پۆستی میری گرنگ دامەزراند، وەكو خاتوو مێریتسیل باتی، بەرپرسی بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی هەرێمایەتی، هەروەها بە زیادكردنی خەرجییەكانی گشتیی لە كەتەلۆنیا بۆ ساڵی 2019 رازی بوو. بەڵكو هەتا بە گفتوگۆكردن لەبارەی هەمواركردنەوەی دەستووری ئیسپانیاش، بۆ فراوانكردنی ئۆتۆنۆمی بۆ هەموو لایەنەكانی ئیسپانیا رازی بوو. ئەو دەستكەوتانە دەكرێت بە خێرایی بسڕێنەوە، ئەگەر پارتی میللی دەسەڵات وەرگرێتەوە، ئەوەش ئەو شتەیە، كە پێدەچێت جیاخوازان لێی ئاگادار بن، بۆیە لەدژی پێشنیاری بودجە دەنگیان دا.
رۆژنامەی ئیل پایێس دەڵێت، سەركردەی جیاخوازەكان بە روویەكی خەمناكەوە دەنگیان داوە، چونكە دەیانزانی رۆڵیان لە هەڵكشانی حكومەتێكی تازەدا دەبێت، كە لەوانەیە راستەوخۆ باڵادەستی مەدرید بەسەر كەتەلۆنیا بگێڕێتەوە، وەكو ئەوەی حكومەتەكەی راخۆی لە ساڵی 2017 كردی. بە كردەوە ئەگەرێكی زۆر هەیە، حكومەتێكی راستڕەوی تازە لە مەدرید، لەگەڵ بزاوی جیاخوازی كەتەلۆنیا، زۆر لە راخۆی توندتر بێت، ئینجا لەوەتەی راخۆی لە دەسەڵات لادراوە، پارتی میللی، هەڵوێستی بەرامبەر بزاوی جیاخوازی كەتەلۆنیا توندتر بووە، بە تایبەتی بەهۆی هەڵكشانی فۆكس، كە پارتێكی تازەی راستڕەوەی توندڕەوە و، لە كانونی یەكەمی رابردوودا، ئەنجامی بەرچاوی لە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی لە ئەندەلوس بەدەستهێنا، ئەویش بەدەستهێنانی 12 كورسی بوو لە پەرلەمانی ئەندەلوس، چاكەی ئەوەش بۆ بەرنامەكەی هەڵبژاردنی دەگەڕێتەوە، كە وتاری دژ بە كۆچبەران و هەڵوێستی توندی لەهەمبەر قەیرانی كەتەلۆنیای هەبوو. فۆكس تاكو رادەی بانگەشەكردن بۆ نەهێشتنی سیستمی ئۆتۆنۆمی هەرێمی و قەدەغەكردنی پارتی سیاسیی جیاخوازی چووە.
بەڵام، لەبەرچی جیاخوازەكان چاویان لەو ئەنجامەیە؟ لەبەر هۆكارێكی سادە، ئەویش ئەوەیە، رێگەی گەیشتن بە سەربەخۆیی كەتەلۆنیا، هەر بە ئەستەم و زەحمەتی دەمینێتەوە. لەبەرئەوەی لەوەتەی ساڵی 2011وە، هەموو حكومەتەكانی پارێزگار و دیموكراسی كۆمەڵایەتیی لە مەدرید، گشتپرسییان لەبارەی سەربەخۆیی كەتەلۆنیا رەت كردووەتەوە، كە لەلایەن دەوڵەتەوە رێگەیان پێدراوە. بۆیە، ئەمڕۆكە جیاخوازانی كەتەلۆنیا، گرەو لەسەر بانگەشەی ستەملێكراوی سیاسیی و گێڕانی رۆڵی قوربانی دەكەن، وەكو باشترین ستراتیژییەت، بۆ دووبارە هێنانەوە گۆڕێی پڕۆژەی سەربەخۆیی. بۆیە پێویستیان بەوەیە، كەتەلۆنیا وەكو قوربانی سەركوتكردنی دڕندانەی مەدرید نیشان بدەن، بە هیوای ئەوەی كێشەكەیان پشتیوانییەكی نێودەوڵەتی بەدەست بێنێت. بەڵام تاكو ستراتیژیەتی ستەملێكراوی سەركەوتوو دەبێت، جیاخوازان پێویستیان بە بەربەستێكی گەورەتری مەدرید، لەلایەن سانشێز و حكومەتە سۆشیالیستەكەیەوە هەیە. لە جیاتی گفتوگۆ و نەوی كێشان، پێدەچێت جیاخوازان بیانەوێت، كەللە رەقی و لاساری -لەوانەیە كەمێك توندوتیژیش- بنوێنن.
بە گوزاریەكی دیكە، ئەوان حكومەتێكیان دەوێت، پارتی میللی پێشەوایەتی بكات و لەلایەن فۆكس و سویدادانۆسیش پشتیوانی لێبكرێت، كە پارتێكی راستڕەوی ناوەندە لە كەتەلۆنیا و بەتوندی لەدژی سەربەخۆیی كەتەلۆنیا بوو. لەبەر ئەو دوو بەرەكییەی، كە سیستمی پارتایەتی پێی ناسراوە، گرەوكردن لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، كە هێشتا نزیكەی مانگێكی ماوە ئەستەمە. بەڵام بە گوێرەی دوایین راپرسییەكانەوە، ئاسانە خەیاڵی ئەوە بكەیت، پارتی میللی دەتوانێت سانشێز وەلا بنێت-بە پشتیوانی سویدادانۆس و فۆكس. وەلێ لێكەوتەكانی حكومەتێكی هاوپەیمانی، كە پارتی میللی پێشەوایەتی بكات و پارتەكەی فۆكسیشی لەگەڵ بێت، زۆر لە بابەتی كەتەلۆنیا دوورتر پەل دەهاوێت. دوای مردنی فرانكۆ، دەبێتە جاری یەكەم، كە پارتێكی راستڕەوی توندەڕەو بتوانێت بگاتە حكومەتی ئیسپانیا. هەروەها كاریگەریشی بەسەر دیموكراسیەتی ئیسپانیا، زۆر گەورە دەبێت، لەبەرئەوەی هێرشكردنە سەر مافەكانی ئافرەتان و كۆچبەران لەگەڵ خۆی دەهێنێت، ئەوانەی دوای خەباتێكی درێژ و قوربانیدانێكی زۆر بەدی هاتوون. زێدەباری ئەوانەش، حكومەتێكی لەو جۆرە، دەتوانێت تەوژمێك لە نەتەوەپەرستی بخاتەڕوو، كە لە دوای رژێمەكەی فرانكۆوە هاوتای نەبێت، تەوژمێك كە ئۆتۆنۆمی هەرێمی لاواز بكات، نەوەكو بەتەنیا لە كەتەلۆنیا، بەڵكو لە لایەنی دیكەشەوە، وەكو هەرێمی باسك. بۆیە دەبێت جیاخوازەكان باش بزانن، بە تەواوی روون نییە، ئایا حكومەتێكی راستڕەو، هەرێمی ئەوان لە سەربەخۆیی نزیك دەخاتەوە یان نا. بەڵكو ئەگەرێكی گەورە هەیە، ئەنجامی ستراتیژیەتی ستەملێكراوی لە كەتەلۆنیا، لەباربردنی تەواوی دیموكراسیەت بێت لە ئیسپانیا.
و: رەمزی میرەكانی
سەرچاوە www.alittihad.ae









