فارس قادر فەقێ عەبدوڵلا
هەروەك باوە دەبینین رۆژێك لە رۆژانی سال كە 8/ 3كراوە بە رۆژی جیهانی ئافرەتان ئەویش كە دەگووترێ بۆ یەكەمجار لە 8ی مارسی ساڵی 1857 لە شاری نیۆیۆركی ئەمریكا ئافرەتانی كارگەی رستن و چنین لەبەر كاری زۆر سەخت و لە گەل كەمی كرێ نارەزایی دەردەبرن و پۆلیس هێرش دەكاتە سەریان و خۆپیشاندانەكە كپ دەكات، ئەم نارەزایەتییە بەردەوامی هەبوو، پاش زیاتر لە 50 ساڵ لە هەمان رۆژ لە 8ی مارسی ساڵی 1908 دووبارە ئافرەتانی كارگەی رستن و چنینی كەتان لە شاری نیۆیۆرك لە گەل یادكردنەوەی ئەم رۆژە بەهۆی پەستانی زۆری كار لە سەریان و مووچەیەكی كەم دەستیان بە دەربرینی نارەزایی كرد، خاوەنی ئەم كارگەیە بە هاوكاری پاسەوانەكانی كارگەكە بۆ رێگریكردن لە نارەزایی بەشەكانی تری كارگەكە ئەم ئافرەتانەی لە شوێنی كارەكانیان زیندانی كرد و بە هۆكارێكی نادیار ئاگر لە كارگەكە كەوتەوە تەنها چەند كرێكاری ئافرەتی دیلكراو توانیان خۆیان رزگار بكەن ،لەم كاتەدا 129 كرێكاری ئافرەت لەم ئاگرەدا سوتان. بەڵێ وایە ئەم مێژووە وەك دەیان مێژووی تری مرۆڤایەتی و مێژووی ئافرەتانی دایكە حەوا گەورەن و پر سەروەرین گەر لەو 182هەزار ئەنفالە نیوەی ئافرەت بێت كەواتە سەرەوەی 90هەزار ئافرەتی كورد لە یەك كاتدا زیندەبەچاڵ كران.
بۆیە دەلڵین ئەم مێژووەی ئافرەتانی نیۆیۆرك هەرچەند ناخ هەژێن بێت گەورەتر نیە لە مێژووی ئەنفالەكان لە كوردستان، مێژووی ئەو دایكەی جەستەكەی لەگەڵ كورەكەی زیندەبەچاڵ كراوە گەورەتر نیە لەو مندالەی كە بووكە شوشەكەی لەگەڵی خنكاوە گەورەتریش نیە لەو كیژۆڵە ناسكانەی كە ملوانكەی ئومێد و حەزەكانیان لەگەڵ جەستەدا رزیوە وە گەورەتریش نین لەو دادا و داپیرەی گۆچانەكانیان لە گەلیان لە ژێر خاك چەقیوە، بەڵێ لە مێژووی سەد ساڵەی رابردووش گەورەتر نیە لە ئافرەتانی كورد و منداڵانی كورد كە لەناو ئەشكەوتەكان خنكێندراون و دەرگەی ئەشكەوتیان بە ئاگر و دووكەڵ داخراون بەلێ گەورەتر نیە لە هیچ رەش كوژییەك و كومەڵكوژییەكی ئافرەتانی دایك و خوشكمان لە كوردستان كە سەدان ساڵە رۆژانە روودەدات و مێژووشیان نیە و نەنوسراوە، بەلێ كامیان بڵێم با لە شوێنی 8ی مارس بێت، گەر تەنها كورد مێژووی ئافرەتانی بنووسێ لاپەرەكانی هیچ پەراوێك بەشی ناكا و حوبری هیچ دەریایەك فریای ناكەوێ كامیان باس بكەین! گەر زۆر دووریش نەرۆین كەچی دەبێ دەستەوئەژن و بەرامبەریان بووەستین كام ناو بلێین و لە كام شێرەژن و گەورەئافرەت دەست پێبكەین، لە شەهید لەیلا قاسم كە یەكەم كچە كوردبوو بەرامبەر بە پەتی سێدارە راوەستا و روح و جەستەی بە یەكەوە دەسوتا یان لە دایكە حەلیمەی سەرۆك بارزانی شاهێدی بۆ دەدات و لە بۆردوومانی فرۆكەكانی دوژمن نە رووخاوە و نەبەزیوە چوار رۆڵەی بە روح نەمان و بە جەستەش سوتان كەچی پارچە پارچەی جەستەكەیانی بە یەكەوە لە ناو یەك تورەگە كرد و لە بەردەم سەرۆك وەستا وەك سەرۆك دەفەرمووی گووتی رۆڵە گیان مسعود مەگری نامەوێت فرمێسك لە چاوانت ببینم لە كاتێك سەرۆك دەڵێت خۆم پێ رانەگیرا بەرامبەر بەو دایكە مەردو بە جەرگە. ئایا ئەم دایكە بە جەرگە مەردتر لە مەردەكانی دونیا نیە؟!! كە هەڵوێستی و كوردایەتی لە رۆلەكانی بە گەورەتر دانا لە ئاوارەیی دەربەردەری لە كۆمەڵگای زێوە كەچی وەك سەنگەرێكی بەرخودان و شەرەف بەرەنگاری كارەساتەكە بوونەوە.
كام باس بكەم رۆژی 8/3 بدەم بە كام ئافرەتی كورد؟!! یان بیدەم بەو شێرە ژنەی 3 رۆلەی بە یەك سات و بە یەك ئاگر سوتان و لە شەری داعش شەهیدكران كەچی وەك قەلایەك نەرووخا، ئایا ئێوە دەزانن ئەوەی دڵی دەسوتێ و تەنها جەستەیان لە دونیا دەمێنێ و ناروخێن ئەوانە گەورەن! چونكە جەستەیان هەردەم دەسوتێ و دڵیشیان هەردەم ئاگری بوركانی گەرم تر دەبێ نەك ئەوەی بە یەك جار دەسوتێ و لەم جیهانە جەنجاڵە نەجاتی دەبێ، دیسان دەلێم ئەم رۆژە بدەین بە كام ئافرەتی كورد؟!!بۆچی نەیدەین بە شەهید ئایشە گولی خەباتگێر كە تەمەن و پیری چۆكی پێدانەنا و تا رۆحیان دەركرد خەباتی بۆ نیشتمان كرد! یان بۆ ئەم رۆژە نەدەین بە شێرەژنی شەهید و خەباتگێر خەجە باوە كەلە رۆژی رزگاریی هەولێر لە راپەرین لە 11/3/1991 لە بەردەم ئەمنی هەولێر بە دەستی بەعسیە فاشییەكان شەهیدكرا یان بۆچی نەیدەین بە دەیان ئافرەت و كچی بە شەرەفی كورد كە لە بەندینخانەكانی رژێم هەرچی كرا لە گەڵیان كرا بەڵام چۆكیان بۆ دوژمن دانەنا؟!
بیدەین بە كێ؟! دە بیلێن ئەی ئەوانەی لە 8/3 تێدەگەن، بیدەین بە كامیان؟.. ئەمانە دڵۆپێكن لە دەریایێك. ئەمانە لە خەرمانەی خەمی منن ئەی خەمی50 ملیونی كوردی تر چیتریان پێیە و چیتر دەزانن! دەبێ چیتر بنوسن؟!! با هەموویان واز لێبینم تەنها هەلوێستێكم بەسە كە بلێم رۆژی ئافرەتان، رۆژی ئافرەتانی كوردە لە جیهان بەڵام بە داخەوە مێژووەكەی تۆمار نەكراوە، ئافرەتەكەش نەناسراوە بەلێ سەربازی ون هەیە و شێرەژنی ونیش هەیە هەروەك لە جاشێكم بیست جاشێكی شەرمەزار و جاشێكی توزێك بە زەمیر لە هەشتاكان ئەوكاتەی كە زەمیر و ویژدانی جوڵا راستییەكی دركاند و گووتی كاتێك چووین بۆ ناوچەكانی سەرەوە گووندەكانمان روخاند لە گەل جەیشی عێراقی لە كاتی رووخان و تێكدان لە گووندەكان تەنها ئافرەت و مندال لە هەندێ شوێن مابوون لە كاتی رووخان و تەپ و تۆز و تاڵان لە كاتی قیژەی زارۆك و منداڵان گوێ بیست بووم لە ئافرەتێكی هەژار و جل دڕاو دەموچاو تۆزاویی بێ چارە و بەستەزمان مەرد و چاونەترس پر ئومێد فەرمووی هەی سەگی سەگ باوكینە وەڵڵا ژیان و ژوانمان لە گەل ئاژەڵ و گوێدرێژیش كردبێ دەبێ هێندە پیاو دروست بكەین سەری ئێوەش پان بكەنەوە بەلێ ئەمەیە ئافرەتی كورد ئەمەیە غیرەتی كورد ئەمەیە مێژووی كورد گەر مێژووی كورد بنووسرێ جیهان شەرمەزار دەبێ بەرامبەر بە كورد.
ئەم قسەیە لە لای هەر كەسێك هەر مانایەكی هەبێت لای من زۆر گەورەیە نەك هەرشەرم لەو شێرە ژنە دەكەم بەلكو خۆم بە لاواز دەزانم بەرامبەر بەم بروایە گەورەیەی ئەو دایكە دڵسۆز و كورد پەروەرە كە هەیبووە، بەلێ 8/3بۆی نیە بەرامبەر بەم هەلوێستانە سەرقافڵە بێت راستە رۆژێكی مێژووییە بەڵام شای رۆژانی ئافرەتان رۆژی دایكە گەورەكانی منە گەر دایكانی منیش مێژوویان نووسرابا و 8ی مارس رۆژێك دەبوو لە رۆژانی مەینەتی ئافرەتان رۆژێك لە رۆژانی ئافرەتی كورد دەبوو بە رۆژی جیهانی ئافرەتان. بەلێ بۆ ئێمە كورد لاسایی كردنەوەیە كەچی یادی رۆژانی بەشێك لە جیهان كارێكی ئاساییە و مرۆڤایەتییە بەڵام رۆژی دایكانی جەرگ سوتاوی من رۆژی خوشكانی من رۆژێك نیە رۆژانێكە وەك كاروانی شەهیدان كاروانێكە لە خەبات. بۆیە ئاسان نیە بڵێین هەشتی مارس رۆژی ئافرەتانی كوردستانە، چونكە هەموو رۆژێك رۆژی مەینەت و بەرخودان بوو لە كوردستان.
❊ ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارێزگای هەولێر پ.د.ك.









