دڵشاد مستەفا وەسانی
رۆژنامەی خەبات لە بەغدا لەدایك بوو، ئەو دوو ساڵەی لەوێ دەرچوو، سەرەتایەكی گرنگ بوو، ناوی دەركرد و ئەو ناوبانگە رۆڵی بۆ قۆناغەكانی دواتریش هەبوو، دەكرێ قۆناغی بەغدا بۆ دوو بەش دابەش بكەین، بەشی یەكەمی كە دەكاتە ساڵی یەكەمی دەرچوون، خەبات چاپخانەی نەبوو و لە سێ چاپخانە چاپ كرا، هەر لەو بەشەدا خەبات وەك بڵاوكردنەوەی سیاسەتی پارتی، بەرگری لە كۆمارە تازەكە دەكرد، بەوپێییەی ببێتە كۆماری هەموو پێكهاتەكان و هیچ لایەك پەراوێز نەخرێ، لە بەشی دووەمی قۆناغەكەدا خەبات بووە خاوەنی چاپخانەی خۆی، بەڵام بەهۆی هەڵگەڕانەوەی حكوومەت لەو پرنسیپانەی راگەیاندرا بوون و لە دەستووریش جێگەیان كرابووەوە، هەڵوێستی خەباتیش بەرامبەر بە حكوومەتی قاسم گۆڕانی بەسەردا هات.
بەو پێیەی رۆژنامەی خەبات پێش حزب مۆڵەتی یاسایی وەرگرت، بۆیە بە بارەگاكانی حزب لە كوردستان دەگووترا خەبات، كاری حزبایەتی دەكرا و لەڕێی كادیرانیشەوە دەنگوباس و راپۆرت بۆ خەبات دەنێردرا، هەر بۆیە لە ساڵی یەكەمی خەبات كە چاپخانەی خۆی نەبووە 3500 تا 5000 دانەی لێ دەرچووە، بەڵام كە پارتی چاپخانەی بۆ رۆژنامە كڕی و مۆڵەتی كاركردنی پارتیش دەرچوو، تیراژی لە نێوان 10000 تا 15000 دانە بوو، كە لەڕێی نووسینگەكانی فرۆشتنی رۆژنامە و نووسینگەكانی حزبەوە دابەش دەكرا، ئەمەش بۆ ئەوكات تیراژێكی زۆر بووە، چونكە ژمارەی دانیشتوانی عێراق بەگوێرەی سەرژمێری 1957 بریتی بووە لە 6.340.000 كەس، لەو ژمارەیەشدا سێ لەسەر چواری دانیشتوان نەخوێندەوار بوون.
دوای ئەوەی حكوومەتی عەبدولكەریم قاسم پشتی لە دەستوور كرد و لە بەڵینەكانی پەشیمان بووەوە، بەئاشكرا كەوتە دژایەتیكردنی كورد، بۆیە ئەو بیروڕایەی لە رۆژنامەی خەبات بڵاودەكرایەوە پێیان قبووڵ نەدەكرا، خەبات لەسەر وتارێك بەناوی (الامە الكوردیە و المادە الپانیە من الدستور) كە رایگەیاندبوو كوردستان بەشێك نییە لە نیشتمانی عەرەب دادگایی كرا، ئیبراهیم ئەحمەد كە سكرتێری حزب و سەرنووسەری خەبات بوو، لەلایەن حاكمی گشتی سەربازییەوە رەوانەی دادگا كرا، رۆژی 27ی تشرینی دووەمی 1960 لە سەربازگەی رەشید دادگایی كرا، لە كاتی دادگاییكردنەكەدا هەندێ پارێزەر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادە بوون.
دادگاییكردنی خەبات، كاریگەریی زۆری كردە سەر پەیوەندیی حكوومەتی عێراق و پارتی دیموكراتی كوردستان، خەبات كەمتر گرنگیی بە هەواڵەكانی حكوومەت دەدا، بەمەش عەبدولكەریم قاسمی سەرۆك وەزیران لەو هەڵوێستەی خەبات توڕە بوو، لای بارزانی شكایەتی كرد، بۆیە بارزانی داوای لە خەبات كرد كە بەرامبەر بە قاسم تووند نەبێ.
تێكچوونی پەیوەندیی حكوومەت و پارتی، رێگەی بۆ ئەوە خۆشكرد پەلاماری كورد بدرێت، رۆژنامەی (الپورە- ئەلسەورە) كە وایلێهاتبوو بە زمانحاڵی عەبدولكەریم قاسم ناودەبرا، هێرشی تووندی دەكردە سەر كورد، لە ژمارە 555ی 17ی شوباتی 1961 كلۆفیس مەقسود وتارێكی نووسیبوو، داوای كردبوو كەمینەكان لە بۆتەی نەتەوەی عەرەبدا بتوێندرێنەوە، بۆ ئەوەی ئیمپریالیزم نەیانكاتە بەهانەی دەستێوەردانی نیشتمانی عەرەب.
رۆژنامەی خەبات لە رێی چەندین سەروتار و راپۆرتدا، هەڵمەتێكی بەرفراوانی بەرامبەر بە رۆژنامەی ئەلسەورە دەست پێكرد، بۆ نموونە لە 437ی 21ی شوباتی 1961 نووسیی “رۆژنامەی (الپورە) لە بەرژەوەندیی كێ داوای تواندنەوەی گەلی كورد دەكات”، هەروەها لە ژمارە 441ی 26ی شوباتی 1961 لە ژێر ناونیشانی “جەماوەری كوردستان ناڕەزایی خۆی بەرامبەر ئەوانە دەردەبڕێ كە داوای تواندنەوە دەكەن”، راپۆرتی بڵاوكردەوە، رای كەسانی شارەزا و وەزیر و كەسایەتی سیاسیی وەرگرتبوو.
حكوومەتی عێراق لە هەڵوێستی تووندی بەرامبەر كورد بەردەوام بوو، بۆیە دوای دادگاییكردنەكە و رێگە خۆشكردن بۆ ئەوەی هێرشێكی راگەیاندن و وتارنووسین بكرێتە سەر كورد، بڕیاریدا خەبات بوەستێ و چیدی دەرنەچێت، لە رۆژی 28ی ئاداری 1961 دوا ژمارەی خەبات كە 462 بوو دەرچوو، بەمەش بارودۆخەكە بەتەواوی تێكچوو، لە 11ی ئەیلوولی1961 شۆڕشی ئەیلوول هەڵگیرسا، دادگا لە بەغدا رۆژی 28ی ئەیلوولی 1961 بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان و لقەكانی لە هەموو پارێزگاكان دا، رۆژی 22ی تشرینی یەكەمی 1961 حاكمی سەربازی لیوا روكن ئەحمەد ساڵح عەبدی بڕیاری دا كە ئیمتیازی رۆژنامەی خەبات رەتكرایەوە و (چاپخانەی سەلاحەدین) یش بەو پێیەی چاپخانەی پارتی دیموكراتی كوردستانە دابخرێ.
بەمەش قۆناغی دەرچوون و گەشەكردنی رۆژنامەی خەبات، لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە كۆتایی پێهێندرا، ئەو دوو ساڵەی بەغدا بۆ ساڵانی دوایی خەبات، زەخیرەیەكی زۆر بوو.









