خەبات: بنەسڵاوە: سەفەر یوسف میرخان ژاژوكی
لە دیرۆكی ریبازی كوردایەتی و سەروەرییەكانی و لە قوتابخانە مەزنەكەی بارزانیی نەمری رابەردا، بە سەدان و بە هەزاران رۆڵەی بە هەڵویست و ئازا و نەبەرد هەڵكەوتوون و پەروەردەبوون كە توانییان دڵسۆزانە و بە بیروباوەڕی پاك و راست و دروست، خزمەتی ئەو ریبازە بكەن كە هەڵیانبژاردبوو كە ئەویش ریبازی بارزانیی نەمرە و بۆ خۆیان و نەتەوەكەیان خەباتنامەیەكی پڕ لە شانازیان نەخشاند و سەرئەنجام ژیانیان بووە بە یەكیك لە وانەكانی قارەمانیتی و كۆڵنەدان لە پێناو بەرگری لە شوناسی گەلەكەیان و پاراستنی سەنگەری تیكۆشانی رزگاریخوازیانەی كورد و كوردستان.
یەكێك لەو تیكۆشەر و قارەمانانە، پیشمەرگەی مەرد و فەرماندە (محەمەدعەلی خۆشناو)ـە، كە بە پێویستمان زانی بە بۆنەی یادەكانی مانگی ئادار، چاوپێكەوتنێكی تایبەت، لەگەڵ مام (محەمەد عەلی كاموسەكی)، پیشمەرگە و قارەمانیكی رۆژە سەختەكان ئەنجام بدەین كە ژیان و خەباتی ئەم تیكۆشەرە ئاوینەیەكە لە بەهاكانی پیشمەرگایەتی و نموونەیەكە لەو پەروەردە باڵانمایەی كە قوتابخانەی كوردایەتی بۆ كوردستان گۆشی كردووە. پیشمەرگەی فیداكار (محەمەدعەلی حاجی رەسول كاموسەكی) ناسروا بە (محەمەدعەلی خۆشناو) لە ساڵی 1947 لە گوندی كاموسەكی سەر بە ناحیەی هیران - شەقڵاوە لە دەڤەری خۆشناوەتی لە بنەماڵەیەكی كوردپەروەر لە دایكبووە. دەڤەرەكەیان، دەڤەری خۆشناوەتی هەمیشە هەڵویستی كوردایەتییان بۆ ریبازی بارزانیی نەمر هەبووە و لە شۆڕشەكانی كوردایەتی و بە تایبەت لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و گوڵان و راپەرین و شەڕەكانی دژ بە داعش، خاوەن شەهید و پیشمەرگەی گیانفیدایە.
خەباتكار مام (محەمەد عەلی خۆشناو)، هەر لە تەمەنی لاوێتی هزری كوردایەتی دەچێتە ناخی دڵی و لە دەستپێكی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، كە تەمەنی 14 ساڵ دەبێت، بەشداری شوڕش دەكات و لەگەڵ شەهیدی فەرماندە، مەحموود كاوانی دەبێت و لە سەرەتای شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بەشداری لە شەڕەكانی (زینی بەرسرین، سەفین و دەشتی هەولێر، زینەتر، زەرتكان و كەپكی حەمەد ئاغای كردووە و لە ساڵی 1965 بۆلای شەهیدی فەرماندە مەلائەمین بارزانی، لە ئاكۆیان دەگویزرێتەوە و لە پیشمەرگایەتی بەردەوام دەبیت و لەبەر ئازایەتی لە شەڕی دۆڵی ئالانە، پلەی بەرپرسیاریەتی وەردەگریت و بەشداری لە شەڕەكانی ئاوەگرد و شەڕی دەشتی كۆیە و ئەو سنوورە دەكات و تیایاندا رۆڵی هەبووە.
دوای نسكۆی شۆڕش مانگی 3ی 1975 ئاوارەی ئێران دەبن و لە 6-9-1979 كە ئەوكات ماڵیان لە تاران بووە، لە سەر ئەمری سەركردەی نەمر، ئیدریس بارزانی ماڵی دەگوازێتەوە كوردستانی رۆژهەڵات و لە نەغەدە نیشتەجێ دەبێت و ماڵیان دەبێتە پەناگەیەكی پێشمەرگەكانی بارزانی و بەشداری لە شۆڕشی گوڵان دەكات و لەگەڵ فەرماندە، رەسوڵ فەقێ دەبێت و ساڵی 1980 بەشداری لە شەڕەكانی شەڕی قەڵاتوكان و لە كۆتاییەكانی مانگی 11ی 1980 بەشداری شەڕی بەناوبانگی حاجی ئومەران دەكات، هەروەها بەشداری لەشەڕی وەرتێ دەكات و دواتر دەبیتە بەرپرسی رێكخراوی شەهید مەحموود كاوانی سەر بە لقی دوو و لە ساڵی 1983بەشداری لە شەڕی بالیسان و شەڕی قەندیل دەكات و یەكێك لەو تیكۆشەرانە بووە كە ساڵی 1986لەگەڵ سەرۆك مسعود بارزانی بۆ ناوچەی هەرێمی یەك رۆیشتبوون، ئەو قارەمانە یەكێك لە نزیكەكانی سەركردەی نەمر ئیدریس بارزانی و سەرۆك بارزانی بووە، بەشداری لە داستانی خواكوڕك 1988 كردووە و بەشداری لە راپەرینی ساڵی1991 دەكات و دوای راپەرین دەگەڕێتەوە كوردستان و دوای دانانی تەشكیلات لە هێزی كاوانی بۆتە ئامیر بەتالیۆن، پاشان بوویتە ئامر هێز، لەگەڵ تەشكیلاتی سوپای موشتەرەك بۆتە ئامرسریەی بارەگا لە جێژنیكان، دواتر بەردەوام بووە لەئەركی دا و لە سوپای2 لەلای فەرماندە جەمال مورتكە بەردەوام بووە. لە دوای تەمەنێك لە خەباتی دەیان ساڵەی پیشمەرگایەتی دانەبڕانی لە كاروانی خەبات و پیشمەرگایەتی، خانەشین كراوە.
بەبینینی ئەو قارەمانە زۆر دڵخۆش بووم كە هەمیشە خەنجەرەكەی وەك نیشانەیەكی بارزانی و كوردایەتی هەڵگرتووە. كاتێك ئەلبوومی وێنەكانی پێشمەرگایەتی و رۆژگاری خۆی و هاوسەنگەرانی پیشانی منی دەدا و لە ناو وێنەكانیدا وێنەی دەیان شەهیدی هاوسەنگەری لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و گوڵان و راپەرینی وەك وەفادارییەك بەرامبەر تیكۆشەر و هاوسەنگەر و شەهیدەكان، لای خۆی پاراستبوو. سڵاوی رۆژنامەی خەباتی ئازیزم پێ گەیاند و ئەوەیش بەخۆشحاڵییەوە سوپاسی منی كرد بۆ ئەم ریگا دوورە.
بەراهیی دیمانەكەماندا لە مام (محەمەدعەلی خۆشناو)م پرسی، سەرەتا كەی و چۆن بوویت بە پیشمەرگە؟ لە وەڵام دا بە خەندە گوتی:
لە تەمەنی لاویەتی پەیوەندیم بە ریزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد، تەمەنم 14 ساڵ دەبوو و نەدەبوو، سەرەتا لەگەڵ شەهیدی فەرماندە مەحموود كاوانی دابووم، كە هیشتا شۆڕشی مەزنی ئەیلوول دەستی پی نەكردبوو و پیش ئەوەی ببمە پیشمەرگە، پۆستەچی مەحموود كاوانی بووم و دەهاتمە شەقڵاوە لای ئەحمەد حاجی شەقڵاوە و دەچووم ئەو سنوورانە بە نەهینی نامەكانم بۆ شەهیدی فەرماندە مەحموود كاوانی دەبرد و زۆر باوەرپیكراو بووم لای ئەو، 15-11-1961 پەیوەندم بە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول كرد لە لای شەهید مەحموود كاوانی و بوومە پیشمەرگە و سەرەتای تەمەنی لاویم بوو. جارێكیان كە لە شۆڕشی ئەیلول، كە خواردن و پێداویستیم بۆ پێشمەرگە رەوانەی سەنگەرەكان دەكرد و من نانم لە گوندان بۆ پێشمەرگە دەهینا و دەهاتمە وەرتی، شەهیدی فەرماندە مەحموود كاوانی بەمنی گوت: بڕۆ لای مستۆ حاجی ئەمین كە چوویتە شوێنی عومەر مەلازادە، خواردن و ئاوی بۆ ببە. ئەو شوێنە سەر رێگای حاجی عومران، زینی بەسەرین و عەسكەری هاتبوونە ئەوێ. منیش چەند تەقەیەكم كرد بۆ ئاگاداركردنەوەی هاوسەنگەرەكان. شەهیدی فەرماندە مەحموود كاوانی چووبووە لای بارزانیی نەمر لە داروسەلام، حاجی سەلیم كاتبی شەهیدی فەرماندە مەحموود كاوانی بوو و نامەیەكی دایە دەستی من كە بیدەمە دەست شەهیدی فەرماندە مەحموود كاوانی تا ئاگادار ببیتەوە، كە چوومە خزمەتیان و سڵاوم كرد و بارزانیی نەمر بە خۆی نامەكەی خویندەوە. مستەفا نێروەیی و حاجی بیرۆخی لە لای ئەو بوون، بارزانیی نەمر رێنمایی و چۆنیەتی گرتنەوەی ئەو شوێنەی بە فەرماندەكان دا. دواتر شەهیدی فەرماندە مەحموود كاوانی بە منی گوت: تاقانە! بڕۆن ئەوان ئاگادار بكەن كە دواتر چوون سەركەوتنمان بەدەست هێنا و چەند سیلاحمان كۆكردەوە و بۆ بارزانیی نەمرمان برد. بارزانیی نەمر بە عەلی شەعبانی گوت: بچن پەشم و بەرزوك و شوتیك و پێلاوێك بێنن و بە منی گوت: پیرۆرز بێت، منیش سوپاسی بارزانیی نەمرم كرد و پێم گوت: هەر پێشمەرگەی تۆین بۆ بەرگری لە كوردستان و ئامادەی گیانفیدایین. بەراستی لەو رۆژەدا بارزانیی نەمرم لە نزیكەوە ناسی كە هەموو ئاواتم بوو لە ئەو نزیكەوە بیبینم، چونكە شەهیدی فەرماندە مەحموود كاوانی هەمیشە بۆ ئیمە باسی بارزانی نەمری دەكرد، كە بارزانیی نەمر عەدالەتخوازە و خزمەتی كوردایەتی دەكات و دژی زوڵم و ستەمە، هەر بۆیە بارزانیی نەمر شۆڕشی ئەیلوولی بەرپا كرد، شۆڕشی لە پیناو كوردستانیكی سەربەخۆ و ئازاد بەرپاكرد.
دەتوانی باسی رۆڵی شەهیدی فەرماندە( مەحموود كاوانی) بكەی لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول؟ بەریزیان گوتی:
شەهیدی فەرماندە مەحموود كاوانی هەموو كاتیك لە پیشەوەی شەڕەكاندا بووە، كەسێكی ورەبەرز بوو، چاونەترس و قارەمان بوو، هەمیشە خۆشەویستی جەماوەری دەڤەری خۆشناویەتی و كوردستان بووە، كەسیكی نزیكی بارزانیی نەمر بوو، شەهیدی فەرماندە مەحموود كاوانی، زۆر جار جلوبەرگی خۆی دەدایە پیشمەرگە، چەند جار لەگەڵی دابوومە كە پیڵاو جلوبەرگەكانی دەدایە پێشمەرگە. كە پێمان دەگوت ئەدی بەخۆت چ لەبەردەكەی؟ شەهیدی فەرماندە مەحموود كاوانی گوتی: قەیدی ناكات، دەتوانم چاری خۆم بكەم، بەڵام ئەو پیشمەرگەیە لەوانەیە نەتوانێت دەستەجلیك بۆ خۆی دەست بخات. بزانە چەند مرۆڤیكی دڵسۆز و بەرەحم بووە و هیچ كاتێك حەزی لە پلە و پایە نەبوو، هەموو ئاواتی خزمەتكردن بە رێبازی بارزانیی نەمر بووە و بارزانیی نەمریش ئەوی زۆری خۆش دەویست. چەند جار چوومە لای ئەو كە لای بارزانیی نەمر بووە و هەموو ئاواتی خزمەتكردن بە كوردایەتی بووە و بەداخەوە لە 21-8-1962 لە گوندی ئاقوبان كە فرۆكەی دوژمن ئەو گوندە بومباران دەكات، بەسەختی بریندار دەبیت و لە 30-8-1962 بارزانیی نەمر لە ئەشكەوتی بیراوا سەرێ لیدا و بە داخەوە لە 31-8-1962 شەهید دەبێت.
دەتوانی هەندێك لە داستانەكانت لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول كە لە یادت ماوە، بۆمانی باس بكەی؟ مام(محەمەد عەلی خۆشناو) گوتی:
بەشداریم لە زۆرێك لە شەڕەكان كردووە، ساڵی 1962 مانگی 7 لە شەڕی زینی بەرسرین بەرگرییەكی قارەمانانەمان كرد و سریەكی عەسكەریمان دەستبەسەر كرد و 15-8-1962 گەڕاینەوە سەفین و 21-8-1962 شەهیدی فەرماندە مەحموود كاوانی بە بوردمانی فڕۆكەی داگیركەران بریندار و دواتر شەهید بوو. دوای شەهیدبوونی، بەردەوام بووم لە ئەرك و لە 1-9-1962 بە فەرماندەیی شەهید موقەدەم عەزیز، هیرشی سەفینمان كرد و بە بازو و باوەڕی پیشمەرگە، سەفین و خۆران بە تەواوەتی ئازاد كرا و ئەم داستانە بە خوێنی 6 شەهید و 14 بریندار تۆمار كرا. مانگی 4ی 1963 بەشداری شەڕەكانی دەشتی هەولێرمان كرد و ئەو كات سەردەستە بووم، ساڵی 1965 بەشداری شەڕەكانی زینەتیر و زەرتكان و كەپكی حەمەدئاغامان كرد. بەشداریم لە چەندین داستانی دیكە كردووە كە پێشمەرگە رۆڵێكی گیانفیدایی تێدا بووە و داستانەكان بە سەرۆكایەتی رابەری كورد، بارزانیی نەمر بوونە.
لەبارەی رۆڵی بارزانیی نەمر لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا، مام (محەمەد عەلی خۆشناو) كە یادی دەكردەوە چاوكانی پڕ بوو لە فرمێسك و گوتی:
بارزانیی نەمر رابەری بزووتنەوەی كورد، شۆڕشی مەزنی ئەیلوولی بۆ كوردایەتی و سەربەخۆیی و ئازادی كورستانیان بەرپا كرد. بارزانیی نەمر، هەموو كاتێك بۆ پاراستنی كوردستان، شانبەشانی پیشمەرگە لە ریزی پێشەوەی بەرەكانی شەڕ بووە. بارزانیی نەمر لە خانەقین تا زاخۆ لەگەڵ پیشمەرگە بەرگری لە كوردستان كردووە و هەموو ئاواتی جێبەجێكردنی مافەكانی میللەت و سەربەخۆیی كوردستان بووە. بارزانیی نەمر هەموو ژیانی خۆی وەك پێشمەرگە گوزەراند و هەموو كاتێك رێزی لەو بەرپرسانە دەگرت كە ئومووری میللەتیان جێبەجێ دەكرد و ئەو كەسەی لا خۆشەویست بوو كە بە پاكی و راستگۆیانە خزمەتی كوردستانی دەكرد. هەمیشە ئامۆژگاری بە ئێمەی پێشمەرگە و بەرپرسان دەكرد، كە بەراست و دروست خزمەتی خەڵك و كوردستان بكەین و هەتا دەیفەرموو: ئەگەر چوونە گوندێك و ماڵێك هەر خواردنیكی بە ئێوە دا، نەڵێن ناخۆین، چونكە ئەوان ئەو خواردنەیان بۆ خۆیان چاك كردووە بۆیە دەبێ سوپاسیان بكەن. بارزانیی نەمر بە لێبوردەیی و سیاسەتە حەكیمەكانی خۆی، گەورەترین زەربەی لە ناحەزانی كورد دەدا، مرۆڤیكی نەتەوەپەروەر و كوردستانپەروەر بوو، ژیانی خۆی بۆ ئازادی كوردستان تەرخان كردبوو. بۆیە رۆژبەرۆژ بارزانیی نەمر زیاتر دەچووە ناو دڵی خەڵك و رۆژبەرۆژ ئەم خۆشەویستییەیان بۆ جەنابی سەرۆك بارزانی بەهێزتر دەبوو.
لە بارەی رۆڵی سەركردەی نەمر ئیدریس بارزانی و سەرۆك بارزانی لە شۆڕشی گوڵاندا كە مام (محەمەد عەلی خۆشناو) كەسێكی نزیكی ئەوان بووە، لە یاد و بیرەوەرییەكانیدا گوتی:
دوای نسكۆی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، ئاوارەی ئێران بووین و ئێمە لە تاران نیشتەجێ بووین و دواتر لە سەر ئەمری كاك ئیدریس، هاتینەوە كوردستانی رۆژهەڵات و لەگەڵ فەرماندە رەسوڵ فەقی و هاوسەنگەرانی ترمان، بەشداریمان لە شۆڕشی گوڵاندا كرد. ئەو شۆڕشە، كاك ئیدریس و سەرۆك مسعود بارزانی بەرپایان كرد كە دریژەپێدەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو. هەرچەندە ئەوكات زروف زۆر ناخۆش بوو و ئێمە لە ئاوارەییدا بووین، بەڵام دیسان بە هەمان روحییەت شۆڕشی ئەیلولەوە بەشداریمان كرد و واماندەزانی بارزانیی نەمر سەركردایەتیمان دەكات و لەچەندەها داستان سەركەوتنمان بەدەستهێنا. كاك ئیدریس هەموو كاتیك لە پەیوەندیكردن لەگەڵ خەڵك دابوو بۆ ریكخستنەوەی ریزەكانی پێشمەرگە، كە دەزگاكانی ساواك كێشە و گرفتیان بۆ دروست دەكرد، بەڵام كۆلی نەدا. هەمیشە كاك ئیدریس و كاك مسعود وەك2 برا و هەڤاڵ بوون و پێكەوە كاریان دەكرد بۆ سەرخستنی شۆڕش و هەمیشە خۆیان بە خزمەتكاری میللەت دەزانی و لە شەڕەكان پیكەوە بوون و پیكەوە سەردانی ئێمەی پێشمەرگەیان دەكرد و لە وەزعی ئێمەیان دەپرسی.
ساڵی 1986 لەگەڵ سەرۆك مسعود بارزانی بۆ ناوچەی هەرێمی یەك رۆیشتین كە نزیكەی ساڵێكمان پێ چوو، دوای چەند مانگ لە دوای وەفاتی سەركردەی نەمر ئیدریس بارزانی گەیشتینە سەر مەزاریان، سەرۆك مسعود بارزانی بەردەوام بوو لەسەر رێبازی باوك و برا و شەهیدەكانی كوردستان و بەشداریمان لە داستانی خواكوڕك كرد و لەوێ بوو كە جەنابی سەرۆك فەرمووی: ئەو وەزعە دەگۆرێ و سەردەكەوێت كوردستان.
مام (محەمەد عەلی خۆشناو) یەكێك بووە لەبەشداربووەكانی راپەرین، پێم گوت بەشداری راپەڕینت كردووە و لە چەند داستان بەشداربووی، گوتی:
لە راپەڕینی ساڵی 1991 لەگەڵ جەنابی سەرۆك بارزانی هاتینەوە كوردستان. پاش شەوێك كە لە قاسمەڕەش ماینەوە، بەڕێكەوتین بۆ رانیە و پاش ئازادكردنی رانیە لەسەر ئەمری بەرێزیان بۆ خەلیفان رۆیشتین و لەگەڵ پێشمەرگە بەشداریمان لە ئازادكردنی شەقڵاوە و هەولێر كرد، پاشان هەر لە سەر فەرمانی بەرێزیان بەشداریمان لە ئازادكردنی ئاكرێ كرد و دوایی لەگەڵ فەرماندە د. سەعید ئەحمەد نادر و خالید ئاژگەیی بەشداریمان لە شەڕی كۆڕێ كرد. لە دوای راپەرین بەردەوام پێشمەرگە بوومە و هەتا دەمرم خۆم بە پێشمەرگەی رێبازی بارزانیی نەمر دەزانم.
سەیری وێنەكانی پێشمەرگایەتی مام (محەمەد عەلی خۆشناو)م دەكرد كە چەندین وێنەی هاوسەنگەر و شەهیدەكانی لە لای خۆی پاراستبوو و زۆر سەبری پێ دەهات، زۆربەی هاوسەنگەرانی شەهیدی لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و گوڵان و راپەرینی بە من ناساند و رۆژی شەهید بوونی ئەوانیشی دەزانی! دواتر پێم گوت ئەو وینانە بۆچی لای تۆ ماون؟ گوتی: ئەو وێنانە گەورەترین ئەرشیفی زەحمەت و خەباتی منن، یادگاری ئەو كاتانەن كە لە سەرما و گەرما و تینوویەتی و برسیەتییەوە بەرامبەر دوژمنانی كوردستان، پێكەوە بەرگریمان لە گەل و نیشتمان دەكرد. ئەم وێنانە رابردووی خەباتی پێشمەرگە قارەمانەكانن و هەمیشە یادی ئەوان دەكەم، یادی رۆژەكانی پێشمەرگایەتی دەكەم، یادی ئەو رۆژانە بەخێر كە لە خزمەتی بارزانیی نەمر و كاكە ئیدریسی هەمیشە لە یاد و سەرۆك مسعود بارزانی بووم و زۆر بیریان دەكەم و هەمیشە ئەو كاتانەم بۆ منداڵ و نەوەكانم باس دەكرد، یادی ئەو رۆژانە ژیانم پێدەبەخشیت. هەروەها وێنەی ئەو شەهیدانە وەك وەفایەك هەمیشە هەتا دەمرم لای خۆم دەپاریزم. پارتی دیموكراتی كوردستان، خاوەن گەورەترین دەسكەوتە و داوا دەكەم میللەتی كوردستان بۆ كوردایەتی یەك دەست بن و پاڵپشتی سەرۆك بارزانی بن و دەبێ نەوەكانی ئەمڕۆ و داهاتووی هەر چوار پارچەی كوردستان مێژووی خەبات بارزانیی نەمر باش بخویننەوە و بزانن ئەمڕۆ بە خوێن بەدەست هاتووە، سەربەرزم بە پیشمەرگایەتیم كە نزیكەی 60 ساڵ دەبێت و هەر خۆم بە پیشمەرگەیەكی كوردستان و سەرۆك بارزانی دەزانم.
سهرهتا چاوپێكهوتن یادەوەرییەكانی رۆژانی سەختی خەبات لە پێناو ئەمڕۆ بۆ (خەبات) باس دەكات









