سەلام عەبدوڵڵا

دوێنێ 2019/3/16 سی و یەك ساڵ تێپەڕی بەسەر گەورەترین تاوانی ڕژێمی بەعس كە دەرهەق بە گەلەكەمان لە هەڵەبجە كرا و جیهانیش لەكاتی ڕوودانی ئەو كارەساتە گەورەیەدا، كڕ و كپ بەرامبەری ڕاوەستا، بە بلۆكی كۆمۆنیستی و بەجیهانی سەرمایەداریشەوە، تەنانەت وڵاتە ئیسلامییەكانیش بێ دەنگ بەرامبەری وەستان كە هیچ پاساوێكیان بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانە نەبو

جا نەك تەنیا ئەوەش، بەڵكو هەموو ئەو وڵاتانە دەیانویست لەڕێگەی میدیاكانیانەوە چەواشەی ڕای گشتی بكەن كە گوایە ئەوە ئێران بووە كە بۆردوومان و گازبارانی هەڵەبجەی كردووە كە زۆر دوور بوو لەڕاستییەوە و بەپێچەوانەوە ئەوە ئێران بوو كە ئەو تاوانە گەورەیە و بكەرانی بەجیهان ناساند و ڕۆڵی كاریگەریشی هەبوو لە گواستنەوە و چارەسەری بریندارەكاندا كە تا ئێستاش جێی سوپاس و ستایشی گەلەكەمانە.

دیارە حكوومەتی عێراقی سەرەڕای ئەوەی كە نكۆڵی لەو تاوانە ئاشكرایەوە دەكرد لەگەڵ ئەوەشدا هیچ هەنگاوێكی بۆ چارەسەری برینداران و قەرەبووی خەڵكەكە نەنا كە ئەوە بۆ خۆی دانپێدانانێكی حاشا هەڵنەگربوو كە خودی حكوومەتی عێراق خۆی تاكە تۆمەتباری ئەو كارەساتەیە، بۆیە هەڵوێستی وا نەرێنی بوو بەرامبەر هەڵەبجە.  

هەر بۆیە حكوومەتی عێراقی هیچ هەنگاوێكی لەو بارەیەوە نەناوە بەپێچەوانەوە هەڵەبجەشی دوای وێرانكردنی بەتەواوی لە خەڵكەكەی چۆڵكرد.  

پاش ڕاپەڕین و درووستبوونی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی توانای لاوازی ئەوكاتەی حكوومەت بەرەو ئاوەدانكردنەوە و بنیاتنانەوەی هەڵەبجە هەنگاوی تا ڕادەیەك باشی هێنا، بەڵام ئەوە بەس نەبوو، بۆیە  دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس هەموو چاومان لەسەر هەڵوێستی حكوومەتی نوێی عێراقی بوو كە هەم داوای لێبوردن لەگەلەكەمان و خەڵكی هەڵەبجە بكات و هەم هەنگاوی خێراو بەهێزیش بەرەو بنیاتنانەوەی هەڵەبجە بنێت و قەرەبووی قوربانیانی هەڵەبجەش بكات كە بەداخەوە هیچ هەنگاوێكی لەو بارەیەوە نەنا

لێرەدا كەمترخەمی ئەندام پەرلەمانەكانی كورد لە بەغدا نابێ نادیدە بگیرێت، چونكە ئەوانە دەیانتوانی كاری زۆر بۆ ئاوەدانكردنەوە و قەرەبووكردنەوەی قوربانیانی هەڵەبجە بنێن كە بەداخەوە نەیان نا.  

ئێستا كە هەڵەبجە بۆتە پارێزگا ئیدی پێویستە هەم  لەلایەن عێراقەوە و هەم لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە وەك پارێزگایەكی تایبەت مامەڵەی لەگەڵ بكرێ و هەوڵی جددی بدرێ بۆ قەرەبووكردنەوەی قوربانیان و دۆزینەوەی بزربووەكان و چارەسەری لێكەوتەی كیمیابارانەكەو هەروەك داوا لە حكوومەتی بەغدا بكرێ كە داوای لێبوردن لەگەلی كورد بە گشتی و لە خەڵكی هەڵەبجەی قارەمانیش بەتایبەتی بكرێ.