خەبات: هاوار مورتكەیی- تونس: لەماوەی نێوان 25/2 تا 7/3/ 2019 وڵاتی تونس میوانداری پاڵەوانێتییەكانی عەرەبی لەسەر ئاستی یانە پاڵەوانەكان و هەڵبژاردەكان بۆ شەترەنج كرد، كە تیایدا كچانی یانەی خانزاد بەنوێنەرایەتی هەڵبژاردەی عێراق بەشداری كرد و توانی پلەی سێیەم بەدەست بهێنێت، لەمیانی بەڕێوەچوونی ئەو پاڵەوانێتییەش رۆژنامەی خەبات دیمانەیەكی تایبەتی لەگەڵ خالد عەرەفە سەرۆكی یەكێتی شەترەنجی تونسی ئەنجامدا.
لەدەستپێكدا خالد عەرەفە شەرۆكی یەكێتی شەترەنجی تونس لەبارەی مێژووی شەترەنجی وڵاتەكەی گوتی: یەكێتی تونس مێژووەكی گەورەی هەیه لەگەڵ شەترەنجی عەرەبی، بەوپێیەی یەكێتی شەترەنجی تونسی كۆنترین یەكێتی شەترەنجە لەنێو وڵاتانی عەرەبی كە مێژووی دامەزۆاندنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1957، لەگەڵ یەكێتی شەترەنجی لوبنانی یەكەمین وڵاتی عەرەبی بوونە لە نێو یەكێتی شەترەنجی نێودەوڵەتی، لەگەڵ ئەوەش تونس لە پێشووتردا مێژووی دیاری هەیە لە میوانداری كردن و لەخۆگرتنی چالاكی گەورەی شەترەنج، لەوانەی میوانداری ئینتەر زۆنالی كرد لە سوسه 1967، كە زەبەلاحەكانی ئەو سەردەمی شەترەنج یارییان لەو پاڵەوانێتییەدا كرد لە نیویاندا بۆبی قیشەر، هەمان پاڵەوانێتیشی میوانداری كرد لە ساڵی 1995، هەروەها چەندین رووداوی دیكە كە تونس بەسەركەوتوویی میوانداری كردووە، ئەم چالاكیانە بەردەوام و درێژەیان هەبووە، تەنانەت لە ساڵی 2017 پاڵێوراوێكی بەهێز بوون بۆ میوانداری كردنی پاڵەوانێتی جیهانی بۆ شەترەنجی قوتابخانەكان بۆ ساڵی 2019، بەڵام لەبەر بارودۆخی ئاسایش ئەوكات نەمانتوانی ئەم شەرەفەمان بەربكەوێ، لەكۆتایی 2015 پاڵەوانێتی ئاستی تەمەنەكانی عەرەبیمان لەخۆ گرت، دوای تەنها 4 مانگ پاڵەوانێتی هەڵبژاردەكانمان رێكخست، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت كە تونس توانای هەیە لە میوانداری كردنی هەر پاڵەوانێتییەك، تونس گراندماستەری GM هەیە كە ئەویش بو عزیزی، دەتوانم بڵێم نەوەك هەر لە ئاستی عەرەب بەڵكو لەسەر ئاستی ئەفریقاش یەكەمین لەبەدەستهێنانی ئەو نازناوە.
سەرۆكی یەكێتی شەترەنجی تونسی لەبارەی دواهەمین میوانداری كردنی پاڵەوانێتی عەرەب بۆ كچان و كوڕان و رێژەی بەشداری و پێشوازی وڵاتانی عەرەبی لەم پاڵەوانێتییەدا گوتی: ژمارەی یەكێتییەكانی شەترەنجی عەرەبی لە 20 یەكێتی تێپەرناكات، واتە ئەگەر 10 وڵات یان 12 وڵات بەشداری لەهەر پاڵەوانێتییەكی عەرەبیدا بكات مانای ئەوەیە رێژەیەكی باشە، كە دەكاتە %50 زیاتر، سەبارەت بە بەشداری ئافرەتانیش، رەنگە زەحمەتر بێت بەبەراورد لەگەڵ بەشداری شەترەنجی پیاوان، ئەوە هەموومان ئەو راستیە دەزانین كە شەترەنجی ئافرەتان لە وڵاتانی عەرەبی بەو شێوەیەی پیاوان پێشوازی لێنەكراوە.
سەبارەت بە خویندنی وانەی شەترەنج لە قوتابخانەكانی تونس گوتی: لە ساڵی 2015ەوە لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە رێكەوتنێكمان هەیە، رێكەوتنەكەش بە دوو قۆناغە كە قۆناغی یەكەم پێكهێنانی چەند یانەیەكە لە قوتابخانەكان، كە ئەمەش قۆناغیكی ئامادەكاریی و گرنگە بۆ تەواوكردنی قۆناغی دووەمی ئەم رێكەوتنە، ئەویش پەسەندكردنی وانەی شەترەنج وەك هەر وانەیەكی دیكەی خوێندن لە قوتابخانەكاندا، بەڵام ئێستا ئێمە لەم هەنگاوەماندا هێشتا لە قۆناغی یەكەمداین، وەك دانای مامۆستای شەترەنج لە قوتابخانەكان و پیكهینانی یانەكان لە قوتابخانەكاندا، بێگومان لە جێبەجێكردنی ئەم رێكەوتنەش بەربەست زۆر دێنە پێش كە لە رووی ئیداریەوە ئەو بەربەستانە دێنەپێش، بەڵام پێشوازییەكی گەرم لەلایەن مامۆستایانەوە هەیە.
لەكۆتاییدا خالد عەرەفە سەرۆكی یەكێتی شەترەنجی تونس لەبارەی بایەخی دەزگاكانی راگەیاندن بەشەرەنج لە وڵاتەكەی گوتی: بەداخەوە دەزگاكانی راگەیاندن لە تونس وەك پێویست بەدەنگ داواكانمانەوە نەهاتوون لە روومالكردنی پاڵەوانێتییەكانی شەترەنج و زیاتر ناساندنی بەتاكی ئەم وڵاتە، بەپێچەوانەی ساڵانی پێشوو كە لە حەفتاكان و هەشتاكاندا راگەیاندن زۆر بەگرنگییەوە لە شەترەنجی دەڕوانی، بەڵام هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە رۆژنامەنووسێكی تایبەتمەندمان بەشەترەنج نییە، ئێستا لەهەندێ رۆژنامە بڕگەی تایبەت بە شەترەنج بڵاودەكرێتەوە وەك رۆژنامەكانی لاپرێس، دیالۆگ جەنەفریك، هەروەها لە گۆڤارێكیش جار جار جارە بابەتی تایبەت بەشترەنجی تیایە، بەڵام دەبینین لە عێراق گۆڤاری شەترەنج هەیە وەك ئەوەی لەو پاڵەوانێتییە چەند دانەیەكمان بینی كە یانەی خانزاد دەریدەكات.









