خەبات: تریفە ئازاد – ههولێر – ئەو مێژووەكی پڕ بەرهەمە لەنێو ئەدەب و نووسینی كوردیدا، ئەو قەڵەمێكی پڕشت بوو لەنێو ڕاگەیاندنی كوردی، نیو سەدە تەمەنی خۆی لەنێو ڕاگەیاندنی كوردی بەسەربرد و هەمیشە ڕاگەیاندنی وەك پیشەیەكی پیرۆز بەكارهێناوە، جێگا دەستی دیارە لەنێو كایەی ڕاگەیاندن سەعید یەحیا خەتات یەكێكە لە نووسەر و ووناكبیری گەلی كورد، یەكێك بوو لەو كەسانەی كە هەمیشە هەوڵی ئەوەی داوە كارەكەی بە پیرۆزی بهێڵیتەوە، خاوەنی چەندین بەرهەمە كە بە زمانێكی پاڕاو نووسیووە و چەندین بەرهەمیی وەرگێراوەتە سەر زمانی كوردی، بەڵام بە داخەوە چل ڕۆژ بەر لە ئەمرۆ دڵە گەورەكەی لە لێدان دەكەوێت.
سالار عوسمان بریكاری وەزارتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بارەی نوسەر و ڕۆشنبیری گەلی كورد سەعید یەحیا لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ڕۆژنامەی خەبات گوتی: بێگۆمان قسەكردن لەسەر سەعید یەحیا قسەكردنێكی گشتگیر پێویستە، چونكە كۆمەڵێك هونەر و بەهرەو زانین لەم كەسایەتیە كۆدەبێتەوە، ئەو نووسەر بووە وەرگێر بووە خۆشنوس بووە ڕۆژنامەنوس بووە، ئەو لە میدیای سیاسیش كاری كردووە بەرپرسیارەتی میدیایشی هەبوو، بۆیە باس كردن لەو كەسایەتیە هەندێك قورسە، بەڵام من لەسەر دوو بواری مامۆستا سەعید یەحیا خەتات قسە دەكەم، ئەویش بواری زمان و بواری ڕۆژنامەگەریە، كە پێموایە دوو بواری زۆر گرنگن كە دەكرێت بڵێن زۆرترین خەسڵەتی مامۆستا سەعید یەحیا لەم دوو بوارە بە دیاردەكەوێت، بواری یەكەم كە بواری زمانە ئەو لە بواری زماندا پیاوێكی زۆر بە سەلیقە پڕ زەرافەت و هونەر پیاوێكی زۆر كارا بووە كە دەڵێن زمان مەبەستمان بواری وەرگێرانیشە بەشێك لە بەرهەمەكانی بریتی یە لە دەقە ئەدەبیەكان و كلتورییەكان، جگە لەوەی وەرگێرێكی باش بووە بەرهەمەكانی گەواهیدەرن كە قەڵەمێكی زۆر بەئاگابووە لە بواری نوسینش پیاوێكی زمانناس بووە.
هەروەها سالار عوسمان دەڵێت: بواری ڕۆژنامەگەری سەعید یەحیا دەگەڕێتەوە بۆ تەمەنی لاویەتی، لەسەردەمی شاخ لە ڕادیۆی دەنگی كوردستان كاری كردووە لەوێ توانیوەتی وەك ڕۆژنامەنووسك بەدیار بكەوێت ئەم كاروانە مێژوییە لەگەڵی دێت تا ئەو ڕۆژەی كۆچی دوایی دەكات هەموو ئەو ماوە مێژووییە نزیكەی نیو سەدە ئەوەمان پێدەلێت كە سەعید یەحیا بە بەردەوامی لە ڕێچكەی ڕۆژنامەگەری كوردی كەسێكی دیاربووە هەم لە شاخ لە دەنگی كوردستانی عێراق كە ئەو كاتە نێوەندێكی گرینگی میدیا بووە بۆ كورد و خەباتی سیاسی كوردستان و خەباتی میدیای لە كوردستان هەمیش دوای ڕاپەرینی1991، لە ڕۆژنامە و گۆڤار و لە گۆشەو وتار خاوەنی دیدگای خۆی بووە هەموو بەرهەمەكانی لە ڕووی ڕۆژنامەگەری كوردی كۆی كەینەوە چەند حەقیقەتێكمان پێدەڵێت.
سوبحی ساڵەیی لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ڕۆژنامەی خەبات لە بارەی سەعید یەحیا خەتات گوتی: هەست دەربڕین لەكاتی لەدەستدانی دۆست و هاوپیشەو هاوڕێیەكی خۆشەویستیان لە كاتی یادكرنەوەی، ئاسان نییە، بە تایبەتی ئەگەر كۆچكردوو هیچكاتێك دڵتی نە شكاندبێ ون ەبووبێتە هۆی نیگەرانیت، ڕەنگە نەشتوانی ئەو وشانە هەڵبژێری كە شایانی گوتنن، مەرگی كاك سەعید یەحیای رۆشنبیرو خۆشنووس و وێنەكێش ووەرگێڕو رۆژنامەنووس، خەمێكی گەورەبوو بۆ ئێمە، بەڵام ئەو بەرهەمە هونەری و ئەدەبی و هەمەجۆرەی لەدوای خۆی بەجێی هێشتووە و ئەو پەرۆشیەی دۆستان و هاوڕێیانی و ئامادەبوونیان لە رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی و پرسەكەی جۆرە سەبورییەكی بە ئێمەو خانەوادەكەی بەخشی. سەرەتای یەكتر ناسینی من و خوالێخۆشبوو سەعید یەحیا، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1993، كاتێ ستافی هەردوو رۆژنامەی برایەتی و خەباتی عەرەبی حەفتانە، لە باڵەخانەیەك بەیەكەوە بووین. ئەو بەڕێوەبەری نووسین بوو لە خەبات، منیش لە برایەتی كارمان دەكرد و گۆشەیەكی حەفتانەم هەبوو لە خەبات بە ناوی (من الصمیم). لە ساڵی 2000. بەیەكەوە كارمان كرد، ئەو سەرنووسەری خەبات بوو، منیش بەرپرسی لاپەڕە. جاری سێیەم (ساڵی 2006 ) و جاری چوارەمیش لە ساڵی 2012 بەیەكەوە لە گۆڤاری (صوت الاخر) كارمانكرد، ئەو سەرنووسەرو منیش بەڕێوەبەری نووسین.
لـەو ماوە دوورو درێژە جارێك بەریەك نەكوتین و یەكدیمان نیگەران نەكرد، هۆیەكەش دەگەڕێتەوە بۆ هێمنی ولەسەرخۆیی وژیری وسینگ فراوانی خوالێخۆشبوو.
نەجیبە خالید هاوسەری سەعید یەحیا خەتات لە لێدوانێكی بۆ ڕۆژنامەی خەبات گوتی: ئێمە بۆ ماوەی 48 ساڵ لەگەڵی ژیام و ژیانێك كە پڕ بوو لە خۆشی و ناخۆشی. ناخۆشی وەكو چەندین جار دەربەدەری و ئاوارەیی لە ناوەوەو دەرەوەی كوردستان و دووركەوتنەوە لە كەس و كارم. بەڵام لەگەڵ ئەوەش ژیانمان ئارام بوو لەناو ماڵ و هەرگیز وای نەدەكرد هەست بە غەریبی بكەین. قەد نەیهێشت هەست بە ناخۆشی بكەم و هەردەم قسەو باسەكانی هەموو خەمێكی لەبیردەبردینەوە، لەگەل كەسوكارو دراوسێكان پەیوەندییەكی باشی كۆمەڵایەتی هەبوو، كەسێكی لەسەرەخۆ و هێمن بوو، رێزی هەموو كەسێكی دەگرت، لەگەڵ گەورە گەورە بوو لەگەڵ منداڵیش منداڵ بوو، هەمیشە ئامۆژگاری منداڵەكانی دەكرد، نەوەكانی زۆر خۆش دەویست هەمیشە باسی خۆشەویستی وڵاتی بۆ دەكردن. هەمیشە حەزی بە بواری نوسین و خوێندنەوە بووە بەشی هەرە زۆری ژیانی لەم بوارە بەسەر بردووەو كاری لە ڕاگەیاندن كردووە ڕاگەیاندنی بە پیشەی سەرەكی زانیوە.
هاژە سەعید یەحیا لە بارەی باوكی بۆ ڕۆژنامەی خەبات دەڵێت: باوكم پیاوێكی زۆر هێمن و لەسەرخۆ بوو و هەمیشە وەكو هاوڕێ مامەڵەی لەگەڵمان دەكرد و راوێژكارمان بوو و هەمیشە رای خۆی پێمان دەووت، بەڵام هەرگیز رای خۆی لەسەرمان نەدەسەپاند و هەردەم ئێمە سەربەخۆبووین لە گشت هەڵبژاردنەكانی ژیانمان، لە خوێندن و لە ئیش كردن و لە هەموو بوارەكانی تر. ئەو هاندەری ئێمە بوو بۆ خوێندنەوە و هەر لە منداڵیەوە ئێمەی ئاشنا كرد بوو بە خوێندنەوە. خۆی هەردەم چیرۆكی بۆ دەخوێندینەوە. لە یادمە كتێبی (تاریك و روون)ی مامۆستا هەژار موكریانی بۆ خوێندینەوە و كاتێك كتێبی بۆ دەخوێندینەوە وای دەكرد هەست بە وشەكان بكەین و وەكو پەخشان دەیخوێندەوە وێنەكانی لەبەرچاومان بەرجەستە دەكرد. هەروەها زۆر حەزی دەكرد لە چیرۆكەكانی عەزیز نەسین و بۆمانی دەخوێندەوە و جگە لەمە وتارەكانی پێش بڵاوكردنەوەی بۆمان دەخوێندەوەو هەردەم حەزی دەكرد رای خۆمان دەرببڕین. باوكم كەسێك بوو كە ئارەزووی زۆری هەبوو وەكو مۆسیقا ژەنین و خەت نووسین (خەتاتی)و وێنەكێشان و ئێمەی هاندەدا كە واز لە ئارەزووەكانمان نەهێنین و بایەخی پێ بدەین و بەرەو پێشی ببەین.
لە ماڵی ئێمە هەردەم كاتمان نەبوو بە شتی لاوەكی بەڵكو هەموو كاتمان بە خوێندنەوەو سەرقاڵ بوون بە ئارەزووەكانمان بەسەردەبرد. لە هەمووشی گرنگتر فێری كردین كە كارێك بكەین بە تەواوی ئەنجامی بدەین و بە پاكانەو راستگۆیانە و بە ویژدانەوە ئیش بكەین.









