خەبات: ڕۆشنا عەلی – ڕێكخراوی كویكای حكومەتی كۆریای باشوور لە شاری هەڵەبجە گەورەترین كۆمەڵگای پەروەردەیی بە گوژمەی حەوت ملیۆن دۆلار و لەسەر ڕووبەری هەشت دۆنم زەوی دروستكرد، كۆمەڵگاكە پێكدێت لە باخچەی منداڵان و قوتابخانەی بنەڕەتی و ئامادەیی و سێ یاریگا و باخچە و چەند خزمەتگوزارییەكی یاری منداڵانیشی تێدا جێ كراوەتەوە.
ڕۆژی پێنجشەمەی رابردوو 7/3/2019 لەپارێزگای هەڵەبجەوبە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دكتۆر پشتیوان سادق وەزیری پەروەردە وئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجەو چەندین بەڕێوەبەری حكومی و حزبی شارەكە، گەورەترین كۆمەڵگەی پەروەردەیی لە عێراق بۆ هەڵەبجەییەكان كرایەوە. لە مەراسیمێكی بەرفراواندا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت وتارێكی پێشكەش كرد وتیایدا ئاماژەی بەوەدا كە كۆریای باشوور هاوكارێكی گەورەی كەرتی پەروەردە بووەو لەمبارەیەوە وتی: وڵاتی كۆریا هاوكارێكی گەورەی كەرتی پەروەردە بووە لە هەرێمی كوردستان و ئەمەیش جێگەی ڕێزە. هەروەها ستایشی وەزارەتی پەروەردە ی كردو وتی: بەداخەوە ئێمە لەم چەند ساڵەی پێشوو لە قەیراندا بووین و بەمەش كێشە بۆ باشتر بەڕێوەچوونی پەروەردە دروست بووە، بەڵام سوپاس بۆ وەزیر و وەزارەتی پەروەردە كە لەم ماوەیەدا بەردەوام لەسەر خەت بوونە لەگەڵ مامۆستایان و دڵنیاین حكومەتی نوێش كاری گەورەتر و گرنگی زیاتر بە كەرتی پەروەدە دەدات.
پاشان دكتۆر پشتیوان سادق لە وتارێكدا لە میانەی مەراسیمەكەدا وتی: ئێمە هەڵەبجەمان بۆیە هەڵبژارد، چونكە مافی خۆیەتی كە خزمەتی گەورەی پێشكەش بكرێت و هەموومان قەرزارباری ئەم پارێزگایەین. دواتر باسی لەوە كرد كە وەك وەزیری پەرورەدە لە كۆتایی كابینەكەی خۆیدایە و لەمبارەیەشەوە وتی: دڵخۆشم بەوەی كە ئەم سەفەرەم 63ـیەمین سەردانی حكومیە بۆ دەڤەری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان.
وەزیری پەروەردە لە وتارەكەیدا تیشكی خستە سەر خزمەتەكانی وڵاتی كۆریا لە هەرێمی كوردستان كە زیاتر لە 40 ملیۆن دۆلاری بۆ پەروەردە تەرخان كردووە، وڵاتێك كە ساڵی شەستەكان یەكێك بوو لە وڵاتە دواكەوتووەكان كەچی پەروەردەی كردە سەنتەری پێشكەوتنی خۆی و ئێستا بووەتە وڵاتێكی پێشكەوتووی دونیا و هەر ئەمەیش وای كردووە كە هاوكاری ئەو گەل و وڵاتانە بدات كە خوازیاری پێشكەوتنن لە ڕێگەی پەروەردەوە.
پاشان وەزیری پەروەردە باسی ئاماری نێوان سەردەمی ڕاپەڕین و ئێستای هەرێمی كوردستان كرد و وتی “ئێمە لە هەرێمی كوردستان و لە ساڵی 1991ی زایینی تەنیا 500 هەزار قوتابیمان هەبوو كەچی ئێستا نزیكەی ملیۆنێك و هەشت سەد هەزار قوتابی و خوێندكارمان هەیە، ئێمە پێشتر تەنیا 20 هەزار مامۆستامان هەبوو، بە خۆشییەوە ئێستا زیاتر لە 123 هەزار مامۆستا و 60 هەزار فەرمانبەرمان هەیە، پێشتر نزیكەی 1000 باڵەخانەی قوتابخانەمان هەبوو، بەڵام ئێستا زیاتر لە 6000 هەزار قوتابخانەمان هەیە. ئەم ڕێژانە باشن، بەڵام هێشتا زیاتر پێویستمان بە كاركردنە لەو بوارەدا. ئەگەر ئەو قەیرانە نەبووایە ئێستا ژێرخانی پەروەردە باشتر بوو پیشكەوتنی گەورەی بە خۆیەوە دەبینی.”
دواتر چۆی قونسوڵی گشتی وڵاتی كۆریا لە هەرێمی كوردستان بە جلوبەرگی نەتەوەیی وڵاتەكەیەوە وتارێكی پێشكەش كرد و سوپاسی وەزیری پەروەردەی كرد كە هاوكارێكی ڕاستەوخۆ و هەمیشەیی ئەوان بووە لە پڕۆژە پەروەردەییەكان ولەمبارەیەوە وتی “ئێمە چەندین چیرۆكی سەركەوتوومان هەیە لە بواری پەروەردە و مرۆییدا و ئەو هاوكاریانەمان پێشكەش بە هەموو جیهان كردووە ، ئێمە لە ناسنامەی گەلان تێگەیشتووین و پێمان وایە پەروەردە و فێربوون یەكیكە لە بنەما سەركییەكانی تێگەیشتی مرۆڤ و پێویستە هەموو مرۆڤێك خەونی پێگەیشتنی هەبیت.”
چۆی لە درێژەی وتارەكەی ئاماژەی بەوە دا كە ئەو زۆر متمانەی بە خۆی هەیە لە پاش تەواوكردنی پڕۆژەكەیان لە هەڵەبجە، ئەو وتی ” بەمە هەست دەكەم كە لە هەرێمی كوردستان خەونەكان بەدی هاتوون ، هەموومان دەزانین خەڵكی هەڵەبجە بەدەست ئەم چەكە كیمیاییەوە دەناڵێنێت، هەر بۆیەش پەیوەندییەكی پتەومان لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە و هەڵەبجە بە سیمبول دەزانین و زۆر دڵنیاین كە داهاتوویكی خوشگوزان لە نێوان هەرێم و كۆریا دەبێت و ئەم پەیوەندییەش هەردوولا بەرەو پیش دەبات.









