خهبات: ساسان دەروێش- ئەڵمانیا – كۆمەڵەی دۆستایەتیی كورد و ئەڵمان، كۆمەڵەیەكە بایەخ بە پەیوەندییەكانی كورد و ئەڵمان دەدات بۆ ناساندنی دۆزی رەوای كورد بە كۆمەڵگەی ئەڵمانی و ئەورووپی، ئەو كۆمەڵەیە لە بەرنامەی دایە بۆ یادی نەورۆز ئاهەنگێكی فراوان لە ئەڵمانیا ساز بكات بە بەشداری ئەڵمانەكان و رەوەندی كوردی لە بەرلین، پێشتریش ئەو كۆمەڵەیە رۆڵێكی باشی هەبووە لە كۆكردنەوەی رەوەندی كورد لە ئاهەنگەكانی پشتگیریی لە ریفراندۆم و هەروەها ناڕەزایی دەربڕینیش لە دژی خیانەتی رادەستكردنی كەركووك لە 16ی ئۆكتۆبەردا و گەیاندنی دەنگی كورد بە باڵیۆزخانەی وڵاتان لە ئەڵمانیا.
ئارمانج عەگید نێروەیی، وەك لاوێكی رۆژنامەنووسی كورد و بەرپرسی راگەیاندنی كۆمەڵەی دۆستایەتیی كورد و ئەڵمان، لە تاراوگە رۆڵێكی گرنگی هەیە لە ناساندنی دۆزی كورد بە كۆمەڵگەی ئەورووپی، ئەو لە شاری ئامێدی لە دایكبووە و ئەندامی سی دی ئویی دەسەڵاتی ئەڵمانە لە سنووری بەرلین، سەبارەت بە دۆزی كورد و كۆمەڵگەی ئەورووپی و گرنگی كاری رێكخراوەیی و چالاكی كۆمەڵەكەیان بۆ ناساندنی دۆزی كورد بۆ خەبات قسەی كرد.
سەرەتا باسی لە مێژووی دروستبوونی كۆمەڵەكەیان و كار و چالاكیەكانیان كرد، گوتی: لە ساڵی2016 لەسەر دەستی دەستەیەك لە دڵسۆزانی كورد و كوردستان كۆمەڵەی دۆستایەتی كورد و ئەڵمان لە13 ئەندامی هەر چوار پارچەكەی كوردستان دامەزرا، بە هاوبەشی لەگەڵ چەند كەسایەتییەكی ئەڵمان و بە فەرمی لە ئەڵمانیا ناسێندراوە و كۆمەڵەیەكی سەربەخۆیە و چەندان چالاكی و خزمەتكردنی بەرچاوی هەبووە لەناو رەوەندی كورد لە پێناو دۆزی رەوای نەتەوەییمان لە وڵاتی ئەڵمانیا. هەروەها گوتیشی: وەك كۆمەڵە بەشداربووین لە كۆكردنەوەی رەوەندی كورد بۆ بڕیاردان و خۆپیشاندان بۆ ریفراندۆم لە شاری كۆڵن و نارەزایەتی دەربڕین دژی داگیركردنی كەركووك و خیانەتكردن، لەوبارەیەوە پەیامی خۆمان گەیاندە باڵیۆزخانەكانی جیهان. هەروەها بەرپرسی راگەیاندنی كۆمەڵەی دۆستایەتی كورد و ئەڵمان گوتیشی: لە ساڵی2017 بەشداربووین لە كۆنفرانسی بازرگانی لە نێوان كوردستان و ئەڵمانیا بۆ بوژاندنەوەی كوردستان و كاریش دەكەین بۆ دروستكردنی پردی پەیوەندی نێوان كوردستان و ئەڵمانیا و دروستكردنی دۆستایەتیی نێوان كورد و ئەڵمان كە كاری لە پێشینەی ئێمەیە.
ئارمانج عەگید نێروەیی دەربارەی پلاندانان بۆ سازكردنی ئاهەنگی نەورۆزی 2719ی كوردی لە بەرلین، گوتی: لە هەوڵی ئەوەداین كە شاندێكی هونەرمەندان و رۆژنامەنووسانی شاری دهۆك بهێنینە ئەڵمانیا بۆ بەشداربوونیان لە ئاهەنگی سەری ساڵی كوردی و نەورۆز لە 23/3/2019 كە بەشێكی گرنگی ناسنامەی نەتەوەییمانە لە ناوەڕاستی شاردا ئەم بۆنەیە بگێڕین بە ئامادەبوونی رەوەندی كوردستانی و كەسایەتی ناسرای ئەڵمانی و نزیكبوونەوە لە كولتووری یەكتر و قووڵكردنەوەی پەیوەندییەكانمان، هەروەها لە بەرنامەماندایە بەشداری لە كەرنەڤاڵێكی كولتووری بەرلین بكەین كە187 نەتەوەی جیاواز پێكەوە لەو بۆنەیەدا ناسنامە و كولتووری خۆیان نیشانی جیهان دەدەن، ئێمەی كوردیش بە هەمان شێوە خۆمان ئامادەكردووە و كۆمەڵێك پلانمان داناوە بۆ ئەو رۆژە لە هێنانی هونەرمەندانی وڵات و رۆژنامەنووسان لە شارە جیاوازەكانی باشوور.
هەروەها ئارمانج عەگید نێروەیی دەشڵێت: بەشداری چەندین كار و چالاكی رەوەندی كوردستانیمان كردووە، گرنگترینیان كۆكردنەوەی54 هەزار واژۆ لە ئەڵمانیا و پێشكەشكردنی بۆ پەرلەمانی فیدڕاڵ كە12 خاڵی لەخۆگرتبوو، یەكێك لەوانە بە فەرمیی ناساندنی نەتەوەی كورد و قوتابیانی كورد بە زمانی دایك لە قوتابخانەكان بخوێنن، پاشان15 هەرێم پەسەندیان كرد و دواتریش لە2018 هەرێمی بەرلینیش پەسەندی كرد كە ئێمە وەكو كۆمەڵە كار و خەبات دەكەین بۆ بەهێزكردنی دۆزی كورد لە ئەڵمانیا و ئەورووپا.
ئارمانج عەگید نێروەیی گوتیشی: لە ئێستادا من لە كۆنفرانسی سی دی ئۆدام لە پارتی كریستیان دیموكراتەكانی ئەڵمان و ئەندامم لە بەشی كاركردنی دەرەوە، هەوڵدەدەین چۆن بتوانین پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتەكەمان بەرەوپێشبەرین، هەڵبەت هەوڵی منیش بۆ ئەوەیە لەو ڕیگەیەوە بتوانین خزمەتێكی بچووكیش بێت بە كورد و كوردستان بكەین كە بەهۆی بەهێزی نوێنەری حكوومەتی كوردستان دڵشاد بارزانی و هەڵوێستی كۆماری فیدڕاڵی ئەڵمانیا بۆ یارمەتی كورد وای لە من كرد، ببمە ئەندام لەم پارتە و كاری تێدا بكەم .









