خەبات: تریفە ئازاد
دەتوانین مانگی ئادار بە مانگی كورد ناو ببەین، چونكە زۆرینەی بوویەرە خۆش و ناخۆشییەكانی گەلی كورد لەم مانگەدا بوونیان هەیە. لەرۆژی 11ـی ئاداری هەموو ساڵێك یادی دوو بوویەر گرنگ دەكەین كە كاریگەرییەكی زۆر گرنگ و راستەوخۆیان لەسەر مێژووی خەباتی بزاڤی رزگایخوازی خەڵكی كوردستان و خەباتی پارتی دیموكراتی كردستان هەبووە، ئەویش یەكەمیان یادی رێكەوتنی مێژوویی 11ـی ئاداری ساڵی 1970 كە بۆیەكەمجار لەلایەن حكوومەتی عێراق بەفەرمی دان بەمافی میللەتی كورد نرا و بەم شێوەیە دۆزی كورد بە هەموو جیهان ناسرا. بوویەری دووەمیش یادی ئازادكردنی هەولێری پایتەختی كوردستان لە ڕاپەڕینی میللەتی كورد ساڵی 1991 بۆیە لێرەدا وەكو رۆژنامەی خەبات بۆ یادكردنی چۆنیەتی ئازادكردنی شاری هەولێری پایتەخت، چاومان كەوت بە عومەر عوسمان بەرپرسی ئەوكاتی لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەم شێوەی خوارەوە باسی چۆنیەتی ئازادكردنی شاری هەولێری پایتەختی كرد.
پێشبینی بۆ ڕاپەرین
عومەر عوسمان بۆ ڕۆژنامەی خەبات گووتی:ڕاپەرین هەر لە خۆیەوە دروست نەبوو، هۆكاری زۆر بوو لە ئەنجامی ئەو زوڵم ستەمە بوو كە لە گەلی كورد دەكرا لەو سەد ساڵەی ڕابردوو كە ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكان گەلی كوردیان چەوساندۆتەوە لە هەموو پارچەكانی كوردستان، ئەمە هەمووی لەسەر یەك كەڵەكە ببوو تا دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلول و دەست پێكردنەوەی شۆڕشی گوڵان تا شەری ماڵ وێرانكەری ئێران و عێراق كە هەشت ساڵی خایەند كە ئەمانە هەمووی هۆكار بوون گەلی كورد لە دوای هەلێك بگەڕێت ڕۆژێك لە ڕۆژان فرسەتێك بێتە پێشەوە دووبارە خۆی ڕزگار بكاتەوە ئەو هەڵە گەورەی كە سەدام حوسێن كردی و كوێتی داگیر كرد فرسەتێكی گەورەش بوو بۆ عێراق و دوای ئەنفالیش شەڕ راوەستا و كۆتایی داستانی خواكوڕك جەنابی سەرۆك بارزانی هەندێك پێش بینی كرد، ئەوكات خەڵك هەبوو باوەڕی نەدەكرد بەڵام سەرۆك بارزانی گووتی: “ئەو دۆخە زۆر ناكێشێت و ئەو وەزعە یەكلایی دەبێتەوە”، هەڵبەت یەكلا بووە وە كە سەدام حوسێن كوێتی داگیر كرد كاتیك كوێت داگیر كرا بزاڤی ڕزگاریخوازی كوردستان كە پێشتر بەری كوردستانی سەرۆكایەتی دەكرد ئەوەش هۆكارێكی زۆر بوو كە هەموو كورد یەكبگرن و خەبات بكەن. كە كوێت داگیر كرا سەركردایەتیی كوردستان كە سەرۆك بارزانی سەرۆكی بەرە بوو، بەدوای بیرۆكەیەك گەران كە دەرفەتێك هەبێت ڕاپەڕین بكەن. من وەك بەرپرسی لقی دوو لەگەڵ هەموو كارەكان بووم.
گەرانەوە نیە، ئەچینە پێش دەرگای پارێزگای هەولێر
عومەر عوسمان دەڵێت: ئێمە لە بەروای 4ی 3ی 1991 دەستمان بە ناردنی هێزەكان كرد بۆ ناو قوڵایی كوردستان، هەموو هێزەكانی خۆمان ناردە خوارەوە یەك لەوانە جمال مورتكە بوو، لقی دوو لە ڕێگای ڕانیەوە دەستی پێكرد چونكە ڕێگاكان هەموو بەفر بوو تەنها ڕێگای ڕانیە هەبوو لەوێڕا دەستمان پێكرد، پێشتریش مەفرەزە بچوكەكانمان بەردەوام كاری خۆیان دەكرد. جگە لەوەی كە هاوینەكەی مفارز زۆر هاتە خوارێ و كارگێری لقیان لەگەڵ بوو دەهاتن و دەگەڕانەوە و ڕێكخستنەكانیان ڕێكدەخستەوە، هەموو ئامادە كاری كرا ئەو برادەرانەی كە هاتبوون پێشتر سەرقاڵی ڕانیە و شوێنەكانی تر بوون، بۆ خودی هەولێر جەنابی سەرۆك بەمنی گووت: “عمر دەبێ بۆ ڕۆژی 11ی ئادار هەولێر ئازاد بكەین جا چۆنت پێدەكرێت ئەوە بكەن”. منیش گووتم ئەگەر مردنی تێدا نەبێت هەولێر ئازاد دەكەین، ئێمە هێزێكی باش لە پێشمەرگەكانی لقی دوو بەیانییەكی زوو لە شەقڵاوە لە لای لیژنەی ناوچەی شەقڵاوە ئاسۆ و برادەران سەیارەیان بۆ ئامادە كردین و كەوتینە ڕێ. پەیوەندیمان بە برادەرانی دیكەی كارگێرەوە نەما لەبەر ئەوەی جیهاز تێكچوو ئێوارەكەی لە قۆڵی كۆییە كاك خورشید و شەهید خدر سوارە و وەستا یونس و مەهدیە شەل ومەلا عەزیز و هەندێك پێشمەرگە نزیكەی 50كەسێك دەبوو قرار بوو پێكەوە بچین بەڵام ئەوان لە قۆڵی كۆیێە نەیانتوانی بێن، چونكە دێگەڵە عەسكەری زۆری لێبوو و تووشی شەڕ بوون، پێشمەرگەیەكمان بریندار بوو بە ناوی شوان كاكل ئێستا لە ژیان نەماوە، ئێمە بەیانی گەیشتینە مەلا ئۆمەر لەوێ هەندێك هاتینە پێشتر، تەقە دەستی پێكرد لە شاوێس دیار بوو خەڵكی شاوێس ڕاپەری بوون هەوڵی ئەوەیان دەدا بازگە بگرن و گرتیشیان، دەبایەك لەوێ بوو شەهیدێكماندا بە ناوی حمدامین ناوپردانی ئێمە بەناو تۆپ و دووكەڵ دەرباز بووین بۆ لای وەزارەتی پێشمەرگە، تەیارە دەسووڕایەوە تۆپیش لێی دەداین. لەو كاتەش تۆپێك بە كارگەی نەجاڕە كەوت و ئاگری گرت ئێمە رانەوەستاین و ڕۆیشتین خالید ئاژگەیی لە تەنیشت من بوو گووتی “چی بكەین”، گووتم “بڕۆ گەڕانەوە نیە ئەچینە پێش دەرگای پارێزگا لەوێ تەسفیەی حساباتی خۆمان دەكەین هەرچیمان لێ بێت ئەوێ بۆ ئێمە گرینگە”. ڕۆیشتین گەیشتنیە ئەوێ بە نزیكەی 80 پێشمەرگەی ئازا و چاونەترس پێم گووتن “كە گەیشتن هەموو دابەش بن بە دەوری پارێزگا” گەیشتینە پێش پارێزگا، ئیتر كۆمەڵێك پۆلیس لە پارێزگا چوونە دەرێ تەقەیان نەكرد و هەڵاتن. چوینە ژوری پارێزگا هیچ كێشە نەبوو، ئێمە خەریكی دانانی جیهاز بووین بۆ جەنابی سەرۆك بۆ ئەوەی بڵێین ئێمە گەیشتینە ناو پارێزگا بروسكەكەم نووسی، كەسێك هات گووتی ئێوە پێشمەرگەن گووتم بەڵێ گووتی ئەوە فەیلەق بۆ لای ئێوە دێت ڕوومان كردە لای فەیلەق بە دوو ڕەتل تا ڕێگای پەرلەمان پەڕینەوە، لە دورەوە ئاڵای عێراق و وێنەی سەدام دیار بوو، گەیشتینە نزیك ئەوان تەقەیان لە ئێمە كرد ئێمەش تەنها بەو 80 پێشمەرگەی لقی دوو و بەس كە ناوەكان زۆرن ناكرێت ناویان بێنم، كە تەقە دەستی پێكرد زۆری نەبرد شەهیدێكماندا بە ناوی محمد علی خەلانەیی كە پاسەوانی من بوو، شەڕ گەرم بوو، تا تەقە تەواو بوو 4 پێشمەرگەمان شەهید بوو 6 پێشمەرگەش بریندار بوو، ئەوان زانیان ئێمە پاشەكشە ناكەین، ئەوان ئاڵای سپییان بەرز كردەوە، نزیكەی 70 عەسكەر بوون، ئەوان ڕۆیشتن ئێمە چووینە ناو دەروازەی فەیلەق، ئیتر خەڵك زانی كە دەروازە گیرا لە هەموو لایەك خەڵك هات و تەیارەش دەسوڕایەوە و عەسكەرەكانیان دەبرد تۆپ بارانیش ڕاوەستا، پێش دەرگای دەروازەی فەیلەقمان مان گرت بە هەزاران سەیارە هات ئیتر خەریك بوو بزر بین، چوینەوە ناو پارێزگا، ماندی بووین هەندێك برادەری شارەزامان هەبوو گووتم بزانن ناچن جەماوەر هاندەن لە دەوری ئەمنی شیمالی كۆببنەوە ئیتر هاتنەوە گووتیان جەماوەر لە دەوریان كۆبونەتەوەو تەقەیان لێدەكەن، تەقە لەسەر ئەمنی شیمالی بوو و فەیلەق پێش ئەمنی شیمالی تەواو بوو، من كە لە فەیلەق بووم هێشتا هەواڵی شەهیدبوونی خەجە باوەم پێنەگەیشتبوو، دواتر گووتیان خەجە باوە لە لای ئەمنی شیمالی شەهید بووە لەم ڕۆژە پیرۆزە.
كەسوكاری ئەنفالەكان
وێنەی بارزانییان لەسەر باڵەخانەی پارێزگای هەولێر دانا
عومەر عوسمان بۆ رۆژنامەی خەبات لە قسەكانی بەردەوام دەبێت و دەڵێ: ئێوارەكەی، خورشید شێرە و قۆڵی لای كۆیێە كە دەهاتن گەیشتن، هەموو شت تەواو بوو قەڵەباڵغییەكەمان زیاتر ببوو وەختێك سەعات 4ی ئێوارە كۆمەڵێك كەسوكاری ئەنفاكراوان هاتن وێنەیەكی بارزانیی نەمریان پێ بوو گووتیان دەیبنەینە سەر پارێزگا دایدەنێین. گووتم بیبەن ئیتر بووە قەڵەباغی، زۆر ترسام گووتم لە دوورەوە تەیارە بێت ئەو خەڵكە لەناو دەچن، دوای هەندێكی تر جەمال مورتكە و علی حوسێن هاتن ئەوانیش لە قۆڵی حەریر خەریك ببوون چونكە لەوێش شەڕ ببوو، جەمال مورتكە گووتی ئەوەتا كاك كۆسرەت ڕسول لە دواوەیە تازە گەیشتۆتە لای قەسری عزەت دوری وا دەچم پێ دەڵێم بێت، چوو ئەویشی هێنا، پێشوازیمان لێكرد، ئەو بەرپرسی میحوەری هەولێر بوو، من ئەو كات دەبێت جێگر بووبم ئەو یەكێتی بوو من پارتی بووم خۆی و مەفرەزەیەك بوون من بەرپرسی لقی دوو بووم.
دەڵێم بێگۆمان هێزی پارتی زۆر بەهێز بوو، بە بێگۆمان بە شاهێدی هەموو دنیا بۆ مێژووش دەڵێم بەرپرسیشم لەسەر قسەی خۆم هیچ هێزێك پێش هێزی لقی دوو داخلی هەولێر نەبوو و هیچ بەرپرسێكیش لە بەرپرسی ئێمە بەلای هەولێردا نەهاتبوو كە ئێمە چووینە ناو پارێزگا ئەوە بۆ مێژوو نزیك كاژمێر5 و نیو دەبوو كاك كۆسرەت كە هات هەندێك وێنەشمان گرت كە ماون، كاك كۆسرەت گووتی با بچین دابەش بین، ئیتر بەرەو شەقامی باتە ڕۆیشتین كامیرایەك چەند دیمەنێكی گرت هەموو ساڵێك لەم ڕۆژە دووبارە دەكرێتەوە لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن، پێشمەرگەی ئێمە كە 15 پێشمەرگە بوون لە پارێزگا مانەوە، بۆ بەیانی كارمان بۆ دەوروبەری هەولێر كرد، ڕۆژی دواتر كە 12ی مانگ كە بیرم لە شوێنێك دەكردەوە محمد اسعد ئاغا هەركی و محمود اسعد ئاغا هاتن بە منیان گووت ئەگەر تۆ نەیەیت لەگەڵ ئێمە بۆ كەڵەك هەركییەكان وا دەڕۆن بۆ موسڵ، بۆ ئەوەی نەرۆن من لەگەڵ ئەوان ڕۆیشتم بەناو فەیلەق لەگەڵ كاك مەحموود ڕۆیشتم وەك ڕۆژی حەشر بوو، ئەوەبوو خۆی بەستا بوو چووینە كەڵەك كە كەسایەتییەكی ناوداری ئەو دەرفەربوو لەوێ بوو، هەروەها دكتۆر حسن بەرپرسی ڕێكخراو بوو، بارەگایەكی باشی هەبوو تەقەمەنیشی كۆكردبووەوە، لەوێ لەگەڵ پیاوماقولان قسەم كرد بە ناوی سەرۆك بارزانی و كاك نێچیرڤان .ئەمە هەموو كۆتایی هەموو ئازاد كردنی هەولێر بوو.
سهرهتا چاوپێكهوتن عومەر عوسمان: سەرۆك بارزانی پێی گووتم دەبێ بۆ رۆژی 11ی ئادار هەولێر...









