د. ڤیان سلێمان
ئەوكاتەی مرۆڤ لە مافەكانی هۆشیار دەبێتەوە، لە ڕووی ستەم و نادادی دێتە دەنگ و ئازادی بەدەستدێنێ. چەوسانەوە دەبێتە پاڵنەر بۆ بزاوت و هەستانەوە بۆ گەیشتن بە مافە زەوتكراوەكان. هەشتی مارسی1857 ئافرەتان راچڵەكین و لە ئاست نادادی و جیاكاری هاتنە دەنگ، لە ئەنجامی ئەو ڕابونەش ڕووبەڕوو بونەوە لەگەڵ توندوتیژی و ستەم، دوای مێژوویەكی دورودرێژ و سەرەڕای ئەوەی كە دەسكەوتی زۆر بەدەستهاتون، بەڵام تا ئێستاش تێكۆشانی ئافرەت بەردەوامەو كاروانی مرۆڤایەتی بە هەواری یەكسان و سەرزەمینی دادپەروەری نەگەیشتووە.
خەباتی ئافرەت بۆ ئازادی و یەكسانی لە هەر كوێی گۆی زەوی بێت، وانەی خەبات و تێكۆشانە بۆ بزوتنەوەی ئافرەتان، هەربۆیە یاد كردنەوەی هەشتی مارس بۆ ئافرەتان لە هەرێمی كوردستان، دەبێت وەك وێسگەیەك بێت بۆ پیرۆزكردنی دەسكەوتەكان و دوپاتكردنەوەی هەوڵ و كۆشان بۆ دەستەبەربونی یەكسانی و ژیانی شكۆمەندانە، گوڕوتینمان بداتێ، بۆ ئەوەی مكوڕتربین لەسەر كار و تێكۆشان بۆ بەرگرتن بە ناهۆشیاری و ژێردەستەیی و ستەم، بۆ گەیشتن بە دۆخێكی نوێ لە ژینگەی كۆمەڵایەتی و سیاسی كە تێیدا سەركردایەتی و بەڕیوەبردنی كۆمەڵگە لەسەر بنەمای لێهاتوویی و لێزانی و پسپۆڕی بێ، نەوەك ڕەگەز و توخم.
لە ئێستادا ئافرەتان لە هەرێمی كوردستان لە قۆناغێكی نوێدان؛ بۆ یەكەم جار لە مێژووی هەرێمی كوردستان و ناوچەكەش ئافرەتێك بوو بە سەرۆكی پەرلەمان و دەسەڵاتی یاسادانان بەڕیوە دەبات؛ چەندین ئافرەت نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن لە وڵاتانی جیهان، ڕێژەی %30 ئەندامانی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكان ئافرەتن، بونی بەرچاوی ئافرەت لە بوارە جیاجیاكانی كارگێڕی، كۆمەڵایەتی، ڕاگەیاندن، بزنس، ئابوری، ئەدەبی، وەرزشی و بوارەكانی دیكە، ستافی ئەكادیمی لە زانكۆ حكومییەكان 46.5% ئافرەتن، لەمساڵدا ئافرەتێك بوو بە ئەندامی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی هەولێر،56 ئافرەت پلەی داواكاری گشتی، 30 ئافرەت پلەی دادوەر، 289 یاریدەدەری دادوەر و 194 لێكۆڵەری دادوەرین. 129
ڕێكخراو و كۆمەڵەی تایبەت بە مافەكانی ئافرەت و 74 ڕادیو و ڕۆژنامەو گۆڤاری تایبەت بە پرسی ئافرەت هەن. سەدان ئافرەت مەتبەخیان هێناوەتە بازاڕ و بوێرانە كۆتوبەندی دابونەریتیان پساندووە، سەدانی دیكە پیشەو بەهرەكانیان گواستۆتەوە بۆ فەزای گشتی و بژێوی خۆیان و خێزانەكانیان دابین دەكەن. ئەگەر بە چاوێكی بەراوردكاری لەم ئامارانەو پرسی ئافرەت بڕوانین و چەندین قۆناغی مێژوویی دیاری بكەین؛ جیاوازی و پێشكەوتن بە ڕوونی دەردەكەوێت، هەموو ئەم گۆڕانكاریانە وەرچەرخانن لە بزاڤی ئافرەتان لە هەرێمی كوردستان و نادیدە گرتنیان لە جێی خۆیدا نییە، بەڵكو پێویستە پێشكەوتن و گۆڕانكاریەكان بە هەند وەرگرین و بە دەسكەوتی بزانین بۆ بزاڤی ئافرەتان، ئەمە لە كاتێكدا ڕێڕەوی بزوتنەوەی ئافرەتان بەردەوامەو زەمینەسازی و تێڕوانین بۆ داهاتوو لێرەدا نەوەستاوە، ئەمەش لەبەرئەوەی كە ڕۆژانە دەبینین، كە ئافرەتان لە هەرێمی كوردستان ڕوبەڕوی توندوتیژی بە هەموو ئاستەكانی دەبنەوە، ڕێژەیەك لە ئافرەتان هۆشیارییان سەبارەت بە مافەكانیان كەمەو بێدەنگن لە ئاست توندوتیژیەكان، ژمارەیەكی ئێجگار زۆر بێكارن و دەرفەتی كاریان بۆ نەڕەخساوە، ئەمەش واتە سەرەڕای گۆڕانكاری و پێشكەوتنەكان، بەربەست و كێشە زۆرن، بۆ ئەوەی بەرەو یەكسانی هەمەلایەنە بڕۆین، دەبێت پێشكەوتن و دەرفەتەكان بكەین بە شۆڕشی سەلماندنی تواناكانمان.
لەم چوارچێوەیەدا ئەركی سەرەكی لە ئەستۆی ڕێكخراوەكانی ئافرەتانەو دەبێت ڕێكخراوەكان یەكڕیز و هەكهەڵوێست بن، یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، كە هەمیشە خۆی بە پێشەنگی بزوتنەوەی ئافرەتان داناوە، وەكچۆن خۆی بە خاوەنی بەشێكی گرنگ لە پێشكەوتنەكان دەزانێت لە هەمان كات هەموو ئەو كێشانەی كە ئافرەتان لە هەرێمی كوردستان بە دەستیانەوە دەناڵێنێت، بە كێشەی خۆی دەزانێت و كۆششی بێوچان و بە بەرنامە دەكات بۆ وروژاندن و لە خۆگرتن و فشار دروست كردن بۆ چارەسەر كردنیان. هاوكات هەر كەیسێك كە لایەنێكی ئافرەت بێت بە كەیسی خۆی دەزانێت و پارێزەری بەدەستهێنانەوەی مافەكانیەتی، تواناسازی ئافرەتمان وەك پێشمەرجی پێشكەوتن داناوەو پێمان وایە كە توانادار كردنی ئافرەتان تاكە ڕێگەیە بۆ پاراستنی مافەكانیان و گۆڕانكاری لە هزر و دیدی كۆمەڵایەتی، گۆڕانیك كە ریشەیی بێ و بتوانێ ستراكچەر و كەلتور، خەڵك و تێڕوانینیان بۆ پرسی ئافرەت و ڕۆڵ و پێگەیان لە كۆمەڵگە بگۆڕێت بە ئاراستەی باوەڕبوون بە یەكسانیی ئافرەت و پیاو.
لەم ڕۆژەدا سڵاو دەنێرم بۆ سەرجەم ئافرەتانی كوردستان و ئەندام و كادرانی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، درود بۆ گیانی ئافرەتانی شەهیدی ڕێی یەكسانی و بەدەستهێنانەوەی ماف.
❊ سكرتێری یەكێتی ئافرەتانی كوردستان









