خه‌بات: عه‌لى بانیشارى
له گفتوگۆیه‌كیدا له‌گه‌ڵ (خه‌بات) عه‌لى دۆڵه‌مه‌ڕى، نوێنه‌رى حكوومه‌تى هه‌رێم له فه‌ڕه‌نسا له‌باره‌ى هه‌وڵویستى فه‌ڕه‌نسا له‌سه‌ر نـاوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان؟ ده‌ڵـێ: فه‌ڕه‌نسا له‌گه‌ڵ ئـه‌وه‌ی كه به زووترین كـات ماده‌ی 140 جێبه‌جێ بكـرێت و ئه‌و كێشانه‌ى له‌و ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان هه‌ن به ئاشتى له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا چاره‌سه‌ر بكرێن. دۆڵه‌مه‌ڕى له‌م گفتوگۆیه‌دا له‌سه‌ر چـه‌ند پرسێك ده‌وێت له‌وانه‌ش ( هه‌مئاهه‌نگییه سه‌ربازییه‌كانى نێوان فه‌ڕه‌نسا و حكوومـه‌تى هه‌رێم، رۆڵـى فه‌ڕه‌نسا له ئاوه‌دانـكردنه‌وه‌ى ناوچه زیانلێكه‌وتووه‌كانى شـه‌ڕى داعش، ئاینده‌ى په‌یوه‌ندییـه‌كانى هه‌رێم و فه‌ڕه‌نسا) و چه‌نـد پرسێكى دیكه. نـاوبراو ده‌ڵێت: فـه‌ڕه‌نسا هه‌میشه رێز له ئیـراده‌ی گه‌لی كورد ده‌گرێت و ده‌زانێـت مه‌ترسی بۆ سه‌ر هیچ ناوچه‌یه‌ك نییه.
خه‌بات: هاوكارییه‌كانی حكوومه‌تی فه‌ڕه‌نسا له‌ئێستادا بۆ هه‌رێمى كوردستان خۆیان له چیدا ده‌بیننه‌وه؟
عه‌لى دۆڵه‌مه‌ڕى: فه‌ره‌نسا پشتیوانی گه‌لی كورد ده‌كات له رووی سیاسی و دیبلۆماسی و یاسایی و داوای ته‌واوی مافه شه‌رعیه‌كانی كورد ده‌كات له چوارچێوه‌ی ده‌ستوری عێراقدا. چه‌ند كه‌مپی په‌نابه‌ران له‌لایه‌ن فه‌ڕه‌نسا یارمه‌تی ده‌درێن و هه‌روه‌ها له رووی سه‌ربازیه‌وه هێزه‌كانیان یارمه‌تی كورد ده‌ده‌ن بۆ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی تیرۆرستان.
خه‌بات: ئه‌ى له رووى ئابوورییه‌وه هاوكارییه‌كان له چ ئاستێكدان؟
عه‌لى دۆڵه‌مه‌ڕى: له رووی ئابووریه‌وه چه‌ندین كۆمپانیای گه‌وره‌ی فه‌ڕه‌نسا له كوردستانن و ده‌یانه‌ویت زیاتر په‌ره به بواری كه‌لتوری و هونه‌ری بده‌ن، چه‌ندین په‌یوه‌ندیش هه‌ن له بواری كه‌لتوری و ئه‌كادیمی و رۆشنبیری.
خه‌بات: به‌ڕێزنان له‌و باوه‌ڕه‌دان حكوومه‌تى فه‌ڕه‌نسا تا كۆتایی دۆست و پشتیوانی كورد بێت؟
عه‌لى دۆڵه‌مه‌ڕى: فه‌ڕه‌نسا تاكه وڵات بووه كه هه‌میشه پشتیوانی كوردی كردووه له ناخۆشی و خۆشیه‌كاندا به تایبه‌تی له‌كاتی ته‌نگانه هه‌میشه ته‌نها فه‌ڕه‌نسا بووه كه به هانای گه‌لی كورده‌وه هاتووه و له ساڵی شه‌ستاكاندا مه‌لا مسته‌فاى بارزانی داوای له سه‌رۆكی ئه‌و كاتی فه‌ڕه‌نسا(شارل دیگول) كرد كه فڕۆكه‌ی جه‌نگی به عێراق نه‌فروشێت، چونكه گه‌له‌كه‌ی پێ بۆردومان ده‌كات، ئه‌و داواكارییه‌ى بارزانى وایكرد فه‌ڕه‌نسا فڕۆكه به عێراق نه‌فرۆشێت، هه‌ر فه‌ڕه‌نسا بوو بڕیاری 688 له ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی ده‌ركرد بۆ پاراستنی كوردستان هه‌روه‌ها له هێرشی سه‌دام و دوایی دروستبوونى قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان له شه‌ڕی داعش یه‌كه‌مین وڵات بوو كه پشتیوانی و هاوكاری كوردستانی كرد و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا 3 رۆژ دوای هێرشی داعش سه‌ردانی هه‌ولێری كرد كه ئه‌وكات داعش چه‌ند كم له هه‌ولێر دوور بوو، پاشان سه‌رۆك هۆلاند سه‌ردانی هه‌ولێری كرد یه‌ك مانگ پاشتر و له پاش رووداوه‌كانی 10/16 فه‌ڕه‌نسا بوو كه ئابلوقه‌ی سیاسی و دیبلۆماسی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان شكاند و به داوه‌تكردنی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی بۆ پاریس و ئێستاش فه‌ڕه‌نسا داوای ته‌واوی مافه شه‌رعیه‌كانی كورد ده‌كات له عێراقدا و به‌رده‌وام ده‌بێت له پشتگیركردنى گه‌لی كورد و ده‌توانم بڵێم فه‌ڕه‌نسا ته‌نها دۆستی راسته‌قینه‌ى كورده.
خه‌بات: كه‌واته گومانى تێدا نییه فه‌ڕه‌نسا راستگۆترین وڵاته له‌گه‌ڵ كوردا؟
عه‌لى دۆڵه‌مه‌ڕى: بێگومان، چونكه په‌یوه‌ندیه‌كی به‌هێز له نێوان گه‌ل و حكوومه‌تی فه‌ڕه‌نسا و كوردا هه‌یه كه هه‌ردووكیان بڕوایان به ئازادی و دیموكراسی و سه‌ربه‌ستی و مافی مروڤ هه‌یه، فه‌ڕه‌نسا هه‌میشه رێز له ئیراده‌ی گه‌لی كورد ده‌گرێت و دۆسته‌كی راسته‌قینه‌ی كورده.
خه‌بات: شیكه‌ره‌وانی سیاسی زۆر جار ده‌ڵێن وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مریكا له‌سه‌ر بناغه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی دۆستی كوردن و هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌ساسه‌ش دۆستی كوردن، ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان نه‌ما یان به‌ره‌و نه‌مان چوو كورد به‌ته‌نها له گۆڕه‌پانه‌كه‌دا جێده‌هێڵن، به‌ڵام ده‌ڵێن ئه‌مه بۆ فه‌ڕه‌نسا راست نییه، بۆ؟
عه‌لى دۆڵه‌مه‌ڕى: فه‌ره‌نسا بڕوای به گه‌لی كورد هه‌یه كه له پێناوی ئاشتیدا شه‌ڕ ده‌كات و بڕوای به یه‌كه‌وه ژیان و ئازادی و دیموكراسی هه‌یه و رێز له به‌هاكان ده‌گرێت و هه‌ردوو گه‌لی كورد و فه‌ڕه‌نسا په‌یوه‌ندییه‌كى پته‌و و مێژووییان هه‌یه و هه‌ردووكیان زۆر قوربانیان داوه بۆ ئازادی و به‌ها مروڤاییه‌تیه‌كان. فه‌ڕه‌نسا ده‌زانێت كه گه‌لی كورد گه‌لێكه مه‌ترسی بۆ سه‌ر هیچ ناوچه‌یه‌ك نییه، به‌ڵكوو فاكته‌ری سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌یه و په‌نایه‌كه بۆ داڵده‌دانی لێقه‌وماوان.
خه‌بات: له ئێستادا فه‌ڕه‌نسا له‌رووی سه‌ربازییه‌وه چ هه‌مئاهه‌نگیه‌كی له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه هه‌یه؟
عه‌لى دۆڵه‌مه‌ڕى: بێگومان له رووى سه‌ربازییه‌وه هه‌مئاهه‌نگی هه‌یه، چوونكه هێشتا شه‌ڕی دژی تیرۆر ته‌واو نه‌بووه و سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا چه‌ندین جار دووپاتی كردووه‌ته‌وه كه وڵاته‌كه‌ى به‌نیاز نییه ناوچه‌كه به‌جێبهێڵێت تاوه‌كو شه‌ڕ به ته‌واوه‌تی كۆتایی پێ نه‌هاتووه.
خه‌بات: ئاشكرایه به‌هۆى شه‌ڕى داعشه‌وه چه‌ندین گوند و شار له ناوچه‌كه‌دا وێرانبوون. ده‌مانه‌وێت بزانین فه‌ڕه‌نسا هیچ رۆڵێكى له ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه زیانلێكه‌وتووه‌كانی جه‌نگی تیرۆردا چی ده‌بێت؟ ئێوه له‌وباره‌یه‌وه هیچ زانیاریه‌كتان لایه؟
عه‌لى دۆڵه‌مه‌ڕى: فه‌ڕه‌نسا ده‌یه‌وێت روڵێكی گه‌وره بگێڕێت بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه و له داهاتوویه‌كی نزیكدا به چه‌ندین پرۆژه‌ی گه‌وره به‌شداری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه ده‌كات تا ئاواره‌كان بگه‌ڕێنه‌وه ناوچه‌كانی خۆیان و ئاسایش سه‌قامگیر ببێت.
خه‌بات: ئه‌ى هه‌ڵوێستی فه‌ڕه‌نسا له‌سه‌ر دۆخی كه‌ركوك و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه بۆ ئه‌و شاره چیه؟
عه‌لى دۆڵه‌مه‌ڕى: فه‌ڕه‌نسا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یه به زووترین كات ماده‌ی 140 جێبه‌جێ بكرێت و كێشه‌كان له ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان به‌شێوه‌ى ئاشتى له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا چاره‌سه‌ر ببن.
خه‌بات: هه‌ڵوێستی فه‌ڕه‌نسا له‌سه‌ر پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ چییه؟ هیچ شتێك له‌و باره‌یه‌وه به‌رگوێی ئێوه كه‌وتووه كه فه‌ڕه‌نسا داوای كردبێت به‌په‌له بكرێت له پێكهێنانى كابینه‌ی نوێ؟
عه‌لى دۆڵه‌مه‌ڕى: فه‌ره‌نسا حه‌ز ده‌كات به زووترین كات حیزبه‌كان رێكبكه‌ون و كابینه‌ى نوێ پێكبهێنرێت به‌رده‌وام له په‌یوه‌ندیدان له‌گه‌ڵ حیزبه‌كانى باشوورى كوردستان.










