خەبات: سەنگەر حوسێن
لە گوندی شێخ مەمودیانی نزیك شاری هەولێر، هەر كە كەش و هەوا خۆش دەبی هاوڵاتیانی ئەو ناوچەیە بۆ ماسی گرتن دەچنە نزیك زێ، شوێنەكەش پێی دەڵێن سۆلاق، خەڵكی دەڤەرەكە زۆر جار بۆ خۆشی و كات بەسەربردن ئەو كارە دەكەن.
هەرچەند لە ئێستادا ماسی گرتن زەحمەتە ئەویش بەهۆی ئەوەی ئاوەكە ساردەو ماسی نایەتە رۆخ زێیەكە، بەڵام باشترین كات بۆ راوەماسی، مانگەكانی حوزەیران و تەمموزە، ئەوكات ئاوەكە گەرم دەبێت و ماسییەكان سەر ئاو دەكەون.
سەبارەت بە شێوازی ماسی گرتن، هاوڵاتیانی ناوچەكە روونی دەكەنەوە، كە دانانی تۆڕ ئاسانترین رێگەیە، جاری وا هەیە نزیكەی 50 ماسی بە تۆڕەوە دەنووسێت، هەندێك جاریش كارەبا بەكار دەهێنرێت بۆ راوەماسی، بەڵام كەم كەس هەیە ئەم شێوازە پەیڕەو بكات، هەروەها چەندین جۆر تۆڕ هەیە بۆ ماسی گرتن، كە بۆ ماسی بچووك و ناوەندی تۆڕی ورد دادەنرێت و بۆ ماسی گەورە تۆڕی درشت بەكار دەهێنرێت، هەر كاتێكیش ماسی بە تۆڕەكان وەبن لێبوونەوەی ئەستەمە.









