خهبات: هەندرێن شێرزاد
دوای تێپەڕبوونی چەند رۆژێك بەسەر ئەو تەقینەوە خۆكوژیەی لە هەرێمی كشمیر روویدا و بووە هۆی كوژرانی 44 سەربازی هیندی ، جارێكی دیكە هەرێمەكە رووبەڕووی ناسەقامگیری بووەوە و لەو كاتەشەوە هیند و پاكستان رێوشوێنی توندیان گرتۆتەبەر لە دژی یەكتر ، بە رادەیەك ئێستا ترسی هەڵگیرسانی جەنگێكی دیكە لە نێوان ئەم دوو هێزە لە ئارادایە . لەوەتەی لە ساڵی 1947 هیند دابەش بووە و دەوڵەتی پاكستان راگەیەنراوە ، چەند شەڕێكی خوێناوی لەم ناوچەیەدا بەرپابووە ، ناوچەیەك كە بە بەهەشتی سەر رووی زەوی ناودەبرێ بەهۆی جوانی سروشت و لەباریی كەشوهەوا ، هەر ئەمەش وایكرد ئەم دوو هێزە بكەونە ململانێ ، هەریەكەیان پێی وایە هەرێمی كشمیر بەشێكی دانەبڕاوە لە خاكەكەی ، بۆیە كەوتنە خۆپڕچەككردن تا بوونە خاوەنی چەكی ئەتۆمی ، كەواتە چیرۆكی كشمیر لەكوێوە دەست پێدەكات ؟
ئەو هەرێمە بە جامۆ و كشمیر ناودەبرێ و دەكەوێتە بەشی باكوری نیمچە كیشوەری هیندی ، لە باكورەوە چین و لە رۆژهەڵات ناوچەی تبت و لە باشوریش ویلایەتی پەنجابی هیندی و لە رۆژئاواوە پاكستان هەن . بەمەش ئەم هەرێمە خاوەنی پێگەیەكی ستراتیژیە و دەكەوێتە سەر سنووری سێ وڵاتی خاوەن چەكی ئەتۆمی . رووبەری كشمیر نزیكەی 222.236 كیلۆمەتر چوارگۆشەیە و نزیكەی 48% ی خاكەكەی لەژێر دەسەڵاتی هیند و 35% ی لەژێر كۆنترۆڵی پاكستان و 17% یشی خاكی چینە . ژمارەی دانیشتوانی 13 ملیۆن كەسە و 90% یان موسوڵمانن.
كشمیر دابەش كراوەتە سەر سێ ناوچەی سەرەكی ، بەشە فراوانەكەی دەكەوێتە ناو سنوورەكانی هیند و بە كشمیر و جامۆ ناسراوە و زۆربەی ژمارەی دانیشتوان دەگرێتە خۆی ، بەشی دووەمی كە دەكەوێتە ناو خاكی پاكستان و بە ویلایەتی كشمیری ئازاد ناودەبرێ ،بەشەكەی تریش لەنێو خاكی چینە و بە ئاكسای چین ناودەبرێ و بچووكترین بەشی هەرێمەكەیە . دانیشتوانی كشمیر بە چەند زمانێك قسە دەكەن ، لەوانە : هیندی و ئۆردی و چینی و بە رەگەز تورك و ئەفغانی و مەغۆلن.
كشمیر بە جوانی سروشت ناسراوە و بەشی زۆری رووبەری هەرێمەكە بریتیە لە ناوچەیەكی شاخاویی و باراناوی . لە هەرێمەكەدا چەند چیایەك هەن لەوانە : چیاكانی قرقوم كە زیاتر لە 8 هەزار مەتر بەرزن، هەروەها زنجیرە چیاكانی هیمالایا كە زیاتر لە 5 هەزار مەتر بەرزن ، بەهۆی جوانی سروشتیش ، كشمیر بە بەهەشتی سەر رووی زەوی ناسراوە ، لە رابردووشدا ئەكبەری ئیمپراتۆری مەغۆلی لەبارەی كشمیرەوە وتوویەتی : ئەوێ بەهەشتی خەونەكانە و دەبێ ببێتە باخی تایبەت بەخۆم .
لە رووی سیاسی و بە گوێرەی پێناسەی یاسای نێودەوڵەتی ، هەرێمی جامۆ و كشمیر ناوچەیەكی كێشە لەسەرە . رۆژی 27 ی ئۆكتۆبەری 1947 هیند ئەو هەرێمەی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆی و دوای ئەوەی پەیمانی بەخشینی مافی چارەنووسی هەرێمەكەی بە خەڵكی كشمیر و نەتەوە یەكگرتوەكانیش دا ، یاسای پارێزگاریكردنی كاتی بەسەردا سەپاند .لە بڕیاری ژمارە 47 ی ساڵی 1948 ی نەتەوە یەكگرتوەكاندا هاتووە لە رێگەی ئەنجامدانی راپرسیەكی سەتاسەری و بە چاودێریی نەتەوە یەكگرتوەكان مافی چارەی خۆنووسین بە گەلی كشمیر دەبەخشرێ ، بەڵام ئەمە تا ئێستاش جێبەجێ نەكراوە.
ساڵی 1947 كاتێك بەریتانیا یاسای سەربەخۆیی هیندی راگەیاند و كۆتایی بە دەسەڵاتی خۆی هێنا لەم وڵاتە ، داوای لەو شانشینانە كرد كە خۆی بەڕێوەی دەبردن ، بە گوێرەی خواستی دانیشتوان ببن بە بەشێك لە هیند یان پاكستان ، هەر ئەمەش هەردوو دەوڵەتی هیند و پاكستانی لێ كەوتەوە . ئەمە جێبەجێ كرا ، بەڵام سێ ویلایەت حەیدەر ئاباد و جۆناغاد و كشمیر هیچ بڕیارێكیان نەدا و بەلای هیند و پاكستاندا نەكەوتن ، دواتر حاكمی جۆناغاد وێڕای بوونی زۆرینەیەكی هیندۆسی ، بڕیاری دا بەلای پاكستاندا بكەوێ ، ئەمە ناڕەزایی زۆری لێ كەوتەوە و هێزەكانی هیند روویان كردە هەرێمەكە و دوای ئەنجامدانی راپرسی ، خەڵك بڕیاریان دا ببنە بەشێك لە خاكی هیندستان و مەسەلەكە بڕایەوە . سەبارەت بە حەیدەر ئابادیش هەمان شت دووبارە بوەوە و حاكمی موسوڵمانی ویلایەت بڕیاری دا ببنە بەشێك لە پاكستان ، دواتر لە 13 ی سێپتەمبەری 1948 سوپای هیند كۆتایی بە بابەتەكە هێنا.
بەڵام كشمیر بابەتێكی دیكەی جیاواز بوو ، هاری سینی حاكمی ئەو كاتەی هەرێمەكە بڕیاری دا ببن بە بەشێك لە خاكی هیند ، لەمەشدا زۆرینەی دانیشتوان موسوڵمان بوون بەم بڕیارە رازی نەبوون ، هیند پێشوازی لەم بریارە كرد ، بەڵام حاكمی ویلایەت لە ترسی كاردانەوەی خەڵك دوو پەیماننامەی خستە بەردەمی هیند و پاكستان دەربارەی هێشتنەوەی بارودۆخ وەك خۆی ، لە بەرامبەردا پاكستان رازی بوو و هیندیش رەتی كردەوە ، بەمەش بارودۆخ پەرەی سەند و گەیشتە ئاستی بەرپابوونی شەڕ.
لەو ساڵەدا شەڕێكی توند لەنێوان كشمیریەكان و سوپای هیند بەرپا بوو و لە ئەنجامدا هیندیەكان سێ چارەگی ویلایەتی كشمیریان داگیر كرد. نەتەوە یەكگرتوەكان كەوتە نێوان هەردوولا و لە 13 ی ئابی 1948 ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیارێكی دەركرد ، تیایدا داوای وەستاندنی شەڕ و ئەنجامدانی راپرسیەكی كرد بە مەبەستی یەكلاكردنەوەی ئایندەی هەرێمەكە ، لەو كاتەشەوە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گەیشتۆتە قەناعەتی ئەوەی كە كێشەی ئەم هەرێمە تەنیا لە رێگەی دابەشكردنی لەنێوان هیند و پاكستان یەكلا دەبێتەوە .بۆیە نەتەوە یەكگرتوەكان پێشنیاری كرد ئەو بەشەی لەگەڵ پاكستان هاوسنوورە 1000 كیلۆمەتر دەبێ و زۆرینەی دانیشتوانی موسوڵمانن ، بخرێتە سەر خاكی پاكستان ، بەشەكانی دیكەش كە رووبەرەكەی 300 كیلۆمەتر دەبێ زۆرینەی دانیشتوانی هیندۆسن و لەگەڵ هیند هاوسنوورە ، بدرێ بە هیند ، بەڵام ئەمە تەنیا پێشنیارێك بوو و تائێستا جێبەجێ نەكراوە .
جارێكی دیكە هەردوولا كەوتنەوە مشتومڕ ، سەرۆكی ئەوكاتەی پاكستان هەوڵی دا یارمەتی شەڕكەرە كشمیریەكان بدات ، بەڵام رووداوەكان پەرەیان سەند و لە كۆنترۆڵكردن دەرچوون و شێوەی جەنگێكیان وەرگرت لە نێوان هەردوو سوپای هیند و پاكستان . لە سێپتەمبەری 1965 بە درێژایی سنووری نێوانیان لە لاهور و سیالكۆت و كشمیر و راجستان رووبەڕووی یەكتر بوونەوە ، شەڕەكە 17 رۆژ درێژەی كێشا و هیچ لایەك نەیتوانی سەركەوتن وەدەست بێنێ ، دواتر بە هاوكاری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی شەڕ وەستێنرا .
لەم ساڵەدا ، پاكستان هیندی تۆمەتبار كرد بەوەی پشتی بەنگلادش دەگرێ بۆ جیابوونەوە ، بەمەش جارێكی دی هەردووك دراوسێ كەوتنەوە ململانێ و لە ئەنجامدا كەوتنەوە شەڕكردن ، بەڵام ئەم جارە تەرازووی سەربازی لە بەرژەوەندی هیند بوو و توانی چەند سەركەوتنێكی سەربازی وەدەست بێنێ . ئەمە وای لە پاكستان كرد بە شێوازێكی دیكە بیر لە بارودۆخەكان بكاتەوە ، ئەوەبوو هەردوولا كەوتنە خۆپڕچەككردن و لە ئەنجامدا هەردووك لا بوونە خاوەنی چەكی ئەتۆمی .شەڕەكەی ئەم ساڵەش بووە هۆی جیابوونەوەی پاكستانی رۆژهەڵات كۆماری بەنگلادیش .
لەو ساڵەدا هیند و پاكستان دەستیان بە گفتوگۆ كرد و لە ئەنجامدا رێككەوتننامەیەی ئاشتیان مۆر كرد كە بە رێككەوتننامەی شیملا ناونرا و تیایدا هەردوولا رازی بوون بەوەی هێڵی وەستاندنی شەڕی 1971 بە هێڵی ئاگربەسی نێوانیان بزانن . هەر بەگوێرەی ئەو رێككەوتنە ، هیند بەشێك لەو ناوچانەی بۆخۆی هێشتەوە كە لە جەنگی 1971 لە خاكی پاكستان داگیری كردبوون و بریتی بوون لە كارگیل تیسوال و بۆنش لە كشمیری ئازاد ، لە بەرامبەردا پاكستان ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی خۆی هێشتەوە كە لە ناوچەی چامب لە كشمیری داگیركراو كۆنترۆڵی كردبوون.
لە ساڵی 1989 ەوە زیاتر لە 100 هەزار هاوڵاتی كشمیری كوژراون و دەستدرێژیش كراوەتە سەر زیاتر لە 10 هەزار ئافرەت ، هەروەها لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هیندیش 7000 كەسی دیكە كوژراوە.
داڕمانی یەكێتی سۆڤیەت بووە هۆی گۆڕانی نەخشەی هاوپەیمانیی هیند و پاكستان ، هاوكات بووە هۆی سەرهەڵدانی چەندین گرووپی چەكداری یاخی لە هەرێمەكەدا كە داوای جیابوونەوەی كشمیر دەكەن لە هیند و پاكستان و هیند پێی وایە زۆربەیان لەلایەن پاكستانەوە پشتگیریان لێ دەكرێ . لە راستیشدا دوای سەرهەڵدانی پێشبڕكێی ئەتۆمی ئاستی ململانێی نێوان هەردوولاش رووی لە هەڵكشان كردووە و هەردوو دەوڵەت بابەتی كشمیر بە هۆكاری سەرەكی ئەو بارودۆخە دەزانن . لەو كاتەشەوە جار نا جارێك ئاستی ناكۆكی و توندوتیژیی لە ناوەوەی كشمیر بەرز دەبێتەوە و ئەگەرەكانی پێكدادانی نێوان سوپای هیند و پاكستان دێنەوە پێشەوە .









