خهبات: ههندرێن شێرزاد
لە ناوەڕاستی ساڵی 2018، هەموو جیهان چاوی لەسەر هاوینەهەواری كابیلای دوورگەی سینتۆسای سەنگافورە بوو ، لەوێ یەكەم كۆبوونەوەی نێوان دۆنالد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا و كیم یۆنگ ئۆنی سەرۆكی كۆریای باكور ساز كرا ، هەر لەوێش بڕیاری كۆبوونەوەی دووەمی نێوان هەردوولا لە هانۆی پایتەختی ڤێتنام درا . دواتر چاوەكان وەرچەرخانە سەر هانۆی و میدیای جیهان بایەخێكی زۆری بەو كۆبوونەوەیە دا ، بەرپرسانی ئەمەریكا و كۆریای باكوریش چاویان لەوە بوو لەم كۆبوونەوەیەدا سەبارەت بە كێشەكانی نێوانیان بگەنە رێگەچارەیەك ، كۆبوونەوە ئەنجام درا بەڵام بەبێ ئەوەی لایەنەكان بگەنە رێككەوتن.
بەگوێرەی وتەی چەند بەرپرسێكی كۆریای باكور، كیم یۆنگ ئون بەنیاز نیە سەبارەت بە داماڵینی چەكە ئەتۆمیەكانی وڵاتەكەی هیچ كۆبوونەوەیەكی دیكە لەگەڵ سەرۆكی ئەمەریكا ئەنجام بدات، چونكە زیادەڕۆیی ترامپ لە داخوازیەكانی بووە هۆی لەدەستدانی دەرفەتێكی لەبار .رۆژنامەی زە سەنی بەریتانی رلەسەر زاری جێگری وەزیری دەرەوەی كۆریای باكور رایگەیاند كە كیم یۆنگ ئون چەكی ئەتۆمی هەیە و خواستی بەردەوامبوونی گفتوگۆی لەگەڵ ئەمەریكا لەدەست داوە. شایەنی باسە، ترامپ بەشێوەیەكی لەناكاو و چاوەڕواننەكراو لە كۆبوونەوەكە كشایەوە و رایگەیاند كە كۆریای باكور پێی وایە كە تا دوای هەڵگرتنی سزاكان دەستبەرداری چەكە ئەتۆمیەكانی نابێ.
تیمەكەی كۆریای باكور كە لە كۆبوونەوەكە ئامادە بوون بە شێوازێكی دیكە قسە دەكەن و دەڵێن : ئەوان تەنیا داوایان كردووە بەشێك لەو سزا ئابووریانە سووك بكرێن كە بەسەر وڵاتەكەیاندا سەپێنراون. وەزیری دەرەوەی كۆریای باكوور لەو بارەوە وتی: هەڵوێستی ئێمە نەگۆڕە، تەنانەت ئەگەر ئەمەریكا داوای ئەنجامدانی خولێكی دیكەی دانوستان بكات.
بەر لە كۆبوونەوەكەی پارساڵ، پرۆگرامی موشەكە ئەتۆمیەكانی كۆریای باكور مایەی توڕەیی و نیگەرانی ئیدارەی ئەمەریكا بوون، بە تایبەتیش لە ساڵی 2017 كاتێك بیۆنگ یانگ ژمارەیەك تاقیكردنەوەی ئەتۆمی ئەنجام دا و ئەمە نیگەرانیەكی گەورەی لێ كەوتەوە . رۆژی 28 ی شوبات كیم یۆنگ ئون ئامادەباشی وڵاتەكەی پیشان دا بۆ داماڵینی چەكە ئەتۆمیەكان . لەو بارەوە شارەزایان رایانگەیاند ئەم وتانەی كیم یۆنگ تەنیا لە چوارچێوەی دیبلۆماسیدان، بەڵام راستیەكەی ئەوەیە كە كۆریای باكور ئامادە نیە وا بە ئاسانی دەستبەرداری چەكە ئەتۆمیەكانی ببێ، ئەگەر لە بەرامبەردا شتێكی شایستەی پێ نەبڕێ، ملكەچی داواكاریەكانی ئەمەریكا نابێ.
ئەو سزا ئابووریانەی ئەمەریكا بەسەر كۆریای باكور سەپاندوونی، یەكێك بوون لە گرنگترین دۆسیەكانی خولی دووەمی دانوستانی نێوان هەردوولا . بە گوێرەی زانیاریەكانیش، ئەگەرچی لە كۆبوونەوەكەدا كیم هەوڵی داوە بە وردی باس لەو بابەتە بكات بەڵام ترامپ وەڵامی نەداوەتەوە. دواتر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ترامپ رایگەیاند كە كۆریای باكور داوای لادانی ئەو سزایانەی كردووە، ئێمەش ناتوانین ئەمە بكەین، بۆیە وامان بەباش زانی بكشێینەوە.
شەڕی نێوان هەردوو كۆریا یەكێكە لە ناكۆكیە سەرەكیەكانی نێوان ئەمەریكا و كۆریای باكور، هەردوو بەشەكەی كۆریا هاوپەیمانی پتەویان لەگەڵ ژمارەیەك وڵاتی زلهێز هەیە، بەشی باكور لەگەڵ چین و بەشی باشووریش لەگەڵ ئەمەریكا. پێدەچێ یەكێك لە ئامانجەكانی ئەمەریكا بریتی بێ لە هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانی نێوان چین و كۆریای باكور، ئەمەش ئەوكاتە روودەدات ئەگەر وەستاندنی شەڕی نێوان هەردوو كۆریا بە فەرمی رابگەیەنرێ . ئەگەرچیش تەنانەت دوای لێك نزیكبوونەوەی ئەم دواییانەی هەردوو بەشەكەی كۆریا، بەڵام ترامپ پێشبینی وەستاندنی شەڕی نێوانیانی نەكردووە، بەڵام ویستی ئەمە وەك كارتێكی گوشار لەبەرامبەر كیم بەكاربێنێ . لە بەرامبەردا سەرۆكی كۆریای باكور دەخوازێ هەندێك بابەت بۆ هەمان مەبەست بۆ ئەگەری سازكردنی كۆبوونەوەی دیكە هەڵبگرێ.
ئەم خولەی دانوستانی نێوان ئەمەریكا و كۆریای باكوریش هیچ ئەنجامێكی لێ نەكەوتەوە، بەڵام سەرۆكی ئەمەریكا هیوای دەخواست لەبەر چەند هۆكارێك كۆبوونەوەكان درێژەیان هەبێ، لەوانە : ئەو گوشارانەی رووبەروویان دەبێتەوە دەربارەی دەستوەردانی رووسیا لە ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا و هێنانەدی سەركەوتنێك و داماڵینی چەكە ئەتۆمیەكانی كۆریای باكور. لەلایەكی دیكە ترامپ لە رێگەی ئەم لوتكەیەوە قەناعەت بەو ئەمەریكیانە بهێنێ كە دژی نزیكبوونەوەن لە كۆریای باكور بەوەی ئەو سەركەوتوو بووە لە ملكەچكردنی سەرۆكی كۆریای باكور.









