خەبات: سەید فاتیح بەرزنجی
ئەندازیار دڵشاد عیمادەدین بەڕێوەبەری چاككردنەوەو پاراستنی ڕێگاوبانی هەولێر بە خەباتی ڕاگەیاند: لە وەتەی وەرزی زستان و باران و بەفر هاتووە لەلایەن تیمەكانمانەوە ڕۆژانە خەریكی چاككردنەوەی ڕێگاوبانەكانین، بەتایبەتی ڕێگا سەرەكیەكان و ڕێگای نێوان شارو شارۆچكەكانی دەوروبەر وەكو ڕێگای حاجی ئۆمەران و چۆمان و هەموو ڕێگاكانی دەوروبەری ئەو دوو شارۆچكەیەو نێوان گوندەكانیش.
تیمەكانمان هەمیشە لە ئامادەباشی تەواو دانەو شەوو ڕۆژ لەو شوێنانە لە ئێشكگری دانە، چونكە لەو شوێنانە بەردەوام بەفر دەبارێت و تیمەكانمان ڕێگاكە لە بەفر پاكدەكەنەوەو ئامێری تایبەتمەندیان لەلایەو لەو چەند ڕۆژانەی دواییدا تیمەكانی بەفرڕاماڵین توانییان ڕێگاكانی وەكو ڕێگای چیای سەفین لە بەفر پاك بكەنەوە، جگە لەوە لەلایەن كەرتی سێ هەوڵ بۆ ڕێكخستنەوەی تەنیشتە شانەكانی ڕێگای سەرەكی شانەدەر- بارزان و خاوێنكردنەوەی خۆڵی داڕماوو دروستكردنەوەی تەنیشت جۆگەكان لەلایەن تیمەكانی ئەو كەرتە لە سنوری مێرگەسۆر، هەرەوەها هەر لەلایەن تیمەكانی كەرتی دوو هەوڵی پڕكردنەوەی چەند چاڵێك درا بەقیر لە لۆفەكانی مەسیف كە ئاستەنگی بۆ شوفێران دروست كردبوو، دواتر هەر لەلایەن تیمەكانی كەرتی یەكەوە هەوڵی دروستكردنی تەنیشتە شانەكانی ڕێگای حاجی وسوو بە درێژی زیاتر لە سێ كیلۆ مەتر و هەر لەلایەن تیمەكانی كەرتی دوو هەوڵی پڕكردنەوەی چەند چاڵێك درا كە بەهۆی باران بارینەوە ڕێگاكە تێكچوو بوو، كە ڕێگایەكی ستراتیژیە.
ئەندازیار دڵشاد عیمادەدین: لە وەتەی وەرزی زستان هاتووە ڕۆژانە خەریكی چاككردنەوەی ڕێگاوبانەكانین
جگە لە چاككردنەوەی ڕێگا تیمەكانمان توانیان هەوڵی چاككردنەوەی پردی حافیز بدەن كە لەسەر و ڕێگای نێودەوڵەتی سۆران- چۆمان- حاجی ئۆمەران و وڵاتی ئێرانەو ڕێگایەكی ستراتیژیەو هەرلەلایەن تیمەكانەوە بۆ چەندین جار بەبەردەوامی ڕێگای حاجی ئۆمەران لە بەفر پاك كراوەتەوە. هەر لەلایەن تیمەكانی كەرتی دووەوە توانرا چەند شوێنێكی ڕێگای سەرەكی ئەسپیندارە گوندی فریز چاك بكرێتەوە، كە ئەو ڕێگا سەرەكییە بە تێكەڵەڕیژ پڕبكرێتەوە، دیارە ئەو ڕێگایە زۆر بەخراپی تێكچوو بوو و ئاستەنگی بۆ شوفێران دروست كردبوو.
لەلایەكی دیكە لەلایەن تیمەكانی سەر بە كەرتی سێ توانرا ڕێگای شێروان مەزن- لێرێ لە بەفر لەكاتی شەودا پاك بكەنەوە. هەروەها هەرلەلایەن تیمەكانی سەر بەكەرتی دوو توانرا خۆڵ و بەرد لە ڕێگای جووتسایدی باسرمە نزیك گوندی فاتاوە پاكبكەنەوە، دیارە ئەو خۆڵ و بەردە ئاستەنگی بۆ هاموشۆی هاوڵاتیان دروست كردبوو. شایانی باسە تیمەكانمان بەردەوام لە كاركردندان بۆ ئەوەی خزمەت بە هاوڵاتیان بگەیەنن.










