خهبات: عەلی بانیشاری
محەمەد سەعدەدین ئیلخانی دەڵێ: پارتی و دەسەڵاتی سیاسی كوردستانی چەند مافی زیاتر بدەن بە پێكهاتەكان متمانەی پێكهاتەكان بە هەرێمەكەیـان و دەسەڵات و ئیدارەی كوردی زیـاتر دەبێت. سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی گەشەپێدانی توركمان لە پـەرلەمانی كوردستان لە دیمـانەیەكدا لەگەڵ(خـەبات) دەڵێت: مادام توركمـانەكان لە سەرۆكایەتی پەرلەمان هەبن پێویستە لە حكوومەتیش پۆست و پلەیان هەبێت. سەبارەت بە هەڵوێستی توركمان لەسەر پڕۆژەی چاكسازی؟ ئیلخانی دەڵێ: ئەگەر لەسەر هەندێك وردەكاری ناو پڕۆژەكە ناكۆكیمان هەبێت، بەڵام بە شێوازێكی گشتی پاڵپشـتی پڕۆژەكەمان كردووە. دەشڵێـت: كاری سەرەكی پەرلەمانی كوردستان لەم خولەدا تێپەڕاندنی پڕۆژەی چـاكسازی دەبێت.
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی گەشەپێدانی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ” كاتێك باس لە دیاریكردنی ئەندامانی لیژنەی یاسایی كرا ئێمەش داوامانكرد ئەندامان هەبێت، چونكە بەلای ئێمەوە لیژنەی یاسایی گرنگترە لە لیژنەكانی دیكە”. گوتیشی” لە كۆبوونەوەی فراكسیۆنەكان ئەو پێشنیارەمان كرد و داوامان لە هەموو فراكسیۆنەكان كرد پشتیوانمان بن، بەڵام فراكسیۆن هەبوو بۆ ئەوەی خۆی ئەندامی هەبێت هاوكاری ئێمەی نەكرد و هەوڵی ئەوەیاندا ئێمە بێ ئەندام بین”. محەمەد ئیلخانی دەشڵێت” پێویست بوو توركمان و كلدان و سریان ئاشوور وەكو نەتەوەیەكی جیاواز بەشداربن لەو لیژنەیەدا، كاتێك فراكسیۆنی سۆشیالیست لەگەڵ فراكسیۆنی پارتی یەكیان گرت، پێنج ئەندامی لیژنەی یاسایی بەر پارتی كەوت و پارتیش كورسییەكی دایە توركمانەكان”. ئەوەشی گوت” لە هەموو قۆناغەكاندا پارتی پشتگیری توركمانەكانی كردووە و ئێشمە سوپاسمان كردوون”. ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەوەشدا ئامانجی ئەوان لە لیژنەی یاسایدا بەرگریكردنە لە توركمانەكان و مافەكانیش لە یاسادا جێگر دەبن. سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی گەشەپێدانی توركمان جەختیكردەوە پێویستە نەتەوە جیاوازەكان دەوریان لە داڕشتنی ئەو یاسایانەدا هەبێت.
سەبارەت بەو پڕۆژەی چاكسازییەی لە خولی رابردوودا حكوومەتی هەرێم ئاڕاستەی پەرلەمانی كوردستانی كردبوو و هەڵوێستی ئێستای توركمانەكان لەسەر پرۆژەكە؟ محەمەد ئیلخانی گوتی: ئەگەر لەسەر هەندێك وردەكاری ناو پڕۆژەكە ناكۆكیمان هەبێت، بەڵام بە شێوازێكی گشتی پاڵپشتی پڕۆژەكەمان كردووە”. دەشڵێت” ئەگەر پڕۆژەكە لە كاتی خۆیدا جێبەجێ بكرایە سوودێكی زۆری بۆ خەڵكی باشووری كوردستان دەبوو”. گوتیشی” ئێستا لە پەرلەمانی كوردستان بێ لە پێكهێنانی حكوومەت و رێكخستنی سیستەمی سیاسی كوردستان و هەمواركردنەوەی یاسایی سەرۆكایەتی هەرێم و دووەم گەورەترین ئەركی گەورەی پەرلەمان ئەنجامدانی چاكسازییە”. ئەوەشی گوت” كاری سەرەكی پەرلەمانی كوردستان لەم خولەدا تێپەڕاندنی پڕۆژەی چاكسازی دەبێت”. سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی گەشەپێدانی توركمان دەڵێ” رەنگە گۆڕانكاری لە پڕۆژەكەدا بكرێت یان ئێمە هەمان پڕۆژە بێنینەوە پەرلەمان یان لەوانەشە بۆ ئەو قۆناغەی ئێستا حكوومەت پڕۆژەیەكی دیكەمان بۆ بنێرێت و گفتوگۆی لەسەر بكەین و بیخەینە دەنگدانەوە، چونكە ئەو كات ئەو پڕۆژەیەمان ئامادەكردبوو بەگوێرەی قۆناغەكە بوو، رەنگە بۆ ئێستا پڕۆژەكە باشتر بكرێت”. محەمەد ئیلخانی دڵنیاییە لەوەی هەموو فراكسیۆنەكان كۆكن لەسەر ئەوەی پڕۆژەیەك بۆ چاكسازی هەبێت.
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی گەشەپێدانی توركمان دەڵێ” لە گفتوكۆكانماندا لەگەڵ پارتی داوامانكردبوو ئەمجارە جیاوازتر لە رابردوو بەشداربن لە پەرلەمان و حكوومەتدا”. دەشڵێت” بەخۆشحاڵییەوە لە یەكەم هەنگاودا پارتی داواكەی ئێمەی پەسەند كردو و پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانمان بەركەوت، ئەمەش هەنگاوێكی باشە”. محەمەد ئیلخانی هەروەها گوتیشی” نەك لە كوردستان بەڵكو لە عێراقیش لە سەرۆكایەتی پەرلەماندا توركمان بوونی هەیە، كەواتە توركمان ئەو ئازادییەی پێدراوە كە رۆڵی خۆی لە دەزگای یاساداناندا هەبێت و مافەكانی خۆی جێگیر بكات، ئەوەش نەك لە هەرێم و بەغدا، بەڵكو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش هەنگاوێكی زۆر باشە”.
محەمەد ئیلخانی پێیوایە مادام توركمانەكان لە سەرۆكایەتی پەرلەمان هەن، پێویستە لە حكوومەتیش هەبن. دەشڵێت” بە وەزارەت بێت یان دەستە پێویستە توركمانەكان بەشداریان لە حكوومەتدا پێ بكرێت و پۆست و پلەیان هەبێت”. سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەكەن توركمانەكان داوای پۆستی باڵا لە سەرۆكایەتی هەرێم دەكەن؟ ناوبراو دەڵێ” پێشنیاری ئەوەمان كردووە سەرۆكی هەرێم بێ لە جێگر دوو یاریدەدەری هەرێم و بدرێت بە پێكهاتە نەتەوەییەكان”. لەبارەی ئەو وەزارەتەی توركمان داوایدەكات؟ ئیلخانی گوتی” تائێستا هیچمان لەسەر وەزارەتەكان نەوتووە، جارێ دەمانەوێت رێكەوتنی سیاسی تەواو ببێت و حیزبە سیاسییەكان بگەنە چارەسەر، دواتر ئێمە داواكاری خۆمان بكەین”. هەروەها گوتیشی” توركمان دەیەوێت قۆناغی داهاتوو قۆناغی سەقامیگری سیاسی بێت و هەموو حیزبە سیاسییەكان بەیەكەوە كاری خۆیان بكەین و یەكێتی ریزە سیاسییە كوردستانییەكان بە كورد و توركمان كلدان سریان و ئاشوورییەكان بەرپا بكرێت ئینجا بیر لەوە بكەینەوە كام پۆست وەربگرین”. سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی گەشەپێدانی توركمانی پێی وایە بە وەرگرتنی پۆستەكان رۆژ بە رۆژ دۆخی توركمانەكان زیاتر پێش دەكەوێت و دەنگەكانیان زیاد دەكەن. دەشڵێت” پارتی و دەسەڵاتی سیاسی كوردستانی چەند مافی زیاتر بداتە پێكهاتەكان متمانەی پێكهاتەكان بە هەرێمەكەیان و دەسەڵاتەكەیان و ئیدارەی كوردی زیاتر دەبێت.









