شاخەوان برایم عەبدوڵڵا
یەكێتی بەهۆی كێشەی ناوخۆی و ململانێی سەركردەكانی، نەیتوانی كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دەستنیشان بكات و خواستی زیاد لە قەبارەی خۆی و رێزنەگرتنیش لە بنەماكانی دیموكراسی لە پرسی پێكهێنانی حكوومەتدا، جارێكی دیكە یەكێتی دووچاری هەڵچوونی سیاسی و میدیایی كردەوە و لە دوای 18ی شوباتیشەوە ماكینەیەكی میدیایی و رێكخستنەكانی ئەو حزبە لە دژی هەرێمی كوردستان و بە دیاریكراویش پارتی دەستی بە جوڵە كردووەتەوە، لە كاتێكدا هاووڵاتییانی كوردستان چاوەڕێی چارەسەری كێشەكانن.
لە رۆژنامەی كوردستانی نوێ، كە زمانحاڵی یەكێتییە بانگەشەگەلێك لە دژی پێگەی هەرێم دەكرێت بەشێوەیەك كە بەغدا و نەیارانی كوردیش هەمان ئەو داوایەی كادیرە میدیاییەكانی یەكێتییان هەیە، بە ئاشكرا كادیرانی ئەو حزبە لە رێگەی میدیای فەرمیی یەكێتییەوە بە خواستی نەیارانی كورد داوای دوو ئیدارەیی دەكەن، لە كاتێكدا ئەوە خودی باڵەكانی ناو یەكێتین نەیانتوانی خۆیان یەكلایی بكەنەوە لە دیاریكردنی كاندیدێك بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان و دابەشكردنی پۆستە بەركەوتەكانی دیكەیان بەسەر باڵەكانیان، كەچی ئەو كێشەیە كراوەتە بیانوو و قووڵیشكراوەتەوە بۆ ناو پرۆسەی سیاسیی كوردستان بە گشتی و بەتایبەتی پارتی پێ تۆمەتبار دەكەن گوایە رێككەوتن ناكات!
لە ژمارەی 7799ی رۆژی دووشەممە 25-2-2019 لە كوردستانی نوێ، كە پێویستە بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە هەڵسوكەوت لە تەك رووداو و پێشهاتە سیاسییەكاندا بكات، وەك چۆن ئێمە لە خەبات هەمیشە ئەو بەرپرسیارێتییە میدیاییەمان پاراستووە، ئەگینا دەتوانین بە زمانی ئەوان و توندتریش وەڵام بدەینەوە! لەو ژمارەیەی كوردستانی نوێ وتارێك بڵاوكراوەتەوە بێ هیچ سڵەمینەوەیەك لە قوربانییەكانی گەلی كورد و خواستی میللەت بۆ هەرێمكی بەهێزی كوردستانی، هانی دوو ئیدارەیی دەدات، بەو ئامانجەی بازاڕیی ئەو بێسەروبەرییەی كە لە سنووری سلێمانیدا لە سایەی گرووپەكاندا دەگوزەرێت، زیاتر گەرم بكەن و بە ئارەزووی خۆیانیش هەرچی بیانەوێت لە پێناو بەرژەوەندیی حزب و گرووپەكانیان بیكەن، تەنانەت ئامادەن ئەو بەشە ئازیزەی كوردستانیش واتە سلێمانی هاوشێوەی كەركووك لە هەرێمی كوردستان دابڕن و بە خۆڕایی پێشكەشی بەغدا و هێزە میلیشیاكانی نزیك لە ئێرانی بكەن.
كوردستانی نوێ، بۆ لێدان لە پارتی و بێبایەخكردنی كەیسی نەوت، كە ئێستا شادەماری پێشكەوتن و ئابووری كوردستانە و هەولێریش قوربانی زۆری لەو بوارە داوە تا بەرژەوەندیی وڵاتانی جیهان و ناوچەیی هێنایە كوردستانەوە، كەچی نووسەری ئەو رۆژنامەیە، بێباك و دوور لە هەرچی بەرپرسیارێتی میدیایی و سیاسی، دەڵێت، هاتین نەوتمان لەگەڵ بەغدا جیاكردەوە و رێككەوتنی پەنجا ساڵەمان لەگەڵ مافیایەكی وەك توركیا بەست!
ئەمجۆرە دەربڕینە وێڕای نابەرپرسیارێتی، هاوكات ئەوپەڕی دووفاقی سیاسییە، هەر دوێنێ بوو، شاگەشكەبوون بەوەی بەرهەم ساڵح سەردانی توركیای كردووە! ئاخر دەبوو كوردستانی نوێ ئەوەشی لە بیر بووایە كە لەسەر خواستی توركیا و بە فەرمانی سەركردەكانی یەكێتی، هەرچی بارەگەی لایەنگرانی تەڤگەری ئازادی هەبوون لە سلێمانی داخران و ئەندامانیان دەستگیركران! ئەگەریش توركیا مافیایە، ئەی خێرە لەسەر داوای ئەو مافیایە بارەگەی هاوپەیمانەكانی زوویان دادەخەن؟ خێرە سەردانی سەركردەكانیان بۆ توركیا وەك دەستكەوت دەزانن و لە هەمان كاتیشدا بۆ لێدان لە پارتی توركیا بە مافیا دەزانن!
ئەو جۆرە بۆچوونە پێش ئەوەی رەخنەگرتن لە توركیا و لە دڵسۆزی بێت بۆ كوردانی باكوور، رقێكی مێژووییە لە پارتی و بەردەوامیشی دەبێت. دەی باسی پەیوەندیی توركیا و پارتی دەكات، بەڵام بە یەك وشەش باسی ئەو پاشكۆیەتییەی یەكێتی بۆ ئێران ناكات، وەك ئەوەی پاسدارانی ئێران هەرگیز بە ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە لە سلێمانی و ناوچە سنوورییەكانیان نەسووڕابنەوە!
پارتی هەرگیز پەیوەندیی نێوان هەولێر و ئەنقەرەی نەشاردووەتەوە، ئەمە جگە لەوەی بە ئاشكرا بووە، هاوكات بەرهەمی ئەو پەیوەندییەش هەر هیچ نەبێت، فرۆشتنی نەوت بووە لە رێگەی توركیا و دابینكردنی پارە بووە بۆ مووچە و بووژانەوەی كوردستان، ئەمە بەلای پارتییەوە گرنگ بووە، چونكە پارتی هەم بژێویی خەڵك و هەمیش سەقامگیریی هەرێمی كوردستانی بەلاوە گرنگە، ئامادەشە لە پێناو بەرژەوەندیی گەلی كورددا درێژە بەو پەیوەندییەی لەگەڵ ئەنقەرە بدات و هاوكات هەمیشە سەركردایەتیی سیاسیی پارتی و هەرێمی كوردستان بە توركیایان گوتووە دەبێ كێشەی كورد بە دیالۆگ چارەسەر بكات نەك ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت كە پارتی لێی نیگەرانە و داوای چارەسەركردنی كێشەی كورد لە باكوور بە رێگەی دیالۆگ دەكات وەكچۆن لە عێراقیشدا هەمان داوای هەیە.
هەرگیز لەوە شوورەیی تر نییە تۆ لە رۆژنامەیەكی كوردی، پڕۆژەیەكی سیاسی و نەتەوەیی و دیموكراسی وەك ریفراندۆمی گەلێكی ستەمدیدە و تینوو بۆ ئازادی و جیابوونەوە لە عێراقێكی ستەمكار، بە سیناریۆ بزانیت! بەڕاستی ئەوەی پڕۆژەیەكی گرنگ و ستراتیژیی وەك ریفراندۆم بە سیناریۆ بزانێت، سڵیش لەوە ناكاتەوە داوای دوو ئیدارەیی بكات! لە كاتێكدا لە دوای ئۆكتۆبەری 2017 ئۆڤەری زۆریان پێشكەشی حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی ئەوكاتی عێراق كرد تاكو سلێمانی بخرێتە ژێر هەیمەنەی بەغدا دروستتر ئێران، بەڵام عەبادی بەو لووتبەرزی و توندڕەوییەی خۆیەوە، دركی بەوە كرد كە ئەوەی بڕیار لەسەر كوردستان دەدات، پارتییە نەك یەكێتی! بۆیەش هەرێمی كوردستان مایەوە و ئێستاش هەڤاڵانی یەكێتی بەردەوامن لە داواكردنەوەی كەركووك و حەشدیش پێكەنینی بەو داوایە دێت! ئاخر ئەوان كەركووكییان بە ئاسانی چنگ كەوت و هەرگیز بەو ئاسانییەش نایدەنەوە، ئەمە واقیعە نەك وەهم! ئێستاش كە پارتی باسی كەركووك دەكات دەزانێت باس لە كێشەیەكی گەورە و ستراتیژیی دەكات، نەك بەو شێوەیەی هەڤاڵانی یەكێتی بە سادەیی لەو پرسە هەستیارە گەیشتوون، بە تایبەتی دوای پێشكەشكردنی شارەكە بە حەشد و میلیشیاكان كێشەكە یەكجار گەورەتر بووە.
خەونی ئەو هەڤاڵەی یەكێتی و هاوبیرەكانی بۆ دوو ئیدارەیی، هەمووی لە ناردنی پارە لە بەغداوە چڕبووەتەوە، دەی ئەمەش یەكێكی دیكەیە لەو بۆچوونە نەرێنییانەی كە پێویستە بە ئەنتی ڤایرۆس سڕ بكرێت، لەبەر ئەوەی كێشەی كورد لەگەڵ بەغدا، نەتەوەیی و سیاسییە، داواكردنی خاك و ئازادییە، نەك بە تەنیا پارە بێت! دروستە پارە گرنگە، بەڵام مادام ئێمە هێشتا لە تەك عێراقدا ماوینەتەوە، ناردنی شایستەی دارایی مافی خۆمانە و كەس خێرمان پێ ناكات. بەڵام كارەساتەكە ئەوەیە ئەگەر ئێمە خۆمان ئەو ئیدارە كوردییەی هەمانە، لەپێناوی پارەدا هەڵوەشاندەوە، ئەوكات شەرمەزارییەكی مێژوویی دەبێت، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی ئەو شەرمەزارییە بە گرنگ دەزانن!
لەو هەڤاڵانەی یەكێتی دەپرسم، ئەوانەی هانی یەكێتی دەدەن بۆ دوو ئیدارەیی و دابڕینی سلێمانی لە هەولێر، چۆن وەڵامی كەسوكاری شەهیدان دەدەنەوە؟ بۆ نموونە، چۆن رووتان دێت سەیری گۆڕی شەهید سەربەستەكان و شەهید شێركۆكان بكەن؟ كە لە پێناو خاكی كوردستاندا خوێنیان تێكەڵ بە خاكی كوردستان بوو! ئێستا كە ناوی ئەو شەهیدانە دەهێنم، پەنجەكانم لەسەر كیبۆرد دەلەرزن، چونكە شەهیدان بۆ ئازادی، سەربەخۆیی كوردستان، خوێنی خۆیان بەخشی و منداڵەكانیان ئەمانەتی ئێمەن، كە لە دوای ئەواندا لە ژیاندا ماوینەتەوە!
هەموو هەوڵێكی هەرێمی كوردستان ئەوەیە هەولێر و سلێمانی، دهۆك و سلێمانی یەكهێز بن بۆ بەگژداچوونەوەی هەر ئەگەرێك، بەڵام ئەوەتا ئەو هەڤاڵای یەكێتی، تەنیا لەبەر ئەوەی لە ناو خۆیاندا لەسەر كاندیدێك رێكنەكەوتوون، حەز بە دوو ئیدارەیی دەكەن، لە كاتێكدا عێراق ئەگەر بۆی بچێتە سەر، پارەش بۆ ئەوە خەرج دەكات، كەچی عێراق بەو هەموو ستەمكارییەی خۆیەوە، لەو راستییە گەیشتووە ئەوە زەحمەتە، بەڵام ئەو گرووپە كوردییە لە پێناو ئەو خواستەی بەغدا و تاران بانگەشەی دوو ئیدارەیی و پارچە پارچەكردنی هەرێم دەكەن، وەك دوو یەكەی بچووك و لە ژێر هەیمەنەی بەغدا بێت، ئەوە شوورەیی سیاسی و میدیاییە و پێویستە بە توندی وەڵامی ئەو گوتارە بدرێتەوە كە هانی دوو ئیدارەیی دەدات بە مەبەستی بچووككردنەوەی پێگەی هەرێمی كوردستان.









