سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، کە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باکوور بێ ئەنجام بوون و وەزیری دەرەوە بەردەوام دەبێت.
کاتژمێر 10ـی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 28-2-2019، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پرێس کۆنفرانسێکدا لە هانۆی پایتەختی ڤێتنام، رایگەیاند، کە مایک پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی لە کۆبووەنەوەکان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆریای باکوور، بەردەوام دەبێت.
دۆناڵد ترەمپ هەروەها رایگەیاند، کە بەبێ هیچ توڕەبوون و هەڵچوونێک، بە تەوقەیەکەوە، کۆتایی بە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ کیم جۆنگ ئونی سەرۆکی کۆریای باکوور هێنا، چونە نەگەیشتنە هیچ رێککەوتنێک.
بڕیار بوو کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ (بە کاتی هەولێر)، دۆناڵد ترەمپ و کیم جۆنگ ئون پرێس کۆنفرانسێکی هاوبەش ئەنجام بدەن، بەڵام بەهۆی کۆتایی هێنان بە کۆبوونەوەکان بەر لە وادەی خۆی، ترەمپ پرێس کۆنفرانسەکەی دوو کاتژمێر پێش خست و بە تەنیا ئەنجامی دا.
رۆژی چوارشەممە 27-2-2019، کۆبوونەوەی دووەمی کیم جۆنگ ئون و دۆناڵد ترەمپ لە هانۆی دەستی پێ کرد و بڕیار بوو ئەمڕۆ پێنجشەممەش بەردەوام بێت.
پێشتر لە رۆژی 12-6-2018 بۆ یەکەم جار، کیم جۆنگ ئونی سەرۆکی کۆریای باکوور و دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە سەنگافورە کۆبوونەوە و رێککەوتنێکیان واژۆ کرد.
گرنگترین خاڵی رێککەوتنەکە، بەڵێنی کیم جۆنگ ئون بوو بە داماڵینی وڵاتەکەی لە چەکی ناوکی و راگرتنی هەموو بەرنامە و تاقیکردنەوە ناوکییەکان.









