ئامادەكردنی: خسرۆ ئیسماعیل
ئەكادیمیای كوردی لە درێژەی كاروچالاكییەكانی رۆژی دووشەممە 11/2/2019، كاتژمێر (4)ی ئێوارە لەناو تەلاری ئێوارە كۆڕێكی بۆ بەڕێز سەرۆكی ئەكادیمیای كوردی (پ.د.عەبدولفەتاح عەلی بۆتانی) بۆ پێشكەشكردنی باسێك لەژێر ناونیشانی ” شاكر خەسباك و كورد، كورد و شاكر خەسباك” ڕێكخست كۆڕەكە بەئامادەبوونی بەشێك لە مامۆستایانی زانكۆ و نووسەر و میدیاكاران بەڕێوەچوو. لە دەسپێكی سیمینارەكەدا پ.ی.م.ڕێبوار سیوەیلی سكرتێری ئەكادیمیای كوردی وتەیەكی پێشەكەش كرد و گوتی: كۆڕی ئەمڕۆمان تایبەتە بە نووسەرێكی غەیرە كورد ئەویش پرۆفیسۆر (شاكر خەسباك) كە بەكارەكانی خۆشەویستە لەلای كورد. وتیشی: شاكر خەسباك نموونەی ویژدانی ئەویترە كە لەسەر ئێمە قسەی كردووە، نموونەی ویژدانێكی زیندووە كەلەسەر دەمێكدا باس لە ئازادی و سەربەخۆیی كورد دەكا شەپۆلی شۆفینزم سیاستەكانی تواندنەوەی كوردی پەیڕەوكراوە. سیوەیلی زیاتر وتی: گەورەیی نووسەر لەوەدایە بتوانێ خۆی لە فكر و بیركردنەوەی باو و زال رزگار بكات و وەكو تاكە كەسێك گوزارشت لە ڕاستەقینەیەك بكات، كە خۆی بڕوای پێی هەیەو دەشتوانی بەشیوەیەكی زانستییانە نەك لایەنی سۆزداری بەگەڕانەوە بۆ بەڵگەی مێژوویی كە ئەمەش كارێكە لەسەر هەردوو بەرهەمە گەورەكەی لەسەر كورد جێبەجێیكردوون. سكرتێری ئەكادیمیای كوردی بەردەوامبوو وتی: كەسانێك كە ئەو بەرهەمانە دەخوێننەوە لەڕاستی تووشی شۆك دەبن كە چۆن نووسەرێك خەڵكی (حیلە) لە دەیەی پەنجاكان بەم شێوازە دڵسۆزانە و بەو دیقەتە زانستی و بەو ئاگایی و وشیارییە مێژووییەی لەسەر كێشەكانی كورد بنوسێ لە كۆتاییدا ڕێبوار سیوەیلی وتی: بۆیە ئەمرۆ ئەكادیمیای كوردی وەك وەفاییەك ئەم بۆنەیەی تەرخانكردووە بۆ شاكر خەسباك كە لە ڕۆژگاریكدا پێویستی بە بوێریەكی زۆر بوو كە بتوانرێ باس لە كێشەكانی كورد بكرێ كە ئەو لەو ڕۆژگارەدا كردی. هۆكاری ئەم سیمینارە؟ دواتر دكتۆرعەبدولفەتاح عەلی بۆتانی باسەكە خۆی پێشكەكرد و سەرەتا باسی لە هۆكارەكانی دەستنیشانكردنی ئەم سیمینارەی كرد و سێ هۆكاری بۆ ئامادەبووان دەستنیشانكرد و وتی: یەكەم وەكو وەفاییەك بۆ ئەو زانا عەرەبە كە خۆی و هاوژینەكەی كوردیان خۆشدەویست مەبەستیان بوو كوردیش بگاتە مافەكانی خۆی لەسەر ئەو بیرو باوەڕەشی لەسەر كورد هەیبوو باجی خۆی دا بەرانبەر دەسەلات بۆ ماوەی 25 ساڵ دەربەدەر. دووەم هۆكاریش كاتێك شاكر خەسباك لە 25 مانگی 11 ساڵی 2018 كۆچی دوایی كرد زۆربەی رۆژنامەكان لەسەریان نووسی و باسیان كرد، تێبینیم كرد باسی هەموو كتێبەكانیان كرد بەلام باسی كتێبەكیان نەكرد ئەویش كتێبی (ژكریات ادبیە) كە هەر خۆی ئەو كتێبەی بۆم ناردبوو ساڵی 1996زۆر بۆ ئەدیبەكان باشە باسی هەموو ئەدیبەكانی مصر و عێراق و سوریا دەكات كە پەیوەندی لەگەڵیان هەبووە هەرچەندە ناونیشانەكەی بەناوی( زكریات ادبیە) بەڵام لە ناونیشانەكەی دەردەچی پارچەیەك تەرخان دەكات بۆ باسی كورد بەناونیشانی (حكایتی مع الاكراد). سێیەم هۆكار: پەیوەندی نێوان من و شاكر خەسباك، هەرچەندە من شاكر خەسباكم نەبینیووە لە نزیك و لە دوورەوە ئێمە یەكترمان دەناسی تەنیا لەسەر كاغەز ئەویش كاتێك نامەكانی بۆ من دەنارد لە سنعاوە، لەوانە من یەكەم كەس بم لەسەر شاكر خەسباكم نووسی بێت كە لەساڵی 1997 توێژینەوەیەكی دورودرێژم لەسەری نووسی بە عەرەبی دواتریش دوو وتاریشم لە سەر نووسی لە گۆڤاری (صوت الاخر). د. بۆتانی زیاتر وتی: بە لای من كیشەی كورد بەس لەگەڵ حكومەتەكان نیە بەڵكو لەگەل میلەتی عەرەب و تورك و فارسە چونكە هەركەسێك بە ئینسافەوە و هاوسۆزبێت لەگەل كێشەكانی كورد ئەوە ئەو نەتەوانە بە مرۆڤ و كەسێكی خیانەتكار لە قەلەمی دەدەن شاكر خەسباكیش یەكێك بوو لەوانە كە پێیان دەگووت ئەتوو خزمەتی كورد دەكەی و خزمەتی قەومەكەی خۆت ناكەی وەلامی ئەویش ئەوە بوو دەیگوت: ئەوانەنەزانن بە پێچەوانەوە نووسیەكانی من زیاتر خزمەت بە عەرەب دەكات نەك میلەتی كورد بەلام ئەوان تێناگەن هەروەها د.بۆتانی گوتی: ئەو قسەیەی دەكرێ لەسەر برایەتی كورد و عەرەب و كورد و تورك و كورد و فارس تەنیا كورد باجەكەی دەدات بۆ شاكر خەسباكم خۆش دەوێ؟ پاشان د. عەبدولفەتاح بۆتانی باسی لەوە كرد بۆ شاكر خەسباكی خۆش دەوەێ و وتی: زۆر گرینگە پرۆفیسۆرێك لە بەغدا بژی و وەك زانایەك لایەنگری كورد بێت چونكە زانا جیاوازی هەیە لەگەڵ سیاسی كەلایەنگیرت بێت هەرچی سیاسیەكەیە بەرژەوەندی خۆی هەیە بەلام زانایەكی عەرەب یان زانایەكی تورك وەكو ئیسماعیل بێشكچی بەرگریت لی بكات ئەوە گەلەك جیاوازی هەیە لەگەڵ سیاسیەكی خاوەن بەرژەوەندی لەبەر هەندێ شاكر خەسباك نابێ لەبیر بكریت و بەردەوام یادی بكەین، چونكە بەداخەوە كەم لە رۆشنبیرانی تورك و عەرەب و فارس لاینگری دۆزی كوردە دەتوانین بلێین لە دەستەكانی پەنجەمان تیپەر ناكەن. چۆن شاكر خەسباكم ناسی دواتر كۆڕگێر هاتە سەر باسی چۆنیەتی ناسینی لەگەڵ شاكر خەسباك وتی: ساڵی 1973 كتێبەكی دەرچوو بەناوی(الاكراد دراسە جغرافیە اپنوغرافیە) ئەو كاتیش ئێمە لە بەغدا قوتابی بووین زۆر كتێبمان دەخوێندەوە ئەوكاتیش ئەو كتێبەم هەموو خوێندەوە بینم زانیارییەكانی زۆر ورد و دەقیق نەبوون لەسەر شەبەك ئەمنیش هەستام وتارێكم لەسەر ئەو كتێبە نووسی بەناوی (الشبك فی كتاب الالكراد الدكتور شاكر خصباك) و بڵاوبۆیەوە لە رۆژنامەی (التاخی) لە 10/5/1973 كە هەندێك زانیارییم بۆ ڕاستكردەوە كە یەكەمجارم بوو ڕەخنە لەسەر كەسیك بنووسم ئەویش شاكر خەسباك بوو، دواتریش لەلایەن قوتابیەكانی بەشی جوگرافیا زانم شاكر خەسباك پێی خۆش بوو كە ئەو رەخنەم نووسیە وتبووی حەز دەكەم بیناسم كاتیك خەبەر گەیشتە من چووەمە بەشی جوگرافیای كۆلێژی ئاداب و دوو جار چوومە بەر دەرگای ئەو ژووەی شاكر خەسباك لێ دانیشتبوو جورئەتم نەبوو بچمە ژوورەوە كە تا ئێستاش نەچوومە ژوورێ پاشان كتێبەكی دەرچوو بەناوی (العراق الشمالی) سوودی لەو زانیارییەی من كرد بوو لەسەر شەبەك و داخیلی كتیبەكەی كرد بوو. شاكر خەسباك چۆن كوردی ناسی؟ دكتۆر بۆتانی لەكۆڕەكەی بەردەوامبوو لەسەر زانیارییە نوێیەكانی لەسەر شاكر خەسباك و وتی: لە كتێبی(زكریات ادبیە) دەڵێ من هیچم لەسەر كورد نەدەزانی وشەی كوردیشم گوێ لێ نەبوو، دەڵێ بەڵام كاتێك منداڵ بووم لە حلەی سەیارەی عەسكریم دەدیت ڕاوەستاوە پرسیارم لێ دەكردن ئەوە چیە ئەویش دەیگوت دەچین ڕێگری لە جولانەوەی بزووتنەوەكانی شیمال دەكەین ئەو كات بۆم بەدەركەوت نەتەوەیەكی تر هەیە لە عێراق. سەرۆكی ئەكادیمیا بەردەوام لە زانیارییەكانی وتی: لە ساڵی 1953 دكتۆر(صلاح خالص) گۆڤارێكی رۆشنبیری دەردەكات بەناوی (الپقافە الجدیدە) پەیوەندی بە شاكر خەسباك دەكات و دەڵێ حەز دەكەم لەگەڵ من ئیش بكەی ئەویش ڕازی بوو. شاكر خەسباك دەڵێ هەرچەندە نەمزانی ئەو گۆڤارە هی شوعییەكانە بەڵام یەكەم چیرۆكم لێ نووسی بە ناوی (ئامینە) باسی كچە كوردێكە غولامی دەكات لە ماڵە دەوڵەمەندێكی بەغدایی عەرەب، ویستم لە چیرۆكی ئامینەوە باسی ئیش و ئازارەكانی كورد بە خەلەك پیشان بدەم بەڵام شاكر خەسباك دەڵێ كاتێك ئەو چیرۆكەم نووسی و بڵاوبۆیەوە تووشی شۆك بووم، بە دەیان نامە بۆ گۆڤاركە هات لەلایەن گەنج و لاوانی كورد ناڕەزاییان دەربڕی گوتیان ئەوە سوكایەتییە بە كورد دەكرێ كە لێكدانەوەیەكی خراپیان بۆ ئەم چیرۆكە كرد، شاكر خەسباك دەڵێ لێرەوە زانیم ئێمە هیچ شتێك دەربارەی ئەو میلەتە نازانین و پەیمانم بەخۆمدا ئەو بۆشاییە پڕبكەمەوە بۆیە هەر لەیەكەم دەرەفەت كە لە گۆڤاری (الپقافە الجدیدە) بۆم هات داویان كرد هەندێك لە چیرۆكەكانی ئنتۆن چیخوڤ وەربگێڕم ئەویش لە ساڵی 1953 و 1954 وەڕیگڕانو بڵاویكردەوە دواتریش حكومەت گۆڤارەكەی داخست ئەویش هەڵات بۆ بەریتانیا دەربازی بوو ، لەوێش راستەوخۆ قبول كرا لە دكتۆرا ئەوە قسەكەی خۆی گەیاندە جێ كە گوتی لەیەكەم دەرفەت ئەو بۆشایە بەرانبەر كورد پڕدەكەمەوە ئەوەبوو دكتۆراكەی لەسەر كوردی سلیمانی وەرگرت. بۆچی عەرەبەكان ڕەخنەیان لە شاكر خەسباك دەگرت؟ دكتۆر بۆتانی زیاتر وتی: بۆیە رەخنەیان لە شاكر خەسباك دەگرت لە هەموو كتیبەكانی دەڵێ كورد لە عێراق %25 ە و كەركوكی بە شارێكی كوردان ناوناوە دەڵێ كەركوك لە 52?5% كوردە موسل 35% لە عێراقیش 25% ە وە عێراق بەس وڵاتی عەرەبەكان نیە بەڵكو وڵاتی كورد و عەرەبە، بەڵام ئەوە وڵاتانی داگیركەر كوردیان بێ بەش كردووە لەم مافە و مامەلەی خراپیان لەگەڵ دەكەن. ئەویش لەبەرانبەر ئەو رەخنانە دەیگوت ئەوانە هەموویان نەزانن و تێناگەن ئەو كتێبانەی لەسەر كوردم نووسیەوە زیاتر لە خزمەتی عەرەبانە نە لە خزمەتی كورد، چونكە ئێمە كورد ناناسین وا تێگەیشتووین زمانی كوردیش زاراوەیەكی وەكو موسل و بەغدا و تكریتە، نەمان دەزانی كوردیش زمانی خۆی هەیە بۆیە بەردەوام پێی دەگووتن ئێوە هیج زانیاریتان نیە لەسەر كورد. دوا رۆژی میلەتی كورد چۆنە؟ دكتۆر بۆتانی هەروها وتی: لەكاتی نامە گۆڕینەوەكان لە 15-7-1996 چەند پرسیارەكەم لێكرد لەبارەی دوا رۆژی میلەتی كورد و ڕەگەزی خۆی و هاوژینەكەی ئەوگوتی لە ئێستادا باشترین چارسەر بۆ كیشەی كورد حكم زاتیی راستەقینەیە بەبێ ڕژێمی سەدام بەڵام بە گۆڕانی گەشەكردن و باردۆخی نێودەولەتی لەوانەیە ئەو چارەسەرەش بۆ كێشەی كورد بگۆڕیت، لەبارەی ئەصلی خۆی و خێزانەكەشی گوتی من عەرەبم خەلكی حلەمە و خیزانەكەشم عەرەبەو دۆستی نازك تۆفیق و پەروینی خوشكی هۆشیار جودت و ئەحمەد زرنگ بووە . گلییەكانی شاكر خەسباك لە كورد: لەبارەی گلیەكانی شاكرد خەسباك لە كورد دكتۆر بۆتانی وتی: شاكر خەسباك گلییەكی زۆری هەبوو لە كورد كە دەیگوت بەداخەوە لاوانی كورد بابەتەكانی منیان نەخویندیتەوە تەنیا مامۆستا و رۆشنبیران نەبێت، كە من یەكەم كەسبووم لە ساڵی 1959 داوای حكومی زاتیم بۆ كورد كرد لە عێراق و هەروەها یەكەم كەسی عەرەب بووم تویژینەوەی زانستیم لەسەركورد هەبێت بەلام بەداخەوە هەتا ئێستاش كەس لە كوردستان داوەتی نەكردووم دواشی كردووە كتێبەكانی چاپ بكرێت بەتایەبتی كتێبەكانی لەسەر كورد، وە دكتۆر بۆتانی وتی: لەساڵی 1997 داوام لە وەزارەتی رۆشنبیری كرد كە میوانداری كوردستانی بكەن بەڵام بەداخەوە وەزارەتی رۆشنبیری دەعوەتی كوردستانی كرد. ئێمە چیمان كردووە بۆ شاكر خەسباك؟ لە كۆتایی كۆڕەكەدا دكتۆر بۆتانی وتی: بەداخەوە دوای ئەوەی شاكر خەسباك ئەو هەموو شەڕەی لە بڕی ئێمە كردووە دەرەبەدەر بووە و لە زانكۆ دەركراوە كە هیچ جارێك بە خراپە باسی كوردی نەركردووە لێرەهیچی بۆ نەكراوە هەتا چلەشی بۆ نەكرا گوتیان لە سلیمانی بۆیان كردبوو 30 كەس ئامادەبوون. بۆیە وەكو وەفایەك ئێستاش دەتوانیین شتەكی بۆ بكەین مووچەیەكی خانەنیشی بۆ تەرخان بكرێ بۆ بنەماڵەكەی خراپ نیە یان كتێبەكانی دووبارە چاپ بكرێتەوە بەتایبەتی ئەوانەی لەسەر كوردی نووسییەوە كە چوار كتێبە یاخود بەشی جوگرافیاش بتوانێ مادەكی لە جوگرافیای شاكر خەسباك داخیلی مەنهەجەكەیان بكەن ببیتە وانەیەكی زانكۆ، چونكە ئێمە هەرچەندە باسی میلەتی خۆمان بكەین شتێكی ئاسایە چونكە ئیمە كوردین بەڵام ئەگەر عەرەبەك یا توركەك یا فارسێك وەكو ئێمە بكە ئەوە حەقی پەیكەرێكی هەیە بەلایەنی كەمەوە لە كۆلێژی ئاداب لە نزیكی بەشی جوگرافیا وەلە هەموویان ئاسانتر كە هیچ تەكلیفی تیناچێ ئەگەر هۆلێك یان شەقامێكی بەناو بكەین.









