سەرۆك بارزانی پێشوازی لە جێگری سەرۆكوەزیرانی بەلجیكا كرد و لە دیدارەکەدا جێگری سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا رایگەیاند کە بەلجیكا و یەكێتیی ئەورووپا وەك هاوبەشی هەرێمی كوردستان دەمێننەوە و پابەند دەبن بەو هاوبەشیە.
ڕۆژی سێشەممە 19ـی 2ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە ئەلێكساندەر دیكرۆ جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیری دارایی بەلجیكا و كریستۆس سپێڵانز كۆمسیاری یەكێتیی ئەوروپا بۆ هاوكارییە مرۆییەكان كرد.
لە دیدارەكەدا جێگری سەرۆكوەزیرانی بەلجیكا پێزانینی بۆ ڕۆڵی سەرۆك
بارزانی و هەرێمی كوردستان لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و دروستكردنی
سەقامگیری لە ناوچەكەدا هەبوو و ڕایشیگەیاند كە هاتنییان دووپاتكردنەوەی
ئەو پەیامەیە كە یەكێتیی ئەورووپا و بەلجیكا پشتگیریی ئەو هەوڵانە دەكەن كە
لە كوردستان و عێراق بۆ پێشكەوتن و بەدیهاتنی سەقامگیری و
ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ئارادایە. ئەوەیشی خستەڕوو كە لەم ڕووەوە هێشتا
كاری زۆر ماوە كە پێویستە ئەنجام بدرێن، بۆیەشە بەلجیكا و یەكێتیی ئەوروپا
وەك هاوبەشی هەرێمی كوردستان دەمێننەوە و پابەند دەبن بەو هاوبەشیە. سوپاسی
دامودەزگای هەرێمی كوردستانیشی كرد كە لە كاتی قەیران و تەحەددیاتەكاندا
هاوكاری یەكێتیی ئەوروپا وجیهان بوونە بە تایبەت لە پرسی تیرۆر و
هاوكاریكردنی ئاوارە و پەنابەران.
پەیوەست بە بارودۆخی هەرێمی كوردستان جێگری سەرۆك وەزیرانی بەلجیكا،
پیرۆزبایی لە سەرۆك بارزانی كرد بە بۆنەی هەڵبژاردنی سەرۆكی پارلەمانی
كوردستان و ئەوەی بە هەنگاوێكی ئیجابی لە پێشڤەچوونی پڕۆسەی سیاسیی هەرێم
لە قەڵەمدا. شاندی میوان تەئكیدی لەوەیش كردەوە كە سەقامگیری و
خۆشگوزەرانیی عێراق و كوردستان بۆ یەكێتیی ئەوروپا بایەخێكی تایبەتی خۆی
هەیە.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سوپاسی بەلجیكا و یەكێتیی ئەوروپا و وڵاتانی
ئەندام لە هاوپەیمانێتیی دژی داعشی كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش
پشتیوانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوونە و وێڕای جەختكردنەوە لەوەی كە ئەو
هاوكارییە ئەنجامی باشی هەبووە، ئەوەیشی دووپاتكردەوە كە فەرهەنگی گەلی
كوردستان ڕێگە بەوە نادات تیرۆریستان پێگەیان لە كوردستان هەبێت و
سووربوونی كوردستانیشی لە دژایەتیكردنی تیرۆریستان بە شاندی میوان
ڕاگەیاند.
لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی هەرێمیش سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە گرنگیی و
مێژووییبوونی هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و هەڵبژاردنی
پارلەمانی كوردستان، هەڵبژاردنی یەكەم ئافرەت بە سەرۆكی پارلەمان و هەروەها
جێگرێكی ئافرەت بۆ سەرۆكایەتیی پارلەمانی كوردستان بە ئاماژەیەكی زۆر باش
زانی لە گەشەسەندنی سیاسی و پێشڤەچوونی كولتووری سیاسیی لە هەرێمی
كوردستان.
لە بەشێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیەدا هەڕەشەكانی هزری تیرۆر و توندڕۆیی
لەسەر ئاساییشی ناوچەكە و جیهان تاوتوێ كرا و هەردوو لا لەسەر ئەوە هاوڕا
بوون كە بۆ ڕیشەكێشكردنی تیرۆر جگە لە شەڕی سەربازی پێویستە شەڕی
ئایدیۆلۆژییای تیرۆریش بكرێت.
بارودۆخی سووریا و هەروەها پارێزگای نەینەوا و شاری موسڵ و گەڕانەوەی
ئاوارەكان تەوەری تری ئەو دیدارە بوون و لەبارەی بارودۆخی سووریا سەرۆك
بارزانی نیگەرانییەكانی خۆی سەبارەت بە ئاییندەی كورد لە سووریا بە شاندی
میوان ڕاگەیاند و جەختیشی لەوە كردەوە كە پێشهاتە سیاسی و مەیدانییەكانی
سووریا نەبێتە هۆی ئەوەی زیانی زیاتر بە خەڵكی سووریا و گەلی كورد لە
سووریا بكەوێت.









