مەسروور بارزانی پێشوازیی لە جێگری سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا و شاندی یاوەری کرد و لە دیدارەکەدا جێگری سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا پێزانینی هەبوو بەرامبەر قوربانییەکانەکانی هێزی پێشمەرگە و تیشکی خستە سەر ئامانجی سەردانەکەی، کە هاوکاری کردنی هەرێمی کوردستان و عێراقە و رایگەیاند، بۆ ئەوە لێرەن تا هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخ و پێویستییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بکەن.
ئەمرۆ سێشەممە ١٩-٢-٢٠١٩ مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی
هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە ئەلێکسەندەر دی کرو، جێگری سەرۆکوەزیرانی
بەلجیکا و کریستۆس ستایلینادیس کۆمیساری یەکێتی ئەوڕوپا بۆ یارمەتی مرۆیی و
بەڕێوەبردنی تەنگژەکان و شاندی یاوەری کرد.
لە دیدارێکدا، وێڕای تاوتوێکردنی پەرەسەندن و پێشهاتەکان و کاریگەری شەڕی
تیرۆریستان لە ناوچەکە، پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵیەکان و دەرفەتی
بازرگانی و وەبەرهێنان لەنێوان هەردوولا و یارمەتی مرۆیی و هەماهەنگی
یەکێتی ئەوڕووپا خرایە بەرباس.
مەسروور بارزانی سوپاسی گەل و حکوومەتی بەلجیکای کرد لەبەرامبەر
هاوکارییەکانیان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆریستاندا و ئاواتی خواست
کە ھاوکارییەکانی بەلجیکا و یەکێتی ئەوروپا بۆ ئاوەدانکردنەوە لە
ناوچەکەدا و یارمەتیدانی ئاوارە و پەنابەران لە ھەرێمی کوردستاندا فراوانتر
بکرێت و زەمینەیەکی لە بار بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی ناوخۆی عێراق بۆ زێدی
خۆیان برەخسێندرێت.
لەلای خۆیەوە جێگری سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا پێزانینی هەبوو بەرامبەر
قوربانییەکانەکانی هێزی پێشمەرگە و تیشکی خستە سەر ئامانجی سەردانەکەی، کە
هاوکاری کردنی هەرێمی کوردستان و عێراقە و رایگەیاند، بۆ ئەوە لێرەن تا
هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخ و پێویستییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بکەن ،
هاوکات ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە بوارە
جیاجیاکاندا دەربڕی.
لەلای خۆیەوە کۆمیساری یەکێتی ئەوڕووپا بۆ یارمەتی مرۆیی و بەڕێوەبردنی
تەنگژەکان ئاماژەی بە رۆڵی هەرێمی کوردستاندا لە داڵدەدانی ئەو ژمارە زۆرەی
ئاوارە و پەنابەران و ئامادەیی یەکێتی ئەوڕووپای لە زیاترکردنی یارمەتییە
مرۆییەکان و هەماهەنگی لە گشت بوارەکان نیشاندا.









