دیندار كۆچەر –هۆڵەندا
دەمەوێت لە یادی پڕشكۆ و سەروەری هەردوو ڕێكخراوی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان و یەكێتیی لاوانی كوردستان و تێپەڕاندنی 66 ساڵ لە خەبات و قوربانیدان لە پێناو ئامانجی یەكخستنی هێز و توانای گەنج ولاوان و نەوجوانان بۆ پشتگیریكردن لە دۆزی ڕەوای میللەتەكەمان و لەو پێناوەشدا لە قۆناغە جیاجیاكانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەیماندا ڕۆڵی گرنگیان بینیوە و بەشداربوون لە شاخ و شار بە ئەمڕۆشەوە لە ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدانی زانست و ڕۆشنبیری بۆ كوردستانێكی بەهێز.
بەندەش وەك دەروێشێكی هەمان ڕێباز و قوتابخانەی كوردایەتی كە لەسەر بنەمای ڕێنماییەكانی باوكی رۆحی كورد مستەفا بارزانیی نەمر هاتە دامەزراندن، هەنگاوم بڕی لە تاراوگەوە بۆ فێربوونم لە هەمان قوتابخانە بۆ زیاتر خزمەتكردنی دۆزی ڕەوای گەلی كورد بەشێوازێكی ڕێكخستن و سەركەوتووانە كە دەنگ و پەیامی گەلەكەمان بێت لە تاراوگە .
جێگایی خۆیەتی كە شانازی بكەم بۆ ماوەی چەند ساڵێك بەرپرسی ئەم ڕێكخراوە بووم لە هۆڵەندا و دەستكەوتی گەورەمان بەدەستهێنا لەگەڵ هەڤاڵانم كە ماندوونەناسانە كاریان دەكرد و ئێستا كارگێڕی لیژنەی ناوچەی هۆڵەندای پارتی دیموكراتی كوردستان بەرپرسی ڕاگەیاندنم .
پێم خۆشە ئاماژەیەك بۆ ئێستای قوتابیانی تاراوگە بكەم كە دەبوایە بەپێی گۆڕینی هەلومەرجەكان سەركردایەتیی پارتی پڕۆژەی پڕ لە چالاكی و نوێبوونەوەی هەبوایە بۆیان، بەداخەوە ئەم تێروانینەم نەدیوە لە خاڵیكی چەقبەستودایە، بۆیە داوا لە سەركردایەتی و جەنابی سەرۆك بارزانی دەكەم كە پرۆژەی تایبەتیان هەبێت بۆ لاوانی كورد لە تاراوگە كە بەسەرمایەكی گەورە هەژمار دەكرێن بۆ ئایندەی كوردستان، چونكە چەند نەوەیەكی نوێ لێرە لە دایك بوون و كەم ئەزموونن بەرامبەر مێژووی گەلەكەیان، دەكرێ هەستی نەتەوایەتی و ئینتیمابوون بۆ خاك و نەتەوە بە پرۆژەی گرنگ لە دڵ و دەروونیاندا بچەسپێنرێت نەك بە سیاسەتی كلاسیكی كە ئەوان تێناگەن و حەز بە خزمەتكردن دەكەن لەو كاروانە پڕ شكۆیەی كە هەموومان سەربەرزین پێیان لە 66 ساڵی خەبات و قوربانیداندا.









