خەبات: ڕۆشنا عەلی
سیستەمی وەرگرتنی قوتابیان ئەمساڵ نیگەرانی لای خوازیارانی خوێندن لە زانكۆو پەیمانگا حكومییەكان دروستكرد، بە جۆرێك زیاتر لە 25000 قوتابی بێ ناو ناونیشان ماونەتەوە و ئەوەشی وەرگیراوە نیگەران و ناڕازییە لەوەرگرتنی لەو شوێنەی بۆی هاتۆتەوە بە بەراورد بە كۆنمرەكەی ، جگە لەوەی بڕیاری جیاوازیكردنی قوتابیان لەنێوان خولی یەكەم و خولی دووەم بەشێكی دیكەی نیگەرانییەكان بوو، بڕیارێك وەك ئەوەی سكرتێری یەكێتی قوتابیان ئاماژەی پێدەدات بڕیارێكی نەگونجاو لەكاتێكی نەگونجاو درا ، مامۆستایەكی ئامادەییش ئاماژە بەوەدەدات كە جیاوازیكردن لە نێوان قوتابی لە خولی یەكەم و دووەم تاڕادەیەك بڕیارێكی گونجاوە هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگێرێتەوە ئەو قوتابیانەی كە بە خوولی یەكەم دەردەچن زیرەكترن لەو قوتابیانەی لە خوولی دووەم دەردەچن ، لاپەڕەی پەروەردە بەدواداچونێكی ڕۆژنامەوانی لەسەر ئەم بابەتە ئامادەكردووە.
قوتابیان لە نێوان دوو وەزارەتدا
وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاری تەرخانكردنی %70 ی كورسییەكانی خوێندنی بۆ خولی یەكەم و%30 بۆخولی دووەم دا دوای كۆتاییهاتنی تاقیكردنەوەكانی خولی یەكەم ، بەمەش قوتابیانی خولی دووەمی توشی نائومێدی شۆك كرد، ئەم بڕیارە لە كاتێكدا بوو كە بەپێی قسەی وتە بێژەكەی وەزارەتی پەروەردە ئەوان بەڕەسمی هیچ نوسراو ئاگاداركردنەوەیەكیان بەدەست نەگەشتووە ، لەمبارەیەوە سامان سیوەیلی وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە ئاماژە بەوەدەدا كە وەرگرتنی قوتابیان هیچ پەیوەندی بەوانەوە نەماوە و بۆ جیاوازی خولی یەكە م و دووەمیش ئەوان هیچ نوسراوێكی فەرمی ئەو وەزارەتەیان لەو بارەیەوە پێنەگەشتووە.
مامۆستایەكی ئامادەیی: جێگای پرسیارە بۆچی بڕیاری جیاوازیكردنی نێوان هەردووخول كەوتە نێوان هەردوو تاقیكردنەوەكەوە
بڕیارەكە لە نێوان ئەرێ و نەرێدا
دەركردنی وەها بڕیارێكی چارەنوسساز كە پەیوەندیدارە بە نیوەی زیاتری هاوڵاتی و خەڵكی كوردستانەوە بیگومان پێویستی بە پلانی درێژ خایەن هەیە لێرەوە لەسەر ئەرێی ئەم بڕیارە مامۆستایەكی ئامادەیی ئاماژە بۆ گونجاوی بڕیارەكە دەكات و جیاوازی ئاستی قوتابی لەنێوان هەردوو خولەكە شیدەكاتەوە وپێشی وایە كە چارەنوسمان بەندە بەبڕیاری لەناكاو، مامۆستا سەردار مەجید ساڵح مامۆستای پۆلی 12 ی ئامادەیی بەشدارێكی ئەم بەدواداچونەی ئێمەیەو لەمبارەیەوە وتی ” بێ گومان كات زۆر گرنگە بۆ وەڵام دانەوەی هەر پرسیارێك لە هەر بابەتێك ،بۆ نمونە ئەگەر پرسیارێك لە دوو قوتابی بكەیت لە هەمان تەمەن و ئاستی خۆیندن بن ئەم قوتابیەی یەكەم جار وەڵام دەداتەوە با بلێن بە 10خولەك قوتابی دووەم بە 20خولەك وەڵام دەداتەوە كەواتە قوتابی یەكەم زیرەك و ژیرترە هەر چەندە من هیچ زانیارییەكم نی یە لە سەر پلانی وەزارەت لە سەر چ بنەمایەك ئەم كارەی كردووە ،بەڵام بە رای من ئەولەویەت بۆ دەچووی خوولی یەكەم كارێكی زۆر باشە بۆ زانكۆو حوكمەت، چونكە ئەم قوتابیەی بە دەوری دووەم و ساڵی دووەم دەردەچێ لە وانەیە كە متر زیرەك تر بێت لە م قوتابیەی لە خوولی یەكەم دەردەچێ رەنگە لە زانكۆ بكەوێت لە جیاتی كۆلیژ بە چوار سال تەواو بكات رەنگە بە شەش سال تەواو بكات دەبیتە بارگرانی بۆ زانكۆ بۆیە دەبێت لە كۆلێژێكی نزمتر واتە ئاستی نزمتر بخۆینی بۆ ئەوەی بتوانی بە ساڵی دیار كراو تەواوی بكات ، هەر بۆیەش واچاكە قوتابی دەرچووی خولی یەكەم زیاترگرنگی پێ بدرێت بۆ ئەوەی ساڵانی ترهەموو قوتابیەك بە خولی یەكەم دەربچێت، دواجار بار گرانی لە سەر وەزارەتی پەروەردە كەم دەبێتەوە ، چونكە ئەگەر قوتابی بە خولی یەكەم دەرچێ ئەوە هەلی مانەوەی بۆ ساڵی دووەم كەمتر دەبێتەوە، بەڵام قەدەری ئێمە هەموو بریارەكانمان لە ناكاوە بێ گومان ئەمە جێگەی پرسیارە دەبوایە وەزارەتی خۆیندنی باڵا پێشتر ئەم بریارەی رابگەیاندبایە، چونكە دواجار هەموو ئەمانە بەزەرەری قوتابی تەواو دەبێت.
چارەنوسی دەیان هەزار قوتابی
چارەنوسی دەیان هەزار قوتابی لەئێستادا نادیارەو دەیان هەزاری تریش كە قۆناغەكانی خوێندنی پێش زانكۆن بێ هیوان ، قوتابییان پەنا بۆكێ بەرن لەكاتێكدا دەیان ڕێكخراوی داكۆكیكار لە مافی قوتابیان هەیە دەبێت بپرسین چییان كردووە ؟ نێچیرڤان حسێن محەمەد سكرتێری یەكێتی قوتابیانی كوردستان لەمبارەیەوە بۆخەبات ئاماژەی بەوەكرد كە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە كاتێكی زۆرنەگونجاوا بڕیارێكی زۆر نادادپەروەرانەی دا بەتایبەتی بڕیاری جیاوازیكردن لە نێوان دەرچووانی خولی یەكەم و خولی دووەم ئەو وتی ” لە مانگی سێی 2018 وەزارەتی خوێندنی باڵا داوایان لێكردین كە بۆچونی قوتابیان وەربگرین بۆئەوەی بزانین چ سیستەمێكی خوێندن باشە بۆوەرگرتن كە زۆرترین قوتابی مافەكانییان دەستەبەر بكرێت بەڵام ئێمە داوای مۆڵەتێكمان لێكردن كە بتوانین بە شێوەیەكی زانستی كار لەسەر ئەو بابەتە بكەین ڕاپرسی و توێژینەوە ئەنجامبدەین كە بتوانین بە شێوەیەكی زانستی و ئەكادیمی زۆرترین قوتابی سوود مەند بێت و كەمترین قوتابی گلەیی هەبێت ، بەڵام وەزارەتی خوێندنی باڵا بە بێ ئەوەی چاوەڕێی وەڵام و پێشنیارەكانی ئێمە بكات لە 3/7/2018 دوای كۆتایی هاتنی تاقیكردنەوەكانی خولی یەكەم ئەو بڕیارەیان دەركرد كە لە%70 كورسییەكانی خوێندن بۆ دەرچوانی خولی یەكەم بێت و %30 بۆ دەرچوانی خولی دووەم بێت ، لە كاتێكا پێویست بوو وەزارەتی خوێندنی باڵا بەفەرمی وەزارەتی پەروەردە ئاگادار بكاتەوە.
نێچیروان ئەحمەد ” وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە كاتێكی زۆرنەگونجاوا بڕیارێكی زۆر نادادپەروەرانەی دا داوادەكەین سەرلەبەری ئەو سیستەمە هەڵبوەشێنرێتەوە .
بەردەوامی هەوڵەكان
دەربارەی ئەوەی كە ئایا لە ئێستاداو دوای ئەو نیگەرانییانەی دروستبووە یەكێتی قوتابییان چی كردووە نێچیرڤان ئەحمەد وتی : ئێمە یاداشتێكمان ئاڕاستەی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی كردووە وە ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیرانیشمان كردووە ، ئاگادارمان كردونەتەوە كە ئەو بڕیارەی دراوە ناداد پەروەری تێدایە پێویستە كار بۆچارەسەركردنی بكرێت ، بەڵام وەڵاممان دەست نەكەوتووە لەگەڵ ڕێكخراوەكانی تری قوتابیان لەكوردستان كۆبونەوەیەكمان ئەنجامدا و یاداشتێكمان ئاڕاستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا كرد وكۆبونەوەیەكیشمان ئەنجامدا كە كۆمەڵیك بەڵێنییان پێداین بەڵام ئەو بەڵێنانەی پێیان داین جۆرێك لەبەلاڕێدا بردن بوو دوو ڕۆژ دوای ئەوە بە شێوەیەكی لەناكاو بڕیاریاندا 16000كورسی خوێندن زیاد بكەن ، ئێمە داوامان كرد ئەو 16 هەزار كورسییە بە شێوەیەكی دادپەروەرانە دابەشبكرێت بەڵام لەو كورسیانە نزیكەی 4000 ی بێ بەرامبەرە ئەوی تر سیستەمی پارالێل و خوێندنی ئێوارانە و بێ بەرامبەر نییە ، ئێمە وەكو یەكێتی قوتابیان داواكارین سەر لەبەری ئەو سیستەمەی هەیە هەڵبوەشێنرێتەوە لەبەر ئەوەی تەنانەت ئەو 28000 ەی كە ناوی گەڕاوەتەوە گلەیی و گازاندە هەیە ، چونكە خەڵكێكی زۆر بە نمرەیەكی زۆر بەرز لە شوێنێكی نزمتر بەبەراورد بە نمرەكەی ناوی گەڕاوەتەوە و مافی سكاڵا كردنیشی نییە.
مامۆستایەكی زانكۆ ” فۆڕمی زانكۆ زۆر ناڕۆشن و ئاڵۆز و تێكەڵە
مێژووی بڕیارەكە
بڕیاری جیاوازیكردنی نێوان هەردوو خول دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژی سێشەممە ڕێكەوتی 3/7/2018 لە میانەی كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت ، دەربارەی ئەوەی كە بۆچی تاكە سیستەمێكی وەرگرتنی ڕێك و پێك لەوەرگرتنی قوتابیان پەیڕەو ناكرێت و قوتابی بەرچاوی ڕوون بێت كە چۆن و بە چ ڕێگایەك خۆی لە زانكۆ یان خواستی خۆیدا ئەدۆزێتەوەوتاچەند هەست بە بێ پلانی ئەكرێت ؟ لەمبارەیەوە ڕۆژگار شێخانی مامۆستای زانكۆ بەشداری ئەم بەدواداچونەی ئێمە بوو لەمبارەیەوە ئاماژەی بەوەدا كە وەزارەتی خوێندنی باڵا هەر ساڵەو بەجۆرێك ڕێنمایی وەرگرتن دەر ئەكات ئەو وتی ” بێگومان لەماوەی ساڵانی رابردوو، وەزارەتی خوێندنی باڵا كۆمەڵێك بڕیارو رێنمایی تایبەت بە شێوازی وەرگرتنی قوتابیانی دەرچووی پۆلی دوازدەی ئامادەیی بۆ زانكۆو پەیمانگاكان دەركردووە، كە هەر ساڵەی بەجۆرێك و بۆتە هۆكاری ناڕۆشنی و ناجۆری ئاسۆی وەرگرتنی قوتابیان لە خواست و داوای شوێنی وەرگرتنیان، كە ئەمەش كاریگەری خراپ لەسەر كوالیتی خوێندنی قوتابی دروست دەكات، بە جۆرێك لە هەندێكجار هەست بە حاڵەتێكی ناسەقامگیری دەروونی دەكات لەماوەی خوێندنی زانكۆیی، من خۆم ئەمساڵ بەشداری ئەو سیمینارەم كرد كە وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ روونكردنەوەی شێوازو جۆری وەرگرتنی دەرچووانی دوازدەی ئامادەیی رێكیخستبوو، لەدوای تەواو بوونی سیمینارەكە پرسیارم لە ژمارەیەكی زۆری بەشداربووان كرد كە سەرجەمیان ئەمساڵ پۆلی دوازدەی ئامادەییان تەواو كردبوو، گرفتیان لە روونكردنەوەو چۆنیەتی پڕكرنەوەی فۆڕمی زانكۆ هەبوو،چونكە زۆر ناڕۆشن و ئاڵۆزو تێكەڵ بوو ، ئەمەش دەمان گەیەنێتە وەڵامی پرسیارەكەی بەڕێزتان كە بەڵێ ئەمە بێ پلانی وەزارەتە بۆ توێژێكی هەستیاری ناو كۆمەڵگەو بۆ دەزگایەكی گەورەی ئەكادیمی دادپەروەری لەوەرگرتن، لە دواین كۆبوونەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بڕیاردراوە كە سێ نمرە جیاوازی بكرێت لە نێوان قوتابیانی قۆناغی یەكەم و دووەم ئەمە لە كاتێكدایە لەسەرەتاوە دە نمرە جیاوازی نێوان هەردوو خول بوو.









